دیار کوردە بە یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی بیانی لە ئەمریکا هەڵبژێردرا

دوێنێ کاژێر 06:33
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

 

تۆڕی میدیایی رووداو بە شانازییەوە رایدەگەیێنێت کە کۆمەڵەی پەیامنێرانی میدیای بیانی لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا AFPC-USA، دیار کوردە، پەیامنێری چالاک و لێهاتووی رووداوی لە واشنتن بە یەکێک لە نایابترین پەیامنێرانی ساڵی 2024 لە ئەمریکا هەڵبژارد و، رۆژی 4ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکی زۆر گەورەدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا خەڵات دەکرێت.  
 
ئەم ساڵ لەگەڵ دیار کوردە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، حەوت پەیامنێر و رۆژنامەڤانی دیکە لە تەلەڤزیۆنی CNBC، فۆکس نیوز، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، ZDFـی ئەڵمانی، گرووپی تەلەڤزیۆنەکانی ئینتەرڤیژن، گۆڤاری بارۆنس، لەلایەن AFPC-USA خەڵات دەکرێن.
 
ساڵانی پێشتریش چەندین رۆژنامەڤانی نێوداری نێودەوڵەتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە لە ئەمریکا کار دەکەن ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. هەروەها چەندین کەسایەتی کە رۆڵیان هەبووە لە هاوکاریکردن و پاراستنی رۆژنامەڤانە بیانییەکان لە باکووری ئەمریکا لەلایەن ئەو کۆمەڵەیەوە خەڵاتکراون، لەوانەش (جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا. لیندا تۆماس گرینفیڵ، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان. ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا)، ئەم ساڵیش لەو بوارەدا جودی جیسنبێرگ سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ خەڵات دەکرێت. 
 
هەروەک لە ماڵپەڕی AFPC-USA نووسراوە، "دیار کوردە، رۆژنامەڤانێکی کوردە و بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتی تۆڕی میدیایی رووداوە، کە یەكێکە لە دەزگا میدیاییە پێشەنگەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا"، هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە دیار کوردە بەردەوام لە کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێنتاگۆن پرسیار سەبارەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسە کوردییەکان دەکات و، چەندین هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا کردووە. 
 
دیار کوردە، لەبەر چالاکی زۆری و کارە نایاب و کاریگەرەکانی، وەک نایابترین پەیامنێری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەمریکا لە ساڵی 2024 هەڵبژێردراوە. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو، جوانترین پیرۆزبایی لە هاوکارمان دیار کوردە دەکات. هەروەها پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە لە هەموو رۆژنامەڤانانی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین. وەرگرتنی ئەم خەڵاتە کاری رووداو بەهێزتر دەکات و هەموو هاوکارانی رووداو دڵگەرمتر دەکات. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو 
29-10-2024
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە