ئیدارەی نوێی ئەمریكا: كوردی باش، كوردی خراپ

رووداو - شرۆڤە

"ژەنەراڵێکی توڕە" دەبێتە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، "سەگێکی شێت" دەبێتە وەزیری بەرگری و "پیاوی نەوتەکە" دەبێتە وەزیری دەرەوە.

ئەمانە نازناوی ئەو کەسانەن، کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستە هەرەگرنگەکانی ئیدارەکەی دیاریکردوون؛ بۆ جیهان مەترسیدار و بۆ کورديش هەم باش و هەم خراپن.

رەنگە قورسترین کات لە مێژووی نوێی ئەمریکا ئەم کاتە بێت، کە کەس نازانێ ئەمریکا بەرەو کوێ دەڕوات، قورسترین کاتە بۆ پێشبینیکردن لەوەی جیهان لە سەردەمی ترەمپدا چی لێدێت. چینی نوخبە لە ئەمریکا لەشۆکدان، چۆن ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی و بڕیاردەدات! 

  کەس نازانێ ئەمریکا بەرەو کوێ دەڕوات 
ئەمریکییەکان هەموو بەیانییەک لەخەو هەڵدەستن، دەبینین سەرۆکی داهاتوویان لە تویتەرەکەیەوە هێرش دەکات: جارێک لە دژی میدیاکان، جارێک لە دژی چین و جارێکيش لە دژی رکابەرەکانی. ئەم شێوە ژیانە بۆ بڕیاردەران و نوخبەی واشنتن تەواو جیاوازە، کەسێک دەبێتە سەرۆک کە تەواو دژی دامەزراوە و پرۆتۆکۆڵەکانە. 

ترەمپ چۆن بووە سەرۆک؟

شەپۆلی پۆپۆلیستی لە جیهاندا رۆژ بە رۆژ لە گەشەدایە. ترس لە تیرۆری ئیسلامی و کۆچبەر بووەتە هەلێک بۆ ئەوانەی دژ بە نەریت و بەهاکانن. خەڵکی ئەمریکا لە ترسی ئەوەی سەقامگیری ژیانیان بەردەوام نەبێت و منداڵەکانیان بە سەلامەتی لە نایت کلەب بێنەوە، ئامادەبوون دەنگ بدەن بە کەسێک کە دەڵێت "نابێ موسڵمان بێتە ئەمریکا و کۆچبەران مەترسین"، ئازادییەکانیش کەمدەکاتەوە. 

هەرچەندە ترەمپ بە کۆکراوەی دەنگ زياتر له دوو ملیۆن دەنگی کەمتر لە رکابەرەکەی (هیلاری کلینتن) هێناوە، بەڵام بەهۆی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە، کە هەر ویلایەتەوە کورسی خۆی بۆ دانراوە، توانی زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت و سەرۆکایەتی بەرێتەوە. 

کێن لە ئیدارەکەیدا؟

پێکهاتەی ئیدارەی ترەمپ لە چاوەڕوانی کەم کەسدا بوون، سێ پۆستی گرنگی ئیدارەکەی جێگەی مشتومڕی زۆرە. 
 سێ پۆستی گرنگی ئیدارەکەی جێگەی مشتومڕی زۆرە

یەکەم، مایکڵ فلین (ژەنەراڵە توڕەکە): راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشە، کە بەهێزترین پۆستی ئیدارەی ئەمریکایە و سەرپەرشتی سیاسەتی ئیدارەکە دەکات و ناڕاستەوخۆ وەزارەتی دەرەوە و پێنتاگۆن و سی ئای ئەی بەڕێوەدەبات و فەرمانیان پێدەکات. رۆژانە کاری سەرۆک دیاریدەکات و لیستێکی دەداتێ؛ چی بکات باشە و چی نەکات، کێ دەبینێ و کێ نابێ ببینێت.

فلین ژەنەراڵێکی خانەنشینە و یەکێکە لە لۆبیستە گەورەکانی حکومەتی ئەردۆغان لە واشنتن. هەزارەها دۆلاری لە ئەنکەرە وەرگرتووە و لە دوایین گوتاریدا نوسیوویەتی، کە دەبێ لە چاوی تورکیاوە لەم ناوچەیە بڕوانن. هەروەها پەیوەندیشی خۆشە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا و یەکێکە لە دژە سەرسەختەکانی ئێران. 
 ژەنەراڵە توڕەکە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشە

فلین لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا رەخنەی زۆری لەسەرە، هەندێک لە کۆمارییەکانیش پێیانخۆش نییە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ناتوانن هیچ بکەن، چونکە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی راستەوخۆ سەرۆک دیاریدەکات و ناچێتەوە کۆنگرێس بۆ دەنگدان لەسەری.

دووەم، رێکس تیلەرسۆن (پیاوی نەوتەکە): هەڵبژاردەی ترەمپە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە سەرۆکی کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت و گازی ئێکسن مۆبیلە.
 وەزیری دەرەوە هاوڕێی نزیکی ڤلادیمیر پوتینە

لەنێو کۆماری و دیموکراتەکان دژایەتی ئەم هەنگاوە دەکرێت و سێ خاڵی سەرەکی لە دژی تیلەرسۆن لە لایەن سیناتۆرەکان و میدیاکانی ئەو وڵاتە بەکاردێن:

1.  چۆن بزنسمانێک دەکرێتە دیپلۆماتی ژمارە یەک، لەکاتێکدا دونیا لە وزەوە دەبینێت نەک بەها جیهانییەکان.

2. ئەم کەسایەتییە هاوڕێی نزیکی ڤلادیمیر پوتینە و مەدالیایی دۆستایەتی لە ساڵی 2013 وەرگرتووە، لەکاتێکدا روونە بەرژەوەندی واشنتن و مۆسکۆ زۆر دژن.

3. تێلەرسۆن ناسەقامگیری دروستکردووە بەوەی بێ ئەوەی گوێبداتە بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرێبەستی نەوتی واژۆکردووە و پایتەختێکی دۆستی ئەمریکای رەنجاندووە.

سێیەم، جێمس ماتس (سەگە هارەکە): پیاوێکی بە ئەزموونی سوپا کە لە عێراق و ئەفغانستان کاری کردووە. سەگە بە واتای ئەوەی یەکێكە لەو ژەنەراڵە دەگمەنانەی کە لە شەڕدا ئازا و هەروەها لە دەرەوەی بەرەکانی جەنگ کەسێکی خوێندەوارە. نزیکەکانی باس لەوەدەکەن کە ژەنەراڵ ماتس لە ماڵەوە تەلەڤزیۆنی نییە، بەڵام کتێبخانەیەکی گەورەی هەیە. هەروەها لەگەڵ ژەنەراڵ پترایۆس ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبووانیان لەنێو سوپای ئەمریکا دوای شەڕی عێراق داڕشتووە. 
  لە شەڕدا ئازا و لە دەرەوەی بەرەکانی جەنگ کەسێکی خوێندەوارە 

جێمس ماتس یەکێکە لەو کاندیدانەی کە هەموو کۆمارییەکان هاودەنگن لەسەری، دڵیان خۆشە کە ئەم ژەنەراڵە دەتوانێ رێگری بکات لە هەندێک کاری ترەمپ و جیاواز لە سەرۆکەکەی بیردەکاتەوە، بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ موسڵمان و ئیسلام و رووسیا و هەروەها دژی بەکارهێنانی ئەشکەنەجەیە لە زیندان و دژی بەشار ئەسەدی، سەرۆكی سووریایە. بەڵام ئەم ژەنەراڵە لە کاتی شەڕدا کتێبخانەکەی لە بیر دەکات و زۆر تووندە. 

ماتس دوو قسەی بەنێوبانگی هەیە؛ دەڵێن لە ئەفغانستان بە سەربازەکانی گوتووە "ئێوە ئێستا دەچن شەڕ لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دەکەن کە ناهێڵن ژنەکانیان دەربکەون، بۆیە کوشتنیان زۆر خۆشە". هەروەها لە ئەنبار خەڵکی کۆکردووتەوە گوتویەتی "من لێرەم ئاشتیم بۆ هێناون، کەرییەتی بکەن هەمووتان دەکوژم".

ئەمریکا و جیهان

دەرچوونی ترەمپ بۆ وڵاتە لیبراڵە دیموکراسییەکانی جیهان هەواڵێکی شۆکبوو. دوای راگەیاندنی سەرکەوتنیشی وڵاتانی ئەوروپا نەیاندەزانی چۆن پیرۆزبایی لێبکەن. تەنانەت فرانسوا ئۆلاند نەیشاردەوە کە قەلەقن و نازانن جیهان بەرەو کوێ دەڕوات. ئەگەر بە قسە و بەڵێنەکانی ترەمپ بێ لە کاتی هەڵبژاردن، ئەمریکا ئیدی نابێتە ئەو ئەمریکایەی جاران خەم لە وڵاتانی دیکە و ئازادی و دیموکراسی بخوات. ئەوانەی دڵخۆش بوون بە سەرکەوتنی ترەمپ بریتیبوون لە: سیسی میسر، نەتانیاهۆ لە ئیسرائیل، ئەردۆغانی تورکیا، کە هەرسێکیان بەهۆی گوشاری ئیدارەی ئۆباماوە لەسەریان بێزاربووبوون.
 سيسى و نەتانیاهۆ و ئەردۆغان دڵخۆش بوون بە سەرکەوتنی ترەمپ

کێشەی دەرچوونی ترەمپ پەیوەندی هەیە بە هەموو جیهانەوە، بمانەوێ و نەمانەوێ ئەمریکا راگری سیستەمێکی نێودەوڵەتییە، کە لە تێكچوونیدا شیرازەی جیهانیش تێکدەچێت.

وەک رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز باسی دەکات، ئەمریکای ترەمپ ئیدی هیچ هێزێکی نییە داوا لە وڵاتانی دیكە بکات مافی مرۆڤ بپارێزن و ئامۆژگاریان وڵاتانی دیکە بكات لەسەر دیموکراسی. بۆ نموونە ئیدی دیپلۆماتە ئەمریکییەکان ناتوانن وەک جاران لە وڵاتانی دیکە بڵێن، مافی ژن بپارێزن لە کاتێکدا سەرۆکەکەیان مەلەفی باش نییە لە پێشێلکردنی مافی ژن. ناتوانن بڵێن رێزی میدیا بگرن لەكاتێکدا سەرۆکەکەیان چەندین میدیای وڵاتەکەی خۆی بایکۆت کردووە و دژایەتییان دەکات. لە هەموو وڵاتێک بە هەرێمی کوردستانیشەوە بوونی ئەمریکا پشتگیرییەک بووە بۆ ئازادی زیاتر و گوشار بۆ دیموکراسی زیاتر. بە هاتنی ترەمپ دیپلۆماتەکانی ئەمریکا ناتوانن موحازەرە و هەڵوێست و گوشار بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بدەن بە گوێی خەڵکی دیکەدا.

وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل دڵیانخۆشە کە ترەمپ و زۆرێک لە نزیکەکانی دژی رێککەوتنی ئەتۆمین لەگەڵ ئێران. بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنە شتێکی ئاسان نییە بۆ ئیدارەی ترەمپ، تاكو بتوانێ تاکلایەنە بڕیاربدات. ئەو رێککەوتنە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و رووسیای لەپشتە و ئێرانیش نایەوێ لەم دۆخەدا بە گژ ئەمریکادا بچێتەوە. بەڵام ئاماژەکان دەریدەخەن، ئیدارەی ترەمپ هەرچەندە لە رووسیا نزیک بێت، بەڵام ئەو ئاسانکارییە نەما کە ئۆباما بۆ ئێران کردی.

ترەمپ و کورد

پێکهاتەی ئیدارەی ترەمپ نیشانی دەدات کە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای 2000 بەرامبەر بە کورد. جارێکی دیکە سەردەمی کوردی باش و کوردی خراپ دەردەکەوێتەوە. کوردی باش بریتی دەبێت لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و کوردی خراپیش مەبەست لێیان پەکەکە و هاوشێوەکانیەتی لە هەر کوێ بن. لەسەردەمی ئۆباما ئەم پۆلێنە نەما و کورد وەک یەک هێز لە هەر چوار پارچە وەک هۆکارێک بۆ ئازادی و دیموکراسی دەبینرا. 
  جارێکی دیکە سەردەمی کوردی باش و کوردی خراپ دەردەکەوێتەوە

 

ئیدارەی ترەمپ (بەتایبەتی ئەو سێ کەسەی پۆستە گرنگەکان پڕ ەکەنەوە) نزیکی ئەنکەرە و دۆستی هەولێرن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە باکوور و رۆژئاوای كوردستانیش ئەمریکا واز لە پشتیوانی کورد بهێنێت و لە هەرێمی کوردستان قەرەبووی بکاتەوە. ئەمەش بە مانای ئەوە نایەت، ئیدی پێمان وابێ سەربەخۆیی و دەوڵەت بەڕێوەیە، تەنیا جیاوازی ئەم ئیدارەیە رەنگە ئەوەبێ لە کاتی راگەیاندنیدا رەنگە زۆر دژایەتی نەکات و بیپارێزێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێ خەیاڵمان وابێ، ئەوان دەوڵەتمان بۆ رادەگەیێنن. کۆمارییەکان بەوە ناسراون لەگەڵ مەرکەزیبووندان (ناوەندێتی) و پەیوەندیی و حەزیان لەگەڵ دەوڵەتە نەک ئەکتەری نادەوڵەت. لە ماوەی كورتخایەت هەر سوودێكی هەبێت، بەڵام لە ماوەی درێژخایەن هیچ گوشارێكی ئەمریكی نامێنێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو شەفافییەت و دامەزراوەیی زیاتر بڕوات.


جیهانی ترەمپ لە 10 خاڵدا

یەکەم: کۆمەڵگەی ئەمریکا و پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە قوڵترین جیاوازی بەخۆیەوە دەبینێت و رکابەری کۆماری و دیموکرات لەلایەك و، جیاوازی نێو کۆمارییەکانیش لە لایەک بە ئاشکرا دەبینرێت. وەک گۆڤاری تایم دەڵێت، ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایەکی دابەشبووە.

دووەم: چاوەڕان ناکرێ ترەمپ ئەم چوار ساڵەی بە ئاسانی بۆ تێپەڕێت و رەنگە لە گەڵ کۆنگرێس و هاوکارەکانی لە کۆمارییەکان پێکدانان رووبدات.

سێیەم: پرۆتۆکۆڵ و دامەزراوە باوەکانی ئەمریکا تووشی شۆک دەبن، سەرۆکێک دەبینن کە تەواو جیاوازە و رۆژێک لە رۆژان سیاسەتی نەکردووە و نامۆیە بە دەزگاکانی واشنتن دی سی.

چوارەم: پەیوەندییەکی ناتەندروست لەنێوان میدیا و دەسەڵات لە ئەمریکا سەرهەڵدەدات، بەو پێیەی ترەمپ رۆژانە هێرش دەکاتە سەر میدیا گرنگەکانی ئەو وڵاتە.

پێنجەم: ئیدی ئەمریکا وەک هێزێکی پشتیوان و گرنتیکەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە جیهان نامێنێت.

شەشەم: لە سەردەمی ترەمپ پەیوەندی واشنتن و مۆسکۆ سەردەمی زێڕین بەسەر دەبەن و، لە بەرامبەردا واشنتن و پەکین تێکدەچن.

حەوتەم: ئیدارەی ترەمپ بە تووندی لەگەڵ هەموو پارتێکی ئیسلامی دەجوڵێتەوە، باوەڕی بە میانڕەو و تووندڕەو نییە و پێی وایە یەک شتن. لەگەڵ رووسیاش پشتیوانی هەر رژێمێك دەكات دژی ئیسلامی سیاسی.

هەشتەم: شەڕی دژی داعش تووندتر دەبێت و ئەگەری دەستوەردانی هێزی زەمینیش هەیە.

نۆیەم: کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل نەک چارەسەر ناکرێت، بەڵكو قوڵتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا ترەمپ بەڵێنیداوە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل بباتە قودس.

دەیەم: پشتیوانێکی باشی هەولێر دەبێت لە ماوەی کورتدا و لە ماوەی درێژیشدا کورد دەبێتە قوربانی سیاسەتی دەوڵەتان.