شارەوانیی سلێمانی: هەر بەربژێرێک پۆستەرەکەی لێنەکاتەوە، تێچووی لێکردنەوەکەی لێوەردەگرین

رووداو دیجیتاڵ

دوای 9 رۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا بەشێکی پۆستەری حیزب و بەربژێرەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکاندا ماون. کۆمیسیۆنیش 30 رۆژ وادەی بە حیزبەکان داوە تاوەکو سەرجەم پۆستەرەکانیان لێبکەنەوە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2024) زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی حیزب و بەربژێرە سەربەخۆکان پۆستەرەکانیان لێکردووەتەوە و بەشێکیشیان ماون، بەڵام بە گشتی چاوەڕێی تەواوبوونی مۆڵەتە 30 رۆژیەکەی کۆمیسیۆن دەکەین، دوای ئەوە؛ هەر لایەنێک لێی نەکردبێتەوە، تیمەکانی شارەوانی لێیان دەکەنەوە، پاشان دەبێت حیزب و بەربژێرەکان تێچووەکەی بدەن."
 
هەروەها مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن بە رووداوی گوت "لە هەندێک شوێن بۆ گەڕاندنەوەی سیمای جوانی شار، شارەوانی خۆی دەستیکردووە بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان، لە هەندێک شوێنیش هاونیشتمانیان لەپێناو کۆکردنەوەی ئاسنی پۆستەرەکان و فرۆشتنیان، بەشێکی زۆری پۆستەرەکانیان لێکردوونەتەوە."
 
هاوکات خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گشتی نزیکەی 90٪ـی پۆستەرەکان لەلایەن شارەوانی، حیزب و بەربژێرەکانەوە لێکراونەتەوە و دەستپێشخەرییان بۆ پاککردنەوەی شار کردووە."
 
بانگەشەى هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 25ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و لە 15ـی تشرینى یەکەم کۆتاییهات، 18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و 20ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى گشتى بەڕێوەچوو.