رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رێککەوتنێکی نوێی هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی لە پاش سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزی پاسەوانی سنوور بەشێوەیەکی فراوانتر لەسەر سنوورەکانی ئێران و تورکیا بڵاوەیان پێدەکرێت.
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت وەک گەورەترین هاوپەیمانیێتیی پەرلەمانی عێراق کە لە زۆرینەی کورد و شیعە و سووننە پێکدێت، دووپاتیکردووەتەوە کە رێگری لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دەکەن و رێگەش نادەن خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەوەش پلانەکە وایە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان چەکبکرێن و تەنیا وەک پەنابەر رێگەیان پێبدرێت بمێننەوە.
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەوت دەڵێت، "سنووردارکردنی چەک و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت و چەککردنی ئەو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، جا ئەو لایەنانە، ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیابن یان هی ئێران، پێمان وایە بوونی ئەو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنانە دەبێت لە چوارچێوەیەکی سیاسیدابن کە واتە ئۆپۆزیسیۆنێکی ئاشتیخواز و سیاسی بن، ئەگەر دەیانەوێت لە خاکی عێراقدا بن."
ژمارەیەک خێزان کە بەهۆی هێرشەکانی ئێران و تورکیا زیانیان بەرکەوتووە، چوونەتە بەغدا و داوای قەرەبووکردنە دەکەن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی CPT، بەهۆی هێرشەکانەوە 138 کەس گیانیان لەدەستداوە و 204 کەسیش برینداربوونە.
محەممەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە زیانبەرکەوتووانی بۆردوومانەکان دەڵێت، "سێ لە شەهیدەکان کەسوکاری منن لەگەڵ پێنج لە بریندارەکان لە خێزانی منن. داوامان کردووە هەموو هاوڵاتییانی عێراق یەک مافیان پێبدرێت وەک یەک، وەک ئەوەی پێشووتر لە پەرخ رویدا و قەرەبووکرانەوە، ئێمەش هیوادارین قەرەبوو بکرێینەوە."
بڕیار رەشید، پەرلەمانتار باس لەوە دەکات، "ئێمەش وەک پەرلەمانی عێراق کاری لەسەر دەکەین بەتایبەتی لەسەر یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەربازی و جەنگی و تیرۆر. بەداخەوە کە جیاکارییەک روویداوە، ئەوەی کە هاووڵاتییانی عێراق قەرەبووکراونەتەوە، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی کە خۆیان دانیشتووی ناوچەکانن و خۆیان زیانیان بەرکەوتووە و شەهیدیان داوە، تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە."
بەپێی بەدواداچوونی پەرلەمانی عێراق، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 23 هەزار پێشێلكاری لە لایەن ئێران و تورکیاوە بۆ سەرخاکی عێراق کراون کە لە هێرشەکانیاندا درۆن بەکارهێندراون و تۆپباران و مووشەک ئاراستە کراون، هێرشەکانیش سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ