خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان لەگەڵ ئاهەنگی دەرچوونیان خەمی کاریان لێ نیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
هەزار و 365 خوێندکاری بەیانیان و ئێواران لە زانکۆی گەرمیان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 ئاهەنگی دەرچوونیان ئەنجامدا؛ بەشێکیان قسەیان بۆ رووداو کرد و نیگەران بوون لەوەی کاری دڵخوازی خۆیان دەستنەکەوێت.
شێنێ عەلی، دانیشتووی دەربەندیخانە و دوای 22 ساڵ، خوێندنی لە بەشی یاسا تەواو کرد. ئەو هیوای هەیە وەک پارێزەر لە کەرتی تایبەت دابمەزرێت.
شێنێ عەلی دەڵێت، "ئومێدێکم هەیە لەو بوارەی چەند ساڵە خوێندوومە بتوانم بەشێوەیەکی سەربەخۆ وەکو پارێزەر یان هەر کارێکی دیکە لە کەرتی تایبەت بکەم، بەڵام بۆ بەشەکانی جوگرافیا و مێژوو بەداخەوەم [ئەو هیوایەیان نییە]".
بەهات ساڵح دەرچوویێکی دیکەیە و پێش ئەوەی زانکۆ تەواو بکات لە قۆناخی دووەم کاری دەستکەوتووە و دوای دەرچوونی لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
بەهات ساڵح، دەرچووی زانکۆ بە رووداوی گوت، "سوپاس بۆ خوا هەرچەندە ئەم ساڵ دەرچووم، بەڵام ئەمە سێیەم ساڵە وەکو ماموستای ئینگلیزی کار دەکەم".
لەزانکۆی گەرمیان لە ماوەی 10 ساڵ، 10 هەزار و 258 قوتابی لە هەشت کۆلێژ و دوو بەش زانکۆیان تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی وەستانی دامەزراندن لە کەرتی حکومی، 10 ساڵە هیچ قوتابییەک دانەمەزراوە.
خەڵات سەردار، دەرچووی زانکۆ لەبارەی دامەزراندنەوە دەڵێت، "هەلی دامەزراندن بۆ قوتابییانی ئەم ساڵ نییە و لە ساڵی 2013ـەوە هیچ قوتابییەک دانەمەزرێندراوە".
ماموستایانی زانکۆ بۆ چارەسەرکردنی بێکاری دەڵێن، دەبێت هەندێک بەش دابخرێن و بەشی نوێ بکرێنەوە.
سروە عومەر، ماموستای زانکۆیە و لەم بارەیەوە دەڵێت، "هەندێک بەش هەن ماوەی 10 ساڵە دەرچوویان هەیە، بەڵام دەرچووان بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە بێکار ماونەتەوە".
سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی گەرمیان، کار لەسەر ئامادەکردنی قوتابییان بۆ بازاڕی کار دەکات. پار 298 قوتابی لە 72 کۆمپانیا راهێنانیان بینیوە و 60ـیان کاریان دەستکەوتووە.