گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایی بوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی تەمومژەوە، 11 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دواخران، گەشتەکان ئاسایی بوونەوە.
ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024 سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکان ئاسایی بوونەتەوە و فڕۆکە گەیشتووەتە فڕۆکەخانە و فڕۆکەشمان گەشتی کردووە".
دوایین فڕۆکە لە عەممانەوە کاژێر 09:56ـی ئەمڕۆ گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەو گەشتانەی ئەمڕۆ لە کاتی خۆیان دواخران، زۆرینەیان هاتن و چوون بوو بۆ ئیستەنبووڵ.
لە هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر. بەگوێرەی زانیاریی رووداو، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ گەشتێک بەهۆی کەشوهەواوە دوانەخرا.