ئاماری نوێی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 13 گەریلای پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.
رۆژی هەینی، 29-11-2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گیانلەدەستدانی 13 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە ناوچەکانی خواکوڕک و گارە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە راگەیاند.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەر دۆخێکدا بێت بەردەوام دەبن.
ناوەندی چاپ و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە رۆژانی 25-26ی تشرینی دووەم لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی تورکیایان کوشتووە.
ئەم شەڕ و پێکدادانەی سوپای تورکیا و پەکەکە لە کاتێکدایە، سوپای تورکیا لە رۆژی 18ی نیسانی 2022 ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "چنگ- قوفڵ"ی لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.