رووداو- هەولێر
عارف قوربانی رایدەگەیەنێت، ئەو بۆڕییە نەوتییەی کە بڕیارە نەوتی هەرێمی کوردستانی لێوە هەناردە بکرێ، یەکێکە لەو پێگە بەهێزانەی کە خەونی لەمێژینەی گەلی کورد، یاخود بناخەی دەوڵەتی کوردی لەسەر بینا بکەین.
عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەڤان بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و ئاماژەی بەوەدا، بەوپێیەی کوردستان بە درێژایی مێژوو داگیرکراوە و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، داگیریان کردووە، ئێستا ئابووری دەتوانێ ببێتە هۆکارێک بۆ رزگاری ئەم نەتەوەیە".
قوربانی دەڵێت، لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانە لە کاریگەری ئابووری بەسەر رزگاری نەتەوەیی تێگەیشتوون، بۆیە لە هەرچوار پارچەی کوردستان هیچ کارگەیەک دانەنراوە، زۆربەی کات ئەو کەرەستە خاوانەی بەکارهاتوون لەسەر خاکی کوردستان بووە، ئامادەی ئەوە بوونە بە تێچوونێکی زۆر ئەو کەرەستە خاوە بگوازنەوە، بەڵام کارگەکانیان نەهێننە سەر خاکی کوردستان.
قوربانی جەخت دەكاتەوە، میدیای کوردی رۆڵێکی زاڵمانەی لەگەڵ پرسی نەوت كردووە، بەو مانایەی کە وەکو پرسێکی نیشتمانی مامەڵەمان لەگەڵ نەکردووە، لە هەندێ بواردا بەجۆرێک تەسخیف کراوە، لە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی گەورەوە کراوەتە یەکێک لەو کاڵایانەی کە وەکو مەینەتییەک پیشانی خەڵکی کوردستان دراوە. ئەو نەشیشاردەوە بەشێکی دیكە لەو پرسە پەیوەندی بە ناشەفافی سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا.
لەبارەی ئەوەش كە راكێشانی بۆڕی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كاردانەی زۆری لێكەوتووەتەوە، قوربانی گوتی " لەبەر ئەوەی راکێشانی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان نەیاری زۆرە، دەبێ لەوە تێببگەین کە بۆ کورد بایەخی زۆرە، جیا لەوانەی هەڵوێستیان هەبووە، رەنگە خەڵکانێک هەبن کە ئێمە تاوەکو ئێستا لەرێگەی میدیاوە هەڵوێستیان نازانین، رەنگە ئەوانیش لە رێگەی خۆیانەوە و لە کەناڵی جیاواز خەریکی دانانی بەربەست و دروستکردنی کێشەبن بۆ ئەم پرسە".
ئەو پێیوایە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی نەوت، دەبێ نەوت هەرزانفرۆش بکات، لەپێناوی ئەوەی بەرژوەندی بۆ وڵاتان لە کوردستان دروست بکرێ، هاوکات ئەو کۆمپانیا گەورانەی لە عێراق کار دەکەن دەبێ بەجۆرێک تەماحیان بخرێتە بەردەم کە واز لە بەغدا بهێنن و روو لە هەرێـمی کوردستان بکەن.
ئەم نووسەر و رۆژنامەڤانە بۆچوونی خۆی لە (هەرزانفرۆشکردنی نەوت) زیاترخستەڕوو و گوتی "لە ئەنجامی شکستی دەوڵەتی عوسمانی ئێمە لە باکووری کوردستان جیابووینەوە و بە ناچاری بەسەر وڵاتێکی خێڵەکی عەرەبی وەک عێڕاق دابڕاین کە 85 ساڵە لە سالی 1927ـەوە نەوتی کەرکووک دەردەهێنێ و دەیکاتە چەک و بۆمبا و بارووت و بەو میللەتەوەی دەنێ".
هەروەها قوربانی گوتیشی "لەناو کۆمەڵگەی عەرەب هەمیشە ئەگەری دروستبوونەوەی سەدام لەئارادایە، کورد ناکرێ هەمیشە باجی ئەوە بدات کۆمەڵگایەک هەبێت قەبووڵی نەبێت، ئەگەر بەدوای دەروازەیەکدا بگەڕێین رزگارمان بکات لە نەتەوەی عەرەب و دوو بەشی کوردستان (باشوور و باکوور) یەکبگرێتەوە، هەزار جار من لەگەڵ ئەوەم".
هاوكات سەردار پشدەری، پسپۆڕی بواری نەوت لەمەڕ پرسی نەوت و گواستنەوەی لە رێی توركیاوە بۆ جیهان گوتی "ئێمە وەکو کۆمەڵێک زانا و پسپۆڕ لەساڵی 1991 پرۆژەی ئابووری نەوتمان هێنایە کایەوە، کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان بوو، نەک هەر تەنیا بۆ بەڕێکردنی ناردنی نەوتەکە بووبێت".
پشدەری دەڵێت "ئەوانەی لە دەوروبەری مام جەلال و کاک مەسعود بوون ئەو پرۆژەیەی ئێمەیان بەلارێدا برد، ئەگەر نا لەساڵی 1991 دنیا لەگەڵ کورد بوو، بڕیاری ئەوەش درابوو ئەو نەوتە ناوبنرێ kurdoil و بەشی هەموو خەڵکی کوردستان وەکو یەک بێت".
ئەم پسپۆڕەی بواری نەوت پێیوایە، نەوتی کوردستان بە تورکیا دەرنایەت و ناتوانێ تەداخولی تێدا بکات و دەستوەربداتە ناوی، ئەلتەرناتیڤی ئەمەش ئەوەیە کە لە نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵەکراوە و دەبێ کارێكی باشتر بدۆزرێتەوە، کە من پێم وایە رێگاکەم پێیە.
پشدەری دەشڵێت "من گۆڵبەگیانی نەوتی کوردستان، هەر پەیمان و رێککەوتنێکی نەوتی لە رێگەی منەوە نەکرێ بەتاڵە، لەبەر ئەوەی من داڕێژەری پڕۆژەی نەوتی کوردستانم و پشتیوانی و شەرعیەتی نێونەتەوەیی بەمنە".
زیاتر گوتیشی "من دەتوانم کۆمپانیای زۆر گەورەتر لە ئێکسۆن مۆبیل بهێنمە هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن پەیوەندییان لەگەڵ من هەیە، کۆمپانیای ئۆکسێدێنتاڵ ئەمریکا چرای سەوزی بۆ هەڵکرد کە بێتە هەرێـمی کوردستان".
ئەو باسی ئەوە دەكات، لەکاتێکدا بە بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانی گوتووە كە شەرعیەتی نێو دەوڵەتی و نامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پێیە لەبارەی پرسی نەوت، بەڵام لە گەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی1992، فواد مەعسوم و جەوهەر نامیق پێیان گوتووە نابێت باس نەوت بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ