فەهمی بورهان: بۆ ماوەی ساڵێک چاودێریی کارەکانی لیژنەی مادەی 140 دەکەین

29-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بە ئومێدەوە لە بڕیاری پێکهێنانەوەی لیژنەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دەڕوانن. دەشڵێت: "بۆ ماوەی یەک ساڵ چاودێریی کارەکانی لیژنەکە دەکەین. چاوەڕوانی ئەوەین لە ماوەی شەش مانگدا بەشێکی باشی ئەرکەکانی لیژنەکە جێبەجێکرابێت."
 
رۆژی سێشەممە، 29-11-2022، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری کاراکردنەوەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەی مادەی 140 کارا دەکرێتەوە. یەکێک لە بنەماکانی جێبەجێکردنی مادەی 140یش بریتییە لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ راپەڕاندنی بنەما و خاڵ و بڕگەکانی مادەکە. دوای ساڵی 2005 تاوەکو ساڵی 2010 لیژنەیەک هەبوو و بەشێک لە کارەکانی راپەڕاند، بەڵام لە ساڵی 2014 بەولاوە لیژنەکە سڕبوو."
 
فەهمی بورهان پێیوایە کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 بەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی نابێت و دەڵێت، ئەو لیژنەیە پێویستی بە بودجەیە و بڕیارە بودجەی خەمڵێندراوی بخرێتە نێو بودجەی ساڵی 2023 و ئەوەش کاتی دەوێت، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر کاراکردنەوەی.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 28.11.2022، کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێکهێنانەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەکی کەوتووە. ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە دروستکردووە".
 
خالید شوانی ئاماژەی بەوە کرد: "دەبوو مانگێک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 دروستبکرێتەوە."
 
ئەندامەکەی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 دروستکراوەتەوە و لە 10 رۆژی داهاتوودا دەستبەکار دەبنەوە.
 
مادەی 140ـی دەستووری عێراق تایبەتە بە چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە، ئەویش بە سێ قۆناخ کە بریتین لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێریی و گشتپرسی. دەستووری عێراق لە 144 مادە پێکهاتووە و لە ساڵی 2005دا گشتپرسی لەسەر کرا و پەسندکرا. 
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەستکردنی جێبەجێکردنی مادەی 140 بە کاتەوە گوتی: "پێشتریش ماوەیەک بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی لیژنەی مادەی 140ـی دەستووری عێراق دانرا و جێبەجێ نەکرا. ئێمە بۆ ماوەی ساڵێک چاودێریی دەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو لیژنەیە چەند لەو ئەرکانەی هەیەتی جێبەجێیان دەکات. چاوەڕوانی ئەوەین حکومەتی عێراق لەماوەی شەش مانگدا بتوانێت بەشێکی باشی ئەرکەکانی لیژنەی مادەی 140ـی ناوچە کوردستانییەکانی جێبەجێکردبێت."
 
فەهمی بورهان پێیوایە، گرفتی مادەی 140 ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2012 بەشێکی هاونیشتمانییان گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و دواتر ئەو هاووڵاتییە عەرەبانەی هێندرابوونە ئەو ناوچانە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام دواتر ئەو عەرەبانە جارێکی دیکە گەڕانەوە و ئێستا هەموو ئامارەکان تێكچوون، بۆیە دەڵێت، ئەرکەکان بەراورد بە پێشتر قورسترن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە