مامۆستایانی کەلار: لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین

29-11-2016
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن کەلار
A+ A-

رووداو - کەلار

بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و جەختیان لەسەر بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن کردەوە.


هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری (رووداو) لە کەلار رایگەیاند"بەشێک لە مامۆستایانی سنووری کەلار گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداو پەیامی مامۆستایان بۆ حکومەت ئەوبوو، کە ئەوان دەوام لە بەرامبەر مووچە دەکەن، ئەگەر مووچەیان پێ نەدرێت دەرگای قوتابخانەکان ناکەنەوە".

مامۆستا دلێر، یەکێک لە نوێنەرارانی مامۆستایانی خۆپێشاندەر، لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەوەی ئێستا هەیە دەلالەتە لە بایکۆتکردنی دەوام لە گەرمیان، سلێمانی، چەمچەماڵ و ئەو دەڤەرانەی بە دەڤەری بایکۆت ناسراوە و بایکۆت تێیاندا بەردەوامە".

مامۆستا دلێر، دەڵێت "پەیامی ئێمە روونە، ئەویش دەستهەڵگرتنە لە پاشەکەوتی مووچە و پێدانی مووچە لە 30 رۆژ جارێک، بەڵام بەداخەوە ئەو بێباکییەی لەلایەن دەسەڵات و حکومەت و وەزارەتی پەروەردە هەیە، تاوەکو ئێستا کەم کەم دێنە پێشەوە، بۆیە ئەوە مامۆستایانی نیگەران کردووە".

ئەو نوێنەرەی مامۆستایان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ئاماژە بەوەش دەکات کە "تاوەکو حکومەت بە فیعلی گوێ لە داواکارییەکانمان نەگیرێت، ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە