پەرلەمانتارێکی عێراق: میلاکی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر بەغدا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەشنووسی هەمواری یاسای زیندانییە سیاسییەکانیان داوەتە ئەنجوومەنی دەوڵەت، دوای پەسندکردنی لە پەرلەمان مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوتا دەکرێت و میلاکەکانیان دەگوازرێتەوە سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق.
 
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەڵەبجە رایگەیاند، "هەڵەبجە کۆمەڵێک قەرەبوو و شایستەی هەیە، کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی بیکاتەوە. یەک لەو قەرەبووانە تایبەتە بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ئەو هاووڵاتییانەی پارێزگای هەڵەبجە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە، پێویستە مافی قەرەبوو وەربگرن و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکار بێت لە پێدانی زەوی پێیان."
 
بەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە، د. موسەننا ئەمین لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە سلێمانی و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوە، وەکو ئاماژەی پێدەدات، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بە تەلەفۆن بەشداریی کرد و دووپاتی کردەوە کە سەرەتای ساڵی داهاتوو لیژنەیەک بۆ وەرگرتن و وردبینیی فایلی ئەو کەسانە دەنێرن کە بڕیارە قەرەبوو لەو وەزارەتە وەربگرن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، داوایان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کردووە لیژنەیەکی هەمیشەییان لە هەڵەبجە هەبێت و پارێزگاری هەڵەبجەش ئامادەیی دەربڕی بۆئەوەی هەموو هاوکارییەکیان بکات لە دابینکردنی شوێن و پێداویستییەکان.
 
مووچەی زیندانییە سیاسییەکان
 
لە یاسای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق، هەموارکراوی ساڵی 2013دا هاتووە، هەموو ئاوارەکانی هەڵەبجە کە لە کیمیابارانەکەدا لەو شارە بوون و ئاوارەی ئێران بوون، مافیان هەیە مووچەی زیندانی سیاسی وەربگرن بە هەموو ئیمتیازەکانیەوە. د. موسەننا ئەمین دەڵێت، "ئەو یاسایە بۆ خەڵکی رەفحا جێبەجێ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ خەڵکی هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە."
 
بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، بیانووی عێراق بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایە، ئەوە بوو کە کەموکوڕیی یاسایی هەیە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، "لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق رەشنووسە هەموارکراوەکەمان ئامادە کردووە و ئێستا لە ئەنجوومەنی دەوڵەتە بۆ پێداچوونەوە و دواتر دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێت."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق روونی دەکاتەوە، "ئەو هەموارەی بۆ یاسای زیندانییە سیاسییەکان کراوە، تەنیا بۆ خەڵکی هەڵەبجە، هەورامان و شارەزوور نەکراوە، بەڵکو هەموو زیندانییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ماف و شایستەکانیان هاوتا دەکرێت لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و دەچنە سەر بەغدا."
 
خۆپیشاندانی مامۆستایان
 
رۆژی 13ـی ئەیلوول، خوێندنی ساڵی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان [بە تەواوی] نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە. موسەننا ئەمین گوتی، ''وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاسانكاریمان بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایان كردووە، چونكە ئەوە مافی خۆیانە بۆ پێدانی مووچەكانیان یەخەی هەردوو حكومەت بگرن.''
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ''هەردوو حكومەت نکۆڵی لە مافەکانی مووچەخۆران دەكەن، لەكاتێكدا داوای مامۆستایان بۆ سێ‌ مووچەی ئەمساڵ بووە.''
 
چارەنووسی سێ مووچەکە
 
لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق دووجار ئەو پارەیەی ناردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوویشدا 700 ملیارەکەی دیکە بنێرێت.
 
بەگوتەی موسەننا ئەمین لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان، ''بەڵام هێشتا سێ مووچەی ئەم ساڵ (10-11-12) دەمێنێتەوە، كە هیچ کام لە حكومەتەکان خاوەندارێتی ناکەن، لەکاتێکدا هەردوو حكومەت لێی بەرپرسیارن''.
 
بەگوێرەی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، لە بەرامبەر پێدانی رۆژانەی 400 هەزار بەرمیل نەوت، بەغدا بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بەڵام بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە، کێشە بۆ بەشەبودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبوو.
 
 ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە كردەوە، ''دوای راگرتنی نەوتەکەی، بەرپرسیارێتی دابینکردنی 80%ی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی بەغدا و کارێکی نایاساییە [بۆ نەناردنی] بودجە بکاتە بیانوو.''
 
رۆژی دووشەممە 27-11-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای سێ 700 ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی مووچەخۆران. وەک د. موسەننا ئەمین گوتی، ''چارەسەرکردنی سێ مووچەكه‌ی ئەم ساڵی فەرمانبەران دەچێتە ساڵی داهاتوو و کاتی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە''.
 
داوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لەپێناو جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە لە خەرجیی راستەقینە، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ''پشتیوانیی هەمواری یاسای بودجە دەكەین لە ساڵی 2024، چونكە مووچەی ئەو سێ‌ مانگە (10، 11 و 12) لە ئەستۆی هەردوو حكومەتە و دەبێ بۆ چارەسەرکردنی هەنگاو بنێن''.
 
یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.