هۆشیار زێباری هۆشداری لە مەترسیی شەڕی حەلەب بۆ سەر عێراق دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات کە دەکرێت لە ئەنجامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ سەر شاری حەلەب مەترسی لەسەر عێراق دروستبێت. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی داعشیانە لەوپەڕی ئامادەییدان."
لە رۆژی چوارشەممەوە دەستەی تەحریری شام و چەند گرووپێکی هاوپەیمانی دەستیان کردووە بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سووریا، دوای کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە 60 گوند و شارۆچکە لە رۆژئاوای حەلەب، رۆژی هەینی نزیکەی 10 گەڕەکی شارەکەشیان کۆنترۆڵکرد.
دەستەی تەحریری شام گرووپێکی چەکداری دژبەری دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە، پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو و لە بنەڕەتدا لقێکی رێکخراوی قاعیدە بوو، لەگەڵ ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکە کە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا جیابوونەتەوە دەستیان بە هێرشەکە کردووە.
هۆشیار زێباری لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا هۆشداری دەدات لەوەی لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنی حەلەب لە لایەن ئەو گرووپە چەکدارانەوە گرووپی پەڕگیری وەک داعش گەشەبکەن و هەڕەشە لە عێراق بکەن.
هۆشیار زێباری دەڵێت، "هەر ئەم گرووپانە بوون کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەخۆگرت کە لە رێگەی ئەو ژینگەیەوە پەلی هاوێشت و فراوانبوو تاوەکو موسڵ و رەققەی داگیرکرد و بووە هەڕەشەیەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی."
هۆشیار زێباری کە لە کاتی هێرشی داعش لە هاوینی ساڵی 2014 بۆ سەر عێراق پۆستەکەی لە وەزیری دەرەوە گۆڕدرا بۆ وەزیری دارایی، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "رێکاری خۆپارێزی و پێشگیری بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگەنەدات هەڕەشەکە بگاتە سنوور و خاکەکەمان".
هۆشیار زێباری پێیوایە دەستپێکردنی هێرشەکە بە دیاریکراوی لەم کاتەدا "شتێکی نامۆیە."
حکومەتی فیدراڵیی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ قسەیەکی فەرمی لەسەر سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لەنێو سووریای هاوسنووری نەبووە، بەڵام فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی، "جموجووڵی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا پێشهاتێکی مەترسیدارە لە رووی کات، ئامادەیی و چەکدارییەوە کە پێویستی بە وریایی، هۆشیاری و ئامادەیی تەواوە."
شەمەری دەشڵێت، "هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو پۆلەکانیانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی داعشیانە بۆ سەر وڵات و گەلەکەمان لەوپەڕی ئامادەییدان. تیرۆریستان لە هەر کوێیەک بن تێکیان دەشكێنین و ناهێڵین خاکەکەمان پیس بکەن."
راوێژکارەکەی سوودانی داوایەک ئاراستەی سێ پارێزگای زۆرینە سوننەنشینی عێراق دەکات و دەڵێت، "خەڵکەکەمان لە پارێزگەکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەدین، ئێوە لە ژێر پاراستنی خودا و چاودێریی حکومەتەکەمان و بەرگریی هێزە چەکدارەکانماندان، گرنگی بە دەنگۆکان نەدەن و بەردەوامی بە ژیانتان و گەشە و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگەکانتان بدەن"، بەڵام روونی نەکردووەتەوە مەبەستی لە دەنگۆکان چییە.
شەمەری داوا لە خەڵکی ئەو سێ پارێزگەیە دەکات هەر "شتێکی گومانلێکراو"یان بینی دامودەزگەکانی لێ ئاگاداربکەنەوە و "رێگە نەدەن دووژمن لێرە و لەوێ کەلێنەکان بقۆزێتەوە."
ئێرانی هاوپەیمانی حکومەتی دیمەشق پێیوایە ئیسرائیل و ئەمریکا لە پشت هێرشەکەوەن. هێرشەکە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لایەنگری ئێران لە وڵاتەکانی خۆیاندا سەرقاڵی شەڕی دژی ئیسرائیلن.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەسام سەباغی هاوتا سوورییەکەی "جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی ئێران بۆ حکومەت، گەل و سوپای سووریا لە شەڕی دژی تیرۆردا کردەوە" و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی "بە بەشێک لە نەخشەڕێژیی ئەمریکا و زایۆنییەکان دوای ئەو نسکۆیانەی ئیسرائیل لە لوبنان و فەلەستین رووبەڕووی بووەوە" ناوبردووە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە سێ رۆژی رابردوودا لە پارێزگەکانی ئیدلب و حەلەب لانیکەم 277 کەس کوژراون کە 156 کەسیان سەر بە دەستەی تەحریری شام و 93یان سەر بە سوپای سووریا بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت لە رۆژی چوارشەممەوە لە هەردوو پارێزگاکەی باکووری رۆژئاوای سووریا 27 کەسی سڤیل کوژراون.