مەسرور بارزانی بۆ عەممار حەکیم: پێویستە سەرژمێریی گشتی دوور بێت لە هەر ئامانج و پرسێکی سیاسی

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە لە هەولێر لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و پیرۆزبایی "سەرکەوتنی" هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد. لەبارەی سەرژمێریی گشتییش گفتوگۆیان کردووە و مەسرور بارزانی گوتوویەتی، پێویستە "دوور بێت لە هەر ئامانج و پرسێکی سیاسی."
 
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ی تشرینی یەکەمی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له‌ عه‌ممار حه‌كيم، سه‌رۆكى ره‌وتى نیشتمانیی حيكمه‌ کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی رەوتی حیکمە پیرۆزبایی "سەرکەوتنی" هەڵبژاردنی لە سەرۆکی حکومەت کرد، کە لە کەشێکی ئارام و شەفاف و دیموکراتیانەدا بەڕێوەچوو.
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
 
هەروەها هەردوولا بیروڕایان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق ئاڵۆگۆڕ کردووە، کە بڕیارە لە 20ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت؛ لەوبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە سەرژمێری، تەنیا بۆ مەبەستی گەشەپێدان و بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی عێراق بێت و دوور بێت لە هەر ئامانج و پرسێکی سیاسی.