شەفافیەت: داهاتی ئەم مانگەی سلێمانی زیاتر لە 58 ملیار دینار بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی ئەم مانگەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 58 ملیار دینار بووە و بەراورد بە مانگی رابردوو حەوت ملیار دینار کەمی کردووە. زۆرترین داهاتی هەفتانەی سلێمانیش لەم هەفتەیەدا بووە، کە گەیشتووەتە 21 ملیار دینار.
بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە 23-11-2024 بۆ ئەمڕۆ هەینی، 29-11-2024، 21 ملیار و 201 ملیۆن و 972 هەزار و 84 دینار بووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی رابردووی هەمان سنوور، 9 ملیار و 198 هەزار و 158 هەزار و 705 دینار بووە و بەراورد بەم هەفتەیە، زیاتر لە 12 ملیار دینار زیادیکردووە، کە بەرزبوونەوەکە دەکاتە زیاتر لە 130%.
بەگوێرەی شەفافیەت کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دایمەزراندووە، داهاتی یەک رۆژی سنوورەکە کە دوێنێ بووە، 2 ملیار و 812 ملیۆن و 769 هەزار و 810 دینارە.
هەر بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگی رابردووی سنوورەکە زیاتر لە 65 ملیار دینار بووە، ئەم مانگەش تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 58 ملیار دینار بووە. واتە داهاتی ئەم مانگە بەراورد بە مانگ رابردوو 7 ملیار کەمی کردووە.
لە داتاکانی شەفافیەتدا هاتووە، داهاتی ئەو سنوورانە ساڵی رابردوو یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 990 ملیۆن و 914 هەزار و 465 دینار بووە و ئەمساڵیش تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 841 ملیار دینارە.
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆدەکرێنەوە.
رۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.