سەرۆكی پەرلەمان: هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یاسای کاری تایبەت بەخۆی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت‌، بۆ یەكەمجار هەرێمی ‏كوردستان دەبێتە خاوەنی یاسایەكی كاری پێشكەوتووی تایبەت بەخۆی ‏كە لە بڕگەكانی ئەو پڕۆژەیاسایەدا رەچاوی مافەكانی كرێكار‌ و ‏پێوەرەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی كراوە.
 ‏
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ‏راگەیاند، "ئەمڕۆ خوێنەوەی دووم بۆ پڕۆژەیاساكە دەكەین، ‏ئەگەر كارەكان بە باشی بڕۆن، هەفتەی داهاتوو یاسای كار پەسەند ‏دەكرێت. ئەوەش بۆ یەكەمجارە هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ‏پڕۆژەیاسایەكی كاری تایبەت بەخۆی كە پێشتر كار بە یاسایەكی كۆنی ‏عێراقی كراوە".‏
 
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، لە‌و پڕۆژەیاسایەدا ‏بەشێوەیەكی گشتی كاری باش لەسەر مافەكانی كرێكاران كراوە ‌و ‏پێوەرەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتیش بۆ پاراستنی مافەكانیان ‏لەبەرچاوگیراوە. دەشڵێت، لە نموونەی ئەو ماددانەش كە لە بەرژەوەندیی كرێكاراندایە ‏‏"حكومەت پابەند كراوە بەپێی جۆری پڕۆژەكان، هێزی كاری نیشتمانی ‏لە هەموو پڕۆژەكاندا هەبێت، ئەوەیش دواتر بەپێی جۆر‌ و كاری پڕۆژەكە ‏دیاری دەكرێت كە لە سەدا چەندی پڕۆژەیەك كرێكاری نێوخۆیی بێت. ‏جگە لەوە هەر شوێن ‌و كارگەیەكی ئەهلی ناچار كراوە ئەگەر 50 ‏كرێكاریان هەبوو، منداڵی بچووكیان هەبێت دەبێت ئەو شوێنە دایەنگەی ‏تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەگەر لە 50 كرێكار كەمتر هەیبوو، دەبێت لەگەڵ ‏كارگەیەكی دیكە بە هاوبەشی داینەگەیان هەبێت".‏
 
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان كار بە ‏یاسای كاری ساڵی 1971ی حكومەتی عێراق دەكرێت.
 
بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، مۆڵەتی ساڵانەی كرێكار بە مووچەی ‏تەواوەوە كراوەتە نزیكەی مانگێك كە پێشتر لە مانگێك كەمتر بووە. گوتیشی، "بەدەر ‏لەوە كرێكار بۆی هەیە مۆڵەتی چاودێریی منداڵ بۆ ماوەی یەك ساڵ بەبێ‌ ‏مووچە وەربگرێت، ئەوەش نەك ئەو مافە تەنها بۆ ژنە كرێكار بێت، بەڵكو ‏دەكرێت هاوژینەكەی وەریبگرێت، بەپێی بەرژەوەندیی دارایی خۆیان ‏یەكێكیان دەتوانن ئەو مۆڵەتە بێ مووچەیە بۆ ماوەی یەك ساڵ وەربگرن.‏"