قایمقامی بنەسڵاوە: بەگوژمەی 10 ملیار دینار پڕۆژەمان جێبەجێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای بنەسڵاوە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەگوژمەی 10 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزارییان جێبەجێکردووە کە زۆرینەی دروستکردنی شەقام بووە. دەشڵێت، "بۆ ساڵی داهاتوو گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە نوێیەکان کاری لەپێشینەیان دەبێت".
جوان رەفیق، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە ماوەی ئەم ساڵ و ساڵی رابردوو، زۆرترین ئەو پڕۆژانەی لە سنووری قەزاکە ئەنجامیانداوە رێگەوبان و دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردنی شەقامەکان بووە، هەروەها پڕۆژەی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی گوڵان تەواوکراون و هیچ گرفتیان نەماوە و هەشت بیری ئاویش هەڵکەندراون.
گوتیشی، زۆرینەی پڕۆژەکانی 2022 و 2023 دروستکردنی شەقام بووە، لەوانە پڕۆژەی شەقامی جووتسایدی دەروازەی بنەسڵاوە [شەقامی سەنتەری لاوان]، شەقامێکی گەورەیە و نزیکەی سێ ملیار دیناری تێدەچێت، تۆڕی ئاوەڕۆ و کارەبای لەگەڵە و ئێستا نزیکەی 80%ی کارەکانی تەواو کراوە، هەندێ گرفتی دارایی هەبوو، لەم رۆژانە دەستپێدەکاتەوە و هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە لە سەرەتای 2024 قیرتاو بکرێت.
قایمقامی بنەسڵاوە ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی ئەم ساڵ و ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی 10 ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێکراون کە بەشێکی زۆریان تەواو بوون، بەڵام هەندێک سستی لەجێبەجێکردنی پڕۆژە و ئیشەکان هەبوون، ئەویش هۆکارەکەی نەبوونی بوودجە و گرفتی نەختینەیی بووە.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن؛ رێگەی بنەسڵاوە-کەسنەزان پردێک دروست دەکرێت و زۆر بە سستی کاری تێدا دەکرێت و ئاستەنگی بۆ دروستکردوون.
جوان رەفیق، قایمقامی بنەسڵاوە دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە گرفتەکەی ئەوەبووە بەڵێندەری پێشوو لە پڕۆژەکە کشایەوە، ئێستا دەستی پێکردووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری بە خێرایی کاری لێدەکەن.
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سنووری بنەسڵاوە، باڵەخانەی دادگەی شارەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە و پێویستی بە نزیکەی 500 ملیۆن دینارە بۆ ئەوەی تەواو بکرێت، هەروەها قوتابخانەیش هەیە هێشتا تەواو نەکراون".
قەزای بنەسڵاوە پێکدێت لە 27 بلۆک، بەشێک لە گەڕەکە نوێیەکان کە لەدوای ساڵی 2014وە فراوان بوون و بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە پڕۆژە خزمەتگوارییەکانیان بۆ بکرێت، دانیشتوانی گەڕەکەکانی گەڕەسۆر و نۆ هەزاری لەسنووری قەزای بنەسڵاوە، لەبارەی خزمەتگوزاری گەڕەکەکانیانەوە، لەرێگەی بەرنامەی مژار، گلەیی لە کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەکەکانیان دەکەن.
قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "بەشی زۆری گەڕەکەکان خزمەتگوزاری تۆڕی ئاو و شەقامیان بۆ کراوە، بەڵام ئەوانەی نوێ دروستکراون بۆ ساڵی 2024 لە پلان دانراون خزمەتگوزارییان بۆ بکرێت و شەقام و کۆڵانەکانیان چاکبکرێت، وەکو گەڕەکەکانی؛ گەڕەسۆر، تەعجیل، نۆ هەزاری و شەقامە ناوخۆییەکانی بنەسڵاوە".
گوتیشی، "هەفتەی رابردوو پلانی پڕۆژەکانی ساڵی 2024مان پێشکێش کردووە و پێشبینی دەکەین نزیکەی 15 ملیار دینارمان بۆ تەرخانبکرێت و ئەو پڕۆژانەی پێشکێشمان کردووە بەگوێرەی ریزبەندی لەپێشینەیی و پێویستی جێبەجێیان دەکەین".