تەرمی دوو کۆچبەری رۆژئاوای کوردستان لە بولگاریا دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی دوو کۆچبەری کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و بولگاریا دۆزرانەوە. هۆکاری مردنی ئەو دوو کەسە تاوەکو ئێستا دیار نییە؛ دوو هەفتە لەمەوبەر ون ببوون.
ئەو دوو کۆچبەرە ناویان عارف محەممەد تاهیر و محەممەد عیزەدین تاهیرە، کە مام و برازا بوون. عیززەدین تاهیر، باوکی محەممەد بە رووداوی گوت، تەرمی کوڕ و براکەی ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی بولگاریان.
بۆ زانینی هۆکاری مردنی ئەو دوو کۆچبەرە کوردەش، کەسوکاری چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دەکەن.
هەردوو کۆچبەرە کوردەکە لە گوندی دووگرێ پەڕیونەتەوە، زیاتر لە هەفتەیەک بوو لەو رێیەدا ون ببوون. عارف محەممەد تاهیر و محەممەد عززەدین تاهیر، دەیانویست لە رێگەی تورکیاوە بچنە بولگاریا، لەوێشەوە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی ئەوروپا.