لافاو زیان بە چەند ماڵێکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیێنێت

29-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە هۆی دروستبوونی لافاوەوە لە شاری دێلران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاو چووە نێو ژمارەیەک ماڵەوە؛ هەروەها لافاو زیانی گەیاندە کەرتی کشتوکاڵ و رێگەوبانی شارەکە.
 
لەتیف سادقی، قایمقامی شاری دێلران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی هاتنی لەناکاوی شەپۆلێکی بارانبارین، لە ماوەیەکی کورتدا لە شاری دێلران 10 میلیمەتر و لە ناوچە دەشتاییەکان 13 میلیمەتر باران باری، لەبەر ئەوەش لافاو دروستبوو و بەهۆی بەرزبوونەی ئاستی ئاویشەوە لە چەند شەقامێکی نێو شارەکە، ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروستبوو.
 
بە گوتەی لەتیف سادقی، ئاو چووەتە نێو 5 ماڵەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، لە لایەن مانگی سووری ئیلامەوە دوو تیمی تایبەتی فریاکەوتن بۆ ناوچەکە رەوانە کراون و یارمەتی پێویست بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشکراوە کە ئاو چووبووە نێویان.
 
لەتیف سادقی گوتی، لافاوەکەی دێلران زیانی بە 200 هێکتار زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە گەیاندووە؛ هەروەها رێگەی ژمارەی گوند و سێ پردیش زیانیان بەرکەوتووە.
 
قایمقامی دێلران داوای لە هاونیشتمانییان کرد خۆیان لە چەم و رووبارەکان دووربگرن و لە کاتی بارینی باراندا لەو شوێنانە نزیک نەبنەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاو بەرزە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە