2 کەس لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە زیندانی کران و 33 کەسیش ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان لەو 35 کەسەی بە تۆمەتی پەکەکە دەستگیرکرابوون، دوو کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و33ـەکەی دیکەیان ئازادکران.
رۆژی شەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەو 35 کەسە دەستگیرکران.
تیمەکانی پۆلیس بەرەبەیانی زوو لە شارۆچکەکانی جزیر و سلۆپی لە پارێزگای شرنەخ هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان و دوای دەستبەسەرکردنیان گوێزرانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی شرنەخ.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تشرینی دووەم 13 کەسیان درانە دادگە، دوو کەسیان بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و 11 کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازادکران.
درەنگانی ئێوارەی هەمان رۆژ 22 کەسەکەی دیکە دوای کۆتاییهاتنی رێکارەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس رەوانەی دادگە کران و سەرجەمیان بە مەرجی دادوەری ئازادکران.