لە پێنج ساڵی رابردوودا 25 هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆماركراون

رووداو – سلێمانی

ئامارەكان دەریدەخەن كە هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە كوردستان، بەرهەمدار نەبوون و رۆڵێكی ئەوتۆیان نەبینیوە لە كەمكردنەوەی ئەو توندوتیژییە، چونكە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 25 هەزار حاڵەتی توندوتیژی لە دژی ژنان تۆمار كراون.

رۆژی یەكشەممە، 27ی نۆڤەمبەری 2016، چالاكییەكانی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای خانمان و چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی پەیوەندیدار و رێكخراوە نێوخۆییەكان لە شاری دهۆك دەستی پێكرد و تاوەكو 11/12/2016 بەردەوام بێت.
ماوەی حەوت ساڵە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە 25ی نۆڤەمبەردا بەڕێوەدەچێ‌، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پشووی هەینی و شەممەوە خرایە 27ی نۆڤەمبەر.

چالاكڤانان بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەو چالاكییە هەیە و هەندێكیان پێیانوایە تەنیا رۆتینە. ژنانیش لە بایەخی چالاكییەكە كەم دەكەنەوە و دەڵێن تەنیا بۆ وێنەگرتنە.
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە ئەو چالاكییە بەڕێوەدەچێ‌، ئامارەكانی توندوتیژیی دژی ژنان گۆڕانكاری ئەرێنییان بەسەردا نەهاتووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە ساڵی 2008 تاوەكو 2015 بڵاوكراونەتەوە، جگە لە ساڵانی 2010 و 2011، ئامارەكان بەردەوام روویان لە هەڵكشان بووە.

بۆ نموونە لە ساڵی 2009 تەنیا 128 حاڵەتی توندوتیژیی دژی ژنان لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و گەرمیان تۆمار كراون، بەڵام ساڵی 2012 ژمارەكە بۆ 4645 حاڵەت زیادی كردووە. ساڵی 2013 بۆ 5308 حاڵەت زیادی كردووە، هەروەها لە ساڵی 2014دا 7193 حاڵەتی توندوتیژی و ساڵی رابردووش 8000 حاڵەت تۆمار كراوە.

ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ئاماژە بەو هۆكارەكانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان دەكات و دەڵێت "دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان و رێكخراوەكان كە ئیش لەسەر پرسی ژن دەكەن، ئاگایان لە یەكدی نییە، هەریەك لەو دەزگایانە ئیش لەسەر پرسی رۆژ دەكەن و بیر ناكەینەوە لەوەی بەپێی پلانێكی تۆكمەی هەمەلایەن پێشبینی ساڵی داهاتوو بۆ كەمبوونەوەی توندوتیژییەكان بكەین، بۆیە توندوتیژی بەلامانەوە بووەتە حاڵەتێكی ئاسایی".

بەبڕوای ئاری، هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توندوتیژی نەبووە. ئاری گوتی "ئەو هەفتەیە بووەتە كارێكی رۆتین".

بەڵام پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای خانمان كە ئەندامی لیژنەی چالاكییەكانی هەفتە یادەكەشە، رەتیكردەوە چالاكییەكان رۆتینی بن و بە (رووداو)ی گوت "نەخێر تەنیا رۆتین نییە. ئەو هەفتەیە بۆ پێداچوونەوەیە بە كارەكانماندا".

 پەروین پێیوایە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئامانجی خۆی پێكاوە "بەدڵنیاییەوە كاریگەری هەیە، بەڵام نەك 100%، چونكە كارەكانمان بەردەوامە و رەنگە كاریگەرییەكەش رێژەیی بێت".

سەیوان رۆستەم، بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی ژنانی كوردستان پێیوایە توندوتیژی بە یادكردنەوە و هەفتەیەك چالاكی كۆتایی نایەت، بەڵام ئەو هەفتەیە بۆ یەكخستنی هەوڵەكانە لە دژی توندوتیژی و بیرخستنەوەیەكی جیهانییە بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی.

ساڵانە چەندین ژن بەتایبەتی لە گەڕەك و ناوچە هەژارنشینەكان پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن، یان دەكوژرێن. لە بەرامبەریشدا كۆنفرانس و هەفتە چالاكییەكان لە هوتێلە پێنج ئەستێرەییەكان بەردەوامن، ئەوەش بووەتە جێی رەخنە.

حەیات مەجید، بڕیاردەری لێژنەی كاروباری ژنان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "باشتر وایە لە هەفتە چالاكییەكاندا كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ مافەكانی ژنان لەڕووی یاساییەوە تەنیا بۆ نوخبەی ئافرەتان نەبێت، بەڵكو ئەو چالاكییانە بۆ ئافرەتانی ناحیە و قەزا و گەڕەكەكان شۆڕ ببنەوە".

تەنیا بۆ فەیسبووكە

ژنە فەرمانبەرێك لە گرنگیی چالاكییەكانی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان كەم دەكاتەوە و پێیوایە تەنیا بۆ خۆدەرخستنی چالاكڤانانە.

تریفە ئەبوبەكر، 32 ساڵ كە فەرمانبەری فەرمانگەیەكی شاری سلێمانییە، بە (رووداو)ی گوت " هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نەك ئەنجامی باشی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی نەبووە، بەڵكو كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توندوتیژیش نەبووە. ئەو هەفتە چالاكییە تەنیا بۆ ئەوەیە چالاكڤانانی ژنان وێنەی تێدا بگرن و لە فەیسبووك بڵاوی بكەنەوە".