هاوژینی ئەو پیاوەی بەهۆی وازهێنان لە جگەرە ئۆتۆمبێلێکی بردەوە: بۆنی خۆی و ماڵیش خۆش بووە

 
رووداو - هەولێر

دڵشاد حسێن بوو بە براوەی خەڵاتی ئەمساڵی پرۆژەی ئانتیتۆباکۆی تۆڕی میدیایی رووداو بە سپۆنسەری کۆڕەک تیلیکۆم. ئەو تەمەنی 41 ساڵە، دانیشتووی گوندی کەلەکین سەرچیای سەر بە ناحیەی خەلیفانە، نزیکەی 25 ساڵ جگەرەی کێشاوە و بەهۆی پرۆژەی ئانتیتۆباکۆوە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە.
 
دڵشاد حسێن، براوەی خەڵات دەڵێت "زۆر رێگامان تاقیکردووەتەوە سەرکەوتنمان بەدەستنەهێناوە، نازانی کلیلی بەختی تۆ لە چیدایە. مەبەستی بەشداریم لەو پرۆژەی ئانتیتۆباکۆ تەنیا ئەوە بوو کە واز لە جگەرە بهێنم و بەپێی رێنماییەکانیش توانیم سەرکەوتووبم، لە خودا بەزیادبێت وازمهێنا و دوێنێ شەویش کە لەو بەرنامە بەشداریم کرد زۆر خۆشحاڵ بووم".
 
دڵشاد لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چوون بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، دواتر بەرەو گوند بەڕێکەوتن، کە گەیشتنە نێو گوندەکە هەر کەسە و بەجۆرێک پیرۆزبایی لێ دەکرد. دڵشاد چوار کوڕ و کچێکی هەیە، فەرمانبەری فەرمانگەی بەرگریی شارستانییە لە خەلیفان. دەریا دڵشاد، کوڕی گەورەی دڵشاد لەبارەی رەنگ و روو و تەندروستیی باوکیەوە گوتی "رەنگی گۆڕاوە و ئێستاش زۆر باشە".
 
شاکر عەبدولخالق هاوڕێی دلشاد حسێنە و دەڵێت "کە گوتی وازم لە جگەرەکێشان هێناوە، سەیربوو بەلامەوە، بەڵام وازیهێنا و سوپاس بۆ خودا زۆر بەهێز بوو و مقاوەمەشی زۆر بوو".
 
جوان سلێمان، هاوژینی دڵشاد دەڵێت "کە گوتی دڵشاد حسێن ساڵح، من لەجێی خۆم شۆک بووم، گوتم باوەڕناکەم. منداڵەکان سەیری منیان کرد و منیش سەیری ئەوانم دەکرد، رێک تاساین. شتێکی زۆر خۆش بوو، قەت تەسەوری ئەوەم نەدەکرد. جگەرە زۆر شتێکی پیسە، پێموایە خەڵک خۆی لێ بەدووربگرن باشە، هەم سییەکان خراپ دەکات و هەمیش ژیانت وێران دەکات. ماڵەکە خاوێن بووەتەوە و بۆنی ماڵ خۆش بووە و بۆنی خۆی خۆش بووە، جگەرە هەر پیسە بە هەر نەوعێک بێت".
 
لە سێیەم ساڵی پرۆژەی ئانتیتۆباکۆ بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە، زیاتر لە 15 هەزار کەس بەشدارییان کردبوو. لە کۆی سێ ساڵی ئەو پرۆژەیە، نزیکەی 30 هەزار کەس بەشدارییان کردووە.
 
پرۆژەی ئانتیتۆباکۆ پرۆژەیەکی دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداوە. ساڵی 2019 کلینیکی ئانتیتۆباکۆش کرایەوە بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەڕێگەی پرۆژەی ئانتیتۆباکۆوە واز لە جگەرە و نێرگەلە بهێنن.