نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەکیم: عێراق لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نەگلێت و لە لێکەوتەکانی دوور بێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی داکۆکیان لەوە کرد "به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك عێراق له‌ ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌ نه‌گلێت."
 
به‌يانيى ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه، 29-10-2024)  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى حيكمه‌ى نيشتمانيى عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوکدا دەڵێ "عەمار حه‌كيم پيرۆزبايی سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى له‌ نێچيرڤان بارزانى كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌سه‌ر‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون؛ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، ده‌بێته‌ هۆى پته‌وكردنى ئارامى و سه‌قامگيريى زياترى عێراق. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ كارى پێكه‌وه‌يى و هاريكاريى نێوان هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراقيان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى وڵاتدا، به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.
 
لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ چەکدارانی حەماس و حیزبوڵڵا لە غەززە و لوبنان لەلایەک و هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکدی لەلایەکی دیکەوە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەکیم داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ "پێويسته‌ هه‌موو لايه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بپارێزرێت، به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك عێراق له‌ ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌ نه‌گلێت و له‌ لێكه‌وته‌كانى به‌دوور بێت."