كاتی هەڵبژاردن و چارەنووسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلادەكرێتەوە

29-11-2017
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن هەڵبژاردن سەرۆكایەتی هەرێم
A+ A-

رووداو- سلێمانی

پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووەتە خاڵی هەرە لەپێشی گفتوگۆی نێوان حیزبەكان، ئەوەش دوای سەردانی هەفتەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بۆ سلێمانی و دیداریان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان. چونكە سەرۆكی حكومەت بە گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتووی گوتووە، وەك حكومەت دەمانەوێ  بزانین ئێوە دەتانەوێ كەی هەڵبژاردن بكرێ؟

 
یەكێتی: دەبێ پەرلەمان خولە درێژكراوەكەی تەواو بكات 


مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوت: "سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ئەوەبوو ئەو بابەتە لە كۆبوونەوەیەكدا یەكلایی بكرێتەوە كە هەموو لایەنەكانی تێدابن و بەڕێككەوتن بێت".

گوتیشی، ئەوان وەك یەكگرتوو گرفتێكیان نییە و ئامادەن بۆ هەڵبژاردن بەڵام "دەبێ كۆمسیۆن دەرفەتی ئەوەی لەبەردەم بێ، تۆماری دەنگدەران خاوێن بكاتەوە، هەرچەندە ئەوە مەرج نییە". 
بەڵام لەنێو ئەو پێنج حیزبەی بڕیارە كۆببنەوە، بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی كاتی هەڵبژاردنەكە.

یەكێتی لەگەڵ پێشخستنی وادەكەی نییە

رۆژی 24/10/2017 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەشت مانگ درێژكرایەوە. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێ، مادام ماوەی پەرلەمان بۆ هەشت مانگ درێژكراوەتەوە "مانای وایە هەڵبژاردن ئەو رۆژە ئەنجام دەدرێ كە تەمەنی درێژكراوەی پەرلەمان كۆتایی دێ، ئێمە لەگەڵ ئەو پێشنیازە نین كە بۆ پێشخستنی هەڵبژاردن كراوە، چونكە مادام دەنگمان بە درێژكرنەوەی تەمەنی پەرلەمان داوە، دەبێ پێیەوە پابەند بین"، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی هەروەها دەڵێ: "بەو پەلەپەلە هەڵبژاردن ناكرێ، كۆمیسیۆنیش كاتی دەوێ".

كۆمەڵ ئامادەیە

رێبوار حەمەد، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، پێیوایە مادام هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دواكەوتووە و زەمینەسازی نەكراوە بۆ ئەوەی لەكاتی خۆیدا بكرێ، ئەوان لەگەڵ نزیكترین وادەن، گوتیشی "نزیكترین وادە كەی دیاری بكرێ لەگەڵ ئەوەین، چونكە چارەسەری دۆخی چەقبەستووی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی لە مەترسی، هەڵبژاردنە تاوەكو بەپێی دەنگ و قورسایی لایەنەكان حكومەت پێكبهێنرێتەوە".
 
گۆڕان: پێوستە هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن

بەپێی ئەو زانیارییانەی (رووداو) دەستیكەوتوون، لە كۆبوونەوەی هاوبەشی سەركردایەتیی گۆڕان و یەكێتیدا لە هەفتەی رابردوو، یەكێك لە تەوەرەكانی دانیشتنەكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بووە. یەكێتی پێی باش بووە بزووتنەوەی گۆڕان هاوڕایان بێت لەوەی هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بكرێ‌، گۆڕانیش پێشنیازەكەی پێ خراپ نەبووە، بەڵام ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە رەتدەكاتەوە. 

ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، گوتی: "لەوانەیە ئێستا یەكێتی بەهۆی دۆخی نێوخۆییەوە نەیەوێت هەڵبژاردن پێشبخرێ، بەڵام ئەوەی لای بزووتنەوەی گۆڕان زۆر گرنگە، پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی خاوێنە كە چاودێرانی نێودەوڵەتی چاودێریی بكەن".

بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ كێشەی لەگەڵ هیچ كاتێك نییە بۆ هەڵبژاردن "ئەگەر دەیانەوێ زۆر پێشبخرێ ئێمە ئامادەین، ئەگەر دەشیانەوێ دوابخرێ هەر ئامادەین". فازڵ بەشارەتی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی كە لە رۆژانی رابردوو لەگەڵ دەزگای هەڵبژاردنی حیزبەكەیان بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوەیان هەبووە،  گوتیشی "لای ئێمە گرنگ كاتێكە كە حیزبەكان لەسەری پێكبێن".
 
یەكگرتوو: پێویستە هەموو حیزبەكان لەسەر كاتەكەی كۆك بن

كۆمیسیۆن بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان كردووە لیستی ناوی مردووانیان بۆ رەوانە بكات، بۆ ئەوەی لەگەڵ لیستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق كە پشتی بە پسوولەی خۆراك بەستووە، ناوی مروودان لە تۆماری دەنگدەران دەربهێنرێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی كە دراوەتە (رووداو)، لە چوار ساڵی رابردوودا 75 هەزار و 305 كەس لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك مردوون كە نزیكەی 33 هەزار كەسیان تەمەنیان لە نێوان یەك مانگ تاوەكو 5 ساڵی بووە.

چارەنووسی سەرۆكایەتی هەرێم

بەڵام گرفتێكی ساخنەكراوەی دیكەی بەردەم حیزبەكان چارەنووسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێمە، د.محەممەد عەلی، رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ پڕۆژە هاوبەشەكەیان لەگەڵ سێ حیزبەكەی دیكە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی "ئەگەر پرسی سەرۆكی هەرێم زیندوو بكرێتەوە، دەبێ دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بن و لەناو پەرلەمان هەڵبژێردێ، بەڵام من پێموایە ئەو پۆستە هەر زیندوو نەكرێتەوە".

گوتەبێژی ئەنجوومەنی
 
كۆمەڵ: ئێمە لەگەڵ نزیكترین وادەین بۆ هەڵبژاردن
سیاسی كۆمەڵی ئیسلامیش رێككەوتنی نێوان لایەنەكان بۆ ئەو پرسە بە گرنگ دەزانێ، هەرچەندە دەڵێ، ئێمە رامان لەو بارەیەوە روونە و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسیمان كردووە بۆ پەرلەمانی. بەڵام مستەفا عەبدوڵڵا ئاماژە بە یاسای هەڵبژاردن دەكات كە بەپێی ئەو یاسایە دەبێ هەردوو هەڵبژاردنەكە پێكەوە بكرێن "بەڵام هەر دەبێ رێككەوتنی لەسەر بكرێ، چونكە ئێستا زۆر كەمتر حیزبەكان باسی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكەن".

گوتیشی: "بڕیارە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بۆ یەكلاكردنەوەی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم بكرێ‌".

بەڵام پارتی رایەكی دیكەی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە هەیە، فازڵ بەشارەتی دەڵێ: "هەردوو هەڵبژاردنەكە بەیەكەوە دەكرێ، هەركات سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا، هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هەڵنەبژێردرا، بە رێككەوتن لەگەڵ حیزبەكان ئەوە چارەسەر دەكرێ". هەرچی فەرید ئەسەسەردە، رای وایە مادام پۆستەكە ماوە و هەڵپەسێردراوە و دەسەڵاتەكانی دابەشكراون "ناكرێ ئێمە سەرۆكێكی بێدەسەڵات هەڵبژێرین، رای حیزبەكان روونە لەوبارەیەوە، ماوەتەوە پارتی رای كۆتایی خۆی لەسەر سیستمی سیاسی بدات".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە