رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی میکس سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دانرا.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 29ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڕیاری دانانی قەییوومی بۆ شارەوانیی شارۆچکەی میکس بڵاوکردەوە.
شارەوانیی شارۆچکەی میکس لە لایەن دەم پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئایڤاز هازیر، بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی سەرۆک شارەوانیی ئەو شارۆچکەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024دا بەڕێوەچوو بە رێژەی 21.22٪ی دەنگەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "داواکاری گشتیی تورکیا بە تۆمەتنامەی ژمارە 196/2022 داوای 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی ئایڤاز هازیر کردبوو، ئەوەش بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە؛ دادگەی تاوانە قورسەکانیش بە ژمارە 130/2023 داواکارییەکەی پەسند کردووە".
وەک وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنی هازیز دانەخراوە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی بەپێی مادەکانی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا؛ هەروەها بڕیاردرا بە دانانی هاروون ئارسڵانئارگون، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانی بەوەکالەت، ئەوەش بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی شارەوانییەکان".
رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2024 قەییووم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورتی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ دانرا و تێیدا ئەحمەد ئۆزەر لەکارلادرا و بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کەجەکە/پەکەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خێلفەتی لە رووهای باکووری کوردستان دانرا.
رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2024 قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری دێرسم دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ