کۆڕەک و ئاسیا: سەری مانگ 20٪ی نرخی کارت کەمدەکەینەوە


رووداو دیجیتاڵ 

هەردوو کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم و ئاسیا سێڵ رایانگەیاند، لە 1ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، 20٪ی نرخی کارتی مۆبایل کەمدەکەنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 29-11-2022، چاوشین حەسەن، بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، لە سەری مانگی داهاتووەوە، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق جێبەجێ دەکات و نرخی کارت بە رێژەی 20% کەمدەکاتەوە.
 
چاوشین حەسەن گوتی: "بە کەمتر لە نرخی دیاریکراو، کارت بە وەکیل و سوپەر مارکێتەکان دەفرۆشن و ئەوانیش بەو بڕەی دەفرۆشنەوە کە لەسەر کارتەکە دیاریکراوە، واتە کارتێکی پێنج هەزاری بە کەمتر لە پێنج هەزار دەفرۆشنە وەکیل و کڕیارە سەرەکییەکانیان و ئەوانیش بە پێنج هەزار دەیفرۆشنەوە." 
 
هەر رۆژی سێشەممە، تۆفیق شێخانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی راگەیاند: "بڕیاری زیادکردنی باجی 20% فرۆشتنی کۆمپانیاکانی گەیاندن ساڵی 2015 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە درا بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجە هەبوو. ئێمە وەکو کۆمپانیا قازانجێکمان لەو 20% نەکردووە، بەڵکو بۆ حکومەتی عێراق گەڕاوەتەوە. ئێستا کە بڕیاری نەهێشتنی ئەو 20% دراوە، پێش هاووڵاتییان ئێمە خۆشحاڵین بەو بڕیارە." 
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم ئەوەشی راگەیاند: "لە 1ی 12وە لە هەر شوێنێک کارت بە نرخی زیاتر بفرۆشرێت هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵا بکەن و ئێمە ئاگادار بکەنەوە." 
 
هاوکات راگەیاندنی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە 1ـی کانوونی یەکەمی 2022 ــەوە کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانس بەبێ باجی فرۆشتن کە 20%ــە دەفرۆشرێن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-11-2022یدا بڕیاریدا، نرخی کارتێکی پێنج هەزاری لە شەش هەزار و 250 دینارەوە ببێتە پێنج هەزار و کارتی 10 هەزاریش لە 12 هەزار و 500 دینارەوە ببێتە 10 هەزار دینار.
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هیام یاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سوپاس و پێزانین بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پشتیوانیی گەورە بوو لە دابەزینی نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت. گوتیشی: "سوپاس بۆ وەزیرەکان کە دەنگیان بۆ ئەو بڕیارە داوە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە سەرووی هەموویانەوە محەممەد عەلی ئەکبەر مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، کە سەرجەمیان پشتیوانی ئەو بڕیارە بوون." 
 
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە 1-12-2022وە کار بە بڕیاری کەمکردنەوەکە دەکەن. 
  
لە ساڵی 2015ـەوە بەپێی یاسای بودجە، بە رێژەی 20% باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت لە عێراق زیادکرا و لە یاسای بودجەدا جێگیر کرا.
  
وەزیری گەیاندنی عێراق دەڵێت، لە بنەڕەتدا پێویست بوو زیادکردنی ئەو 20%ـەی باجی سەر کارتی مۆبایل کۆمپانیاکان بیدەن، نەک خەڵکی هەژار. دەشڵێت، "بەڵام ئەوکات هاووڵاتییان هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەیان هەبوو کە لەپاڵ دەوڵەت وەستانەوە و لە گیرفانی خۆیان ئەو باجەیاندا، بۆیە ئێستا پێویستە وەڵامێکی جوانی هاووڵاتییان بدەینەوە."
 
رۆژی 7-11-2022، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق پشتیوانی لە هەنگاوی دابەزاندنی نرخی کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل کرد. کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن ئەوکات گوتی: "ئێستا بارودۆخی دارایی عێراق باشە و نرخی نەوت بەزربووەتەوە و داهات باشە، بۆیە کار بۆ ئەوە دەکرێت باج لەسەر کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت."