رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیێنێت، بۆ یەكەمجار هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی یاسایەكی كاری پێشكەوتووی تایبەت بەخۆی كە لە بڕگەكانی ئەو پڕۆژەیاسایەدا رەچاوی مافەكانی كرێكار و پێوەرەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی كراوە.
رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ خوێنەوەی دووم بۆ پڕۆژەیاساكە دەكەین، ئەگەر كارەكان بە باشی بڕۆن، هەفتەی داهاتوو یاسای كار پەسەند دەكرێت. ئەوەش بۆ یەكەمجارە هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی پڕۆژەیاسایەكی كاری تایبەت بەخۆی كە پێشتر كار بە یاسایەكی كۆنی عێراقی كراوە".
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، لەو پڕۆژەیاسایەدا بەشێوەیەكی گشتی كاری باش لەسەر مافەكانی كرێكاران كراوە و پێوەرەكانی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتیش بۆ پاراستنی مافەكانیان لەبەرچاوگیراوە. دەشڵێت، لە نموونەی ئەو ماددانەش كە لە بەرژەوەندیی كرێكاراندایە "حكومەت پابەند كراوە بەپێی جۆری پڕۆژەكان، هێزی كاری نیشتمانی لە هەموو پڕۆژەكاندا هەبێت، ئەوەیش دواتر بەپێی جۆر و كاری پڕۆژەكە دیاری دەكرێت كە لە سەدا چەندی پڕۆژەیەك كرێكاری نێوخۆیی بێت. جگە لەوە هەر شوێن و كارگەیەكی ئەهلی ناچار كراوە ئەگەر 50 كرێكاریان هەبوو، منداڵی بچووكیان هەبێت دەبێت ئەو شوێنە دایەنگەی تایبەت بەخۆی هەبێت، ئەگەر لە 50 كرێكار كەمتر هەیبوو، دەبێت لەگەڵ كارگەیەكی دیكە بە هاوبەشی داینەگەیان هەبێت".
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان كار بە یاسای كاری ساڵی 1971ی حكومەتی عێراق دەكرێت.
بەگوتەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، مۆڵەتی ساڵانەی كرێكار بە مووچەی تەواوەوە كراوەتە نزیكەی مانگێك كە پێشتر لە مانگێك كەمتر بووە. گوتیشی، "بەدەر لەوە كرێكار بۆی هەیە مۆڵەتی چاودێریی منداڵ بۆ ماوەی یەك ساڵ بەبێ مووچە وەربگرێت، ئەوەش نەك ئەو مافە تەنها بۆ ژنە كرێكار بێت، بەڵكو دەكرێت هاوژینەكەی وەریبگرێت، بەپێی بەرژەوەندیی دارایی خۆیان یەكێكیان دەتوانن ئەو مۆڵەتە بێ مووچەیە بۆ ماوەی یەك ساڵ وەربگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ