تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان: گۆڕانی کەشوهەوا بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی بۆ 350 تۆن کەمکردووەتەوە

29-11-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن هەنگ هەنگوین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێداویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگوین 525 تۆنە، بەرهەمی ئەمساڵیش 350 تۆن بووە، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری هاونیشتمانیان هەنگوینخۆر نین، کار لەسەر ئەوە دەکەن بەشێکی بەرهەمەکە هەناردە بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ هەنگوین 350 تۆن بوو و بەراورد بە پار کەمیکردووە، چونکە پار بەرهەم 800 تۆن بوو. هۆکاری کەمبوونەوەی هەنگوینیش تەنیا گۆڕانی کەشوهەوا بوو کە نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هەنگوین هەبووە".
 
لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار هەنگەوان و 800 هەزار پوورەی هەنگ هەن. عارف شێروانی دەڵێت، "بۆ هەناردەکردنی هەنگوین، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین. دوێنێ لە رێگەی ئەوانەوە سێ تۆن و 467 کیلۆ هەناردەی قەتەر کرا. کار لەسەر هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دیکەش دەکەین. ئەمساڵ بەرهەم کەم بوو، ئەگەرنا خواست لەسەر هەنگوین زۆرە، بەتایبەتی لە کەنداو."
 
عارف شێروانی باس لەوە دەکات، ئەوان پێیان باشە هەنگوین هەناردە بکرێت، چونکە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان هەنگوینخۆر نین و دەڵێت، "8٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەنگوینخۆرە و زۆربەشیان هەنگوین وەکو چارەسەر بەکاردەهێنن. نرخیش رۆڵی خۆی دەبینێت، چونکە لە هەرێمی کوردستان کە هەنگوین دەکڕن، راستەوخۆ پرسیاری نرخ دەکەن، بەڵام لە وڵاتە عەرەبییەکان هەمیشە هەنگوین لەسەر سفرەکانیانە."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمی بازاڕی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان، بە گوتەی عارف شێروانی، نرخی هەنگوینە و دەڵێت، "نرخی هەنگوین گرانە. سێ جۆر هەنگوینمان هەیە. ئەوەی پاڵاوتە کراوە بە 40 هەزار دینارە؛ ئەوەی شانەی بۆ دانراوە بە 50 هەزارە و ئەوەی خۆی شانەی بۆ دروستکرد بێت کیلۆی بە 60 بۆ 70 هەزار دینارە."

 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە