سزای بکوژی خواناس وریا لە بەندکردنی تاهەتایی کرایە لەسێدارەدان
رووداو دیجیتاڵ
دوای پێداچوونەوە بە بڕیارێکی دادگەی سلێمانی لە دۆسیەی کوشتنی خواناس وریا لە قەزای چەمچەماڵ. دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سزای بکوژەکەی لە تاهەتاییەوە گۆڕی بۆ سێدارە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە، ئەو گەنجە بە رۆژی رووناک کوژراوە.
کاژێر 05:50ـی ئێوارەی 22ـی حوزەیرانی 2023، لە نێوەڕاستی بازاڕی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گوللەی لە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ بەناوی خواناس وریا کرد و کوشتی.
ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسوکاری تاوانباری کوشتنی خواناس وریا دۆسێیەکەیان تەمیز کردەوە و دواجار دادگەی پێداچوونەوە (تەمیز)ـی هەرێمی کوردستان مادەکەی لە تیرۆرەوە گۆڕی بۆ رووداوی کوشتن و سزاکەشی لە زیندانی تاهەتاییەوە کردە سێدارە".
پێشتر بکوژی خواناس بە مادەی تیرۆر سزا درابوو، بەڵام دادگەی پیداچوونەوە سزاکەی گۆڕی بۆ مادەی 406 بڕگەی 1. سەرچاوەکەی دادگە گوتی: "گۆڕینی مادەکە ناڕەزایی کەسوکاری خواناسی لێکەوتووەتەوە، ئەوان دەیانویست مادەکە هەر تیرۆر بێت".
دۆسیەی کوشتنی خواناس کاردانەوەی زۆری لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە و 25-06-2024 دوای ساڵێک و سێ رۆژ لە رووداوەکە، دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری سزای تاهەتایی بۆ بکوژەکە دەرکردبوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە بڕیارەکەیدا بۆ گۆڕینی مادەی سزاکە کە 26-11-2024 دەریکردووە ئاماژەی بەوەکردووە، "بکوژ بە رۆژی رووناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ خواناسی بە گوللـە کوشتووە، دەبێت سزاکەی لە تاهەتاییەوە بگۆڕدرێت بۆ زیاتر" کە لەسێدارەیە.
لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەدا، دادگەی تاوانی سلێمانی 3، رایگەیاندووە، لە سزای هەتاهەتایی زیاتر سێدارەدانە و سزای تاوانبار دەگۆڕن بۆ سێدارە.
خواناس وریا، گەنجێکی شانۆکار بوو لە قەزای چەمچەماڵ، لە دوای کوشتنی، هاوڕێکانی خواناس ئاماژەیان بەوەکرد، هۆکاری کوشتنەکە "پاڵنەری ئایینیی" بووە و بکوژیان بە کەسێکی "پەڕگیر" پێناسە کرد.
خواناس بە نزیکەی 10 گوللـەی دەمانچە کوژرابوو، دوای رووداوەکە هاوڕێکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد، "بکوژ لەژێر کاریگەریی ئایینیی رەوتێکی ئیسلامی"دا ئەو کارەی کردووە.
خواناس وریا تەمەنی 25 ساڵ بوو، ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو باوکی کوڕێک بوو. عەمید محەممەد عەبدی، کە ئەوکات بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بوو، بە رووداوی گوتبوو: "بکوژی خواناس خەڵکی چەمچەماڵە و بۆ دەزگا ئەمنییەکان ناسراوە، هاوڕێی نزیکی کوژراوەکە نییە، بەڵام یەکدیان ناسیوە و پێش رووداوی کوشتنەکە دەمەقاڵێیەکیان هەبووە، بەڵام هێشتا روون نییە لەسەر چی بووە."