رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە سوپای عێراقی لە کەرکووک، هێزی بردەوە سەر زەویوزاری جووتیارانی کوردی سەرگەڕان؛ جووتیارێک دەڵێت، ''سیستمی ئاودێریی زەوییەکانیان شێواندووە، بەڵام پارێزگار هاتە سەر هێڵ و هێزەکەیان کشاندەوە".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024، هێزێکی گەورەی سوپای عێراق لە کەرکووک چوونەتە سەر زەویوزاری جووتیارانی کوردی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان و رێگرییان لە کارکردنیان کردووە.
جووتیارێکی سەرگەڕان ڤیدیۆیەکی لە کاتی هاتنی هێزە سەربازییەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە کە هاوکات تێیدا داوا لە رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات، بە هانایانەوە بچن و کێشەی زەویوزارەکانیان چارەسەر بکەن.
جووتیارەکە دەڵێت، ''لەبەر ئەوەی کوردین ئەم هێزە گەورەیان هێناوەتە سەرمان، دەیانەوێت سیستمی ئاودێریی زەوییەکان تێکبدەن".
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەردانی ئەو شوێنەی کردووە کە هێزەکەی سوپای عێراقی لێبووە. محەممەد، یەکێک لە نوێنەرانی جووتیارانی کورد بە پەیامنێری رووداوی گوت، ''بەیانیی زوو یەکێک لە ئەفسەرە سەربازییەکان پەیوەندی پێوەکردم کە ئاگادار بین، هێزێکی تایبەت لە کەرکووکەوە دێت، ئۆتۆمبێلی گەورەیان پێیە و سیستمە ئاودێرییەکانتان دەبەن.''
محەممەد گوتیشی: ''بە فەرماندەی لیوای سنوورەکەم گوت، ئەگەر یەک سیستمی ئاودێری یان هەر کەلوپەلێک لەسەر زەوییەکان هەڵبگیرێت، من سەرووی خۆت ئاگادار دەکەمەوە.''
ئەو جووتیارە باسی لەوە کرد، ''عەرەبی هاوردە خەڵکیان لەپشتە، بۆ ئەوەی لە سنوورەکە کێشە و ئاژاوە بنێنەوە.''
بەگوتەی ئەو نوێنەرەی جووتیارانی سەرگەڕان، هەر ئەمڕۆ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک هاتووەتە سەر هێڵ و سوپای عیراقی هێزەکەی لە سەرگەڕان کشاندووەتەوە.
یەکێک لە جووتیاران دەڵێت، بەر لەوەی هێزەکە بکشێننەوە، کۆمەڵێک بۆڕیی ئاویان لەسەر زەوییەکان شکاندووە و شێواندوویانن، ''بەڵام بە چاوی خۆم نەمبینی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیاندا ببەن.''
یەکێک لە جووتیارانی بەساڵاچووی ناوچەکەش داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەسەریان بێتە دەنگ و گوتی: "ئەگەر تۆ خاکت رۆی، مووچەت بۆ چییە.'' گوتیشی: "ناکرێت لە کەرکووکەوە مەفرەزە بنێردرێت، بۆ ئەوەی رێگری لە کارکردنی جووتیاران بکەن، بەڵام کار دەکەین، بە هەر جۆرێک بێت کار دەکەین''.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هێزەکەی سوپای عێراق بەسەر تەواوی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕاندا سووڕاوەتەوە و جووتیارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت زەوییەکانیان بکێڵن. ئەوە لەکاتێکدایە نووسراوی پارێزگا و فەرمانگەی کشتوکاڵ هەیە کە کارکردن تەنیا لەسەر ئەو چەند پارچە زەوییە تاوەکو یەکلابوونەوەی دۆسیەکانیان رابگیرێت کە ناکۆکییان لەسەرە، بەڵام هێزەکە بە جووتیارانیان راگەیاندووە کە هێشتا ئەم نووسراوەیان بە دەست نەگەیشتووە.
عەرەبە هاوردەکانی سنووری سەرگەڕان لە ساڵی 1975 هێنراونەتە سنوورەکە و زەویی کوردیان بە گرێبەست پێدراوە، هەرچەندە لە دوای ساڵی 2003 قەرەبووی مادەی 140یان پێدراوە، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە گەڕاونەتەوە سنوورەکە و داوای زەویی کورد دەکەن.
کێشەی زەویی جووتیارانی کورد بە تایبەت دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 زیادبوو، کاتێک هێزە کوردستانییەکان لەو سنوورە نەمان، عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس گەڕانەوە بۆ داگیرکردنەوەی زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ