رێکخراوی CPT: ئەمساڵ 17 هاونیشتمانی بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە شەهید بوون

29-10-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) دەڵێت، تەنیا نۆ مانگی ئەمساڵ تورکیا زیاتر لە تەواوی ساڵی رابردوو، ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە؛ کە "بەهۆیانەوە 17 هاونیشتمانی شەهید بوون." 
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، تورکیا نزیکەی هەزار و 600 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە، لەکاتێکدا بە درێژایی ساڵی رابردوو هەزار و 548 جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردبوو."
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە ئەمریکییەکە بۆ رووداو، کە بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات "ئەمساڵ بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە؛ 17 هاونیشتمانی شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون." 
 
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەیدانی سەردانی سنووری قەزای ئامێدی و دەڤەری بادینانیان کردووە، دەڵێت "تەنیا لە یەک هەفتەی رابردوودا سوپای تورکیا 27 جار سنووری گارەی لە پارێزگای دهۆک بۆردوومان کردووە." 
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی شەش، "سوپای تورکیا 1076 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە؛ 93%ـی ئەو هێرشکردنە بە فڕۆکەی جەنگی بووە؛ ئەوەی دیکە بۆردوومان بە درۆن و تۆپباران بووە."
 
بەگوێرەی (CPT)، زۆرینەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون، بەتایبەت لە سنووری چیاکانی گارە و مەتین. ئەو گوندانەی ئەم ساڵ زۆرترین بۆردوومان و تۆپباران کراون لە سنووری چیای گارە، بریتین لە: گوهەرزێ، بەرچێ، بەلاڤا، کانێ، ئاشکێ بێرێ، سەرگەلێ.
 
بەشێکی دیکەی ئەو گوندانەی سنووری پارێزگای دهۆک کە لە سنووری چیای مەتینن و بەر بۆردوومان و تۆپباران کەوتوون بریتین لە مژێ، کەڤنەمەژێ، سپیندارێ، دێرەشێ، گیرگاشێ.
 
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە 170 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
سوپای تورکیا لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەوە، بە پاساوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە