پێشبینی کەشوهەوا: بەیانی زوو شەپۆلی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەیانی زووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.11.2022، بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینى دەکرێت ئەمشەو ئاسمانى هەرێمی کوردستان هەور بێت لەگەڵ بارینى نمەباران، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کاتەکانى بەیانى زوودا شەپۆلی بارانبارین شۆڕ دەبێتەوە و سەرجەم ناوچەکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هەروەها پێشبینى دەکرێت رێژەی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانى دهۆک و ئیدارەى سۆران بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى راپەڕین زیاتر بێت و هەندێک کات هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت لەگەڵ بارینى بەفر لەسەر لووتکەى چیاکانی سەر سنوور."
دوای بارانبارینی چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەیداوە و بەگوێرەی رێژەی باران بارینیش، بەراورد بە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە، ئەمساڵ لە سەرجەم پارێزگاکان زیاتر باران باریوە. هەروەها لە دەشتی هەولێر سێ هەفتە زووتر پەڵەیداوە.
بەگوێرەی رێژەی بارانبارین، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پەڵەیداوە. ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو، تاوەکو 28-11 لە باشووری کوردستان حەوت هێندە زیاتر باران باریوە.
- ساڵی رابردوو لە هەولێر تاوەکو ئەم کاتە تەنیا هەشت ملیمەتر باران باریبوو، ئەمساڵ 48 ملیمەتر باریوە.
- ساڵی رابردوو لە سلێمانی تاوەکو ئەم کاتە 35 ملیمەتر باران باریبوو، ئەمساڵ 93 ملیمەتر باریوە.
- ساڵی رابردوو لە دهۆک تاوەکو ئەم کاتە چوار ملیمەتر باران باریبوو، ئەمساڵ 93 ملیمەتر باریوە.
- ساڵی رابردوو لە کەرکووک تا ئەم کاتە حەوت ملیمەتر باران باریبوو، ئەمساڵ 71 ملیمەتر باریوە.
- ساڵی رابردوو لە هەڵەبجە تاوەکو ئەم کاتە 55 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 86 ملیمەتر باریوە.