رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بەشداری لە رێوڕەسمی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانیی تورکیا دا کرد کە لەلایەن کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتەوە رێکخرابوو.
رێوڕەسمەکە لە هۆتێل دیڤان لە هەولێر بەڕێوەچوو. جگە لە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکەی حیزبی و حکومی تێیدا بەشداربوون.
لە رێوڕەسمەکەدا، گوتارێکی ڤیدیۆیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەخش کرا. لە بەشێکی گوتارەکەدا، ئەردۆغان گوتی: "لەماوەکانی رابردوو دا بە پاڵپشتیی گەلەکەمان، دەستکەوتی زۆر گرنگمان بەدەستهێناوە بە قوربانیی گەورە، تەنها چەند بەربەستێکی کەممان ماوە دەبێ تێیپەڕێنین و چەند کێشەیەکی کەم ماون چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی ئەو داهاتووە گەشە بەدەستبهێنین کە ناومان ناوە سەدەی تورکیا".
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، "ئاگاداری ئەو سەختییانەین کە لە 6 ساڵی رابردوودا بەرۆکی میلـلەتەکەمانی گرتووە.. دەبێت گشت تواناکانمان بەکاربهێنین بۆ ناشتنی بەڵای تیرۆر کە 40 ساڵە وزەمان بەهەدەر دەدات و برایەتیمان دەشێوێنێت و سەرقاڵمان دەکات و لە ئامانجەکانمان دوورمان دەخاتەوە".
ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رایگەیاند، باشترکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکان لە پایە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەماندایە. گوتیشی، "لەو چوارچێوەیەشدا گرنگییەکی زۆر بە هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان دەدەین."
"لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق پەیوەندییەکی قووڵ و بەهێزمان هەیە و کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنی"
لە باسی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتیشدا، کۆنسووڵی تورکیا پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەڕێوەبردنی "هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو". گوتیشی، "لەپێناو ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، هیوادارین بە زووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت."
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتارێکی پێشکێش کرد. رایگەیاند، "لە رۆژانی رابردوودا چەند هەواڵێکی ئەرێنیمان گوێ لێبووە لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا، هیوادارم ئەوە رووبدات و ئەو بازنەی تووندوتیژییەی زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە، کۆتایی پێبێت".
ئەوەشی گوت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا پاڵپشتیی ئەو پرۆسەیەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ