رۆژی شەممە قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستپێدەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی پلاندانان دەستپێکی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری راگەیاند و قۆناخەکەش بۆ دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری راگەیاند و دەڵێت، رۆژی شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024 دەستپێدەکات.
 
کارزان مەنتک، سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دوایین رۆژی راهێنانە 5 رۆژییەکە بوو بۆ بژمێرەکان کە تێیدا راهێنانیان لەسەر چۆنییەتی پرسیارکردن لە هاووڵاتییان و تۆمارکردنی وەڵامەکان پێدەکرا. ئەو بژمێرانە لە سبەینێ شەممەوە دەست بە قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەکەن."
 
سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری گوتیشی، "بۆ قۆناخی کۆتایی 21 هەزار بژمێر و زیاتر لە 8 هەزار بەڕێوەبەر، جێگرەکانیان و راهێنەران بەشداریی لە پڕۆسەکەدا دەکەن، ئەو هەشت هەزار کەسەش بەشی زۆریان بەڕێوەبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، بەشێکی دیکەشیان فەرمانبەر و راهێنەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی پلاندانانن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پلاندانان، "قۆناخی کۆتایی سەرژمێری بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت کە تێیدا بژمێرەکان سەردانی گشت خێزانەکان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆرمی 77 پرسیارەکە". 
 
پرسیارەکان بریتیی دەبن لە باری دیموگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار و بێکاری، نیشتەجێبوون، کۆچ و هۆکارەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، زانیاری کارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراک، رۆژی لەدایکبوون و ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا، جگە لەوەی سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستییەکانی نێوماڵ پرسیار لە تەواوی خێزانەکان دەکرێت.
 
 وەزارەتی پلاندانان داوا لە سەرجەم خێزانەکان دەکات، "هاوشێوەی قۆناخەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکانمان بن. پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان کەسێکی بەرپرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت، چونکە لە کۆتاییدا دەبێتە مایەی پێشکێشکردنی خزمەتکردنێکی باشتر بۆ هەمووان و هیوادارین هەمووان هاوکاری تیمەکانمان بن لەپێناو سەرخستنی دوا قۆناخی پرۆسەی سەرژمێری."
 
سەبارەت بە هاونیشتمانیتانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "ئەوانەی لە قۆناخی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، پێویست دەکات بۆ قۆناخی کۆتاییش یەک کەس لە ئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەوەش بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و ئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی بێت."
 
20 و 21 و 22ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لەو قۆناخەدا ناوی خێزانەکان تۆمارکران.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە