رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان سزای سێ ساڵ و 11 مانگ زیندانیکردن بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی میکسی دەم پارتی دەرکرا.
ئایڤاز هازر، هاوسەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی میکس، رۆژی پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024 بە بڕیاری دادگەی سزا قورسەکانی وان لە دۆسیەیەکدا کە نۆ ساڵ لەمەوبەر لە وان لە دژی کرایەوە، سزا درا.
ساڵی 2015 ئایڤاز هازر، کە ئەوکات فەرمانبەری شارەوانی بوو، سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆمارکرا بە تۆمەتی ئەوەی "ئەندامی پەکەکەیە و بە ناوی ئەو رێکخراوە تاوانی کردووە."
دوای ئەوەی بەهاری ئەم ساڵ ئایڤاز هازر بە سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی میکس هەڵبژێردرا، دادگە بڕیاری لەبارەی دۆسیەکەی دا و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
شارەوانیی شارۆچکەی میکس ساڵانێکی زۆر بەدەست ئاکپارتی بوو. ساڵی 2014 محەممەد غەریب ئایکوت لەسەر لیستی بەدەپە وەک هاوسەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرا. دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کە لە 31ـی ئاداری ئەم ساڵ کرا، بەربژێری دەم پارتی سەرکەوت.
بڕیاری زیندانیکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی میکس لە کاتێکدایە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ حەوت شارەوانیی تورکیا و باکووری کوردستان دانراون، کە پێنجیان سەر بە دەم پارتین و دوانەکەی دیکەیش سەر بە جەهەپەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ