تەمومژ 11 گەشتی فڕۆکەخانەی هەولێر دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و هەبوونی تەمەوە، 11 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دواخران.
 
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەشتەکان بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە دواخراون و هەڵنەوەشاونەتەوە".
 
گەشتەکانی هاتن بۆ هەولێر کە کاتەکانیان دواخراوە ئەمانەن: عەممان – هەولێر. دۆحە – هەولێر و سێ گەشتی ئیستەنبووڵ – هەولێر.
 
هەروەها ئەو گەشتانەی دەبوو لە هەولێرەوە بکرێن و دواخراون ئەمانەن: سێ گەشتی هەولێر – ئیستەنبووڵ. هەولێر – شاریقە. هەولێر – عەممان. هەولێر – دۆحە.
 
بەگوێرەی فڕۆکەخانەی هەولێر، بڕیارە کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەو فڕۆکانەی گەشتەکانیان دواخراوە گەشت بکەن، "ئەگەر دۆخی کەشوهەوا گۆڕانی بەسەردا نەیەت".
 
لە هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر. بەگوێرەی زانیاریی رووداو، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی هیچ گەشتێک بەهۆی کەشوهەواوە دوانەخراوە.
 
هاوکات بە هۆکاری جیا، گەشتێکی ئیستەنبووڵ - هەولێر و گەشتێکی سلێمانی عەممان هەڵوەشاونەتەوە.