شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی تورکیا کرد
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی تورکیا دا کرد کە لەلایەن کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتەوە رێکخرابوو.
شاندەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە فهوزی ههریری، سەرۆکی دیوان و د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرۆکایەتی.
لە رێوڕەسمەکەدا، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی رۆژی نیشتمانیی تورکیای لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا و ستافی کونسووڵخانە کرد و "هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کارەکانیاندا، بۆ خواستن".
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "لای خۆیەوە تۆپچۆ، سوپاسی بەشداریکردنی شاندی سەرۆکایەتی لە رێوڕەسمەکەیاندا کرد و جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا، کردەوە".
لە رێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی ڤیدیۆیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەخش کرا. لە بەشێکی گوتارەکەدا، ئەردۆغان گوتی: "لەماوەکانی رابردوو دا بە پاڵپشتیی گەلەکەمان، دەستکەوتی زۆر گرنگمان بەدەستهێناوە بە قوربانیی گەورە، تەنها چەند بەربەستێکی کەممان ماوە دەبێ تێیپەڕێنین و چەند کێشەیەکی کەم ماون چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی ئەو داهاتووە گەشە بەدەستبهێنین کە ناومان ناوە سەدەی تورکیا".
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، "ئاگاداری ئەو سەختییانەین کە لە 6 ساڵی رابردوودا بەرۆکی میلـلەتەکەمانی گرتووە.. دەبێت گشت تواناکانمان بەکاربهێنین بۆ ناشتنی بەڵای تیرۆر کە 40 ساڵە وزەمان بەهەدەر دەدات و برایەتیمان دەشێوێنێت و سەرقاڵمان دەکات و لە ئامانجەکانمان دوورمان دەخاتەوە".
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، باشترکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکان لە پایە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەماندایە. گوتیشی، "لەو چوارچێوەیەشدا گرنگییەکی زۆر بە هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەدەین."
لە باسی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتیشدا، کۆنسووڵی تورکیا پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەڕێوەبردنی "هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو". گوتیشی، "لەپێناو ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، هیوادارین بە زووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت."