بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا: لە وەبەرهێنانی عێراقدا نەمانتوانیوە رکاربەریی چین بکەین

29-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزانی وڵاتانی ئەورووپا جەخت لە فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندیی وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق دەکەنەوە، بەڵام سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، لە وەبەرهێنان لە عێراقدا نەیانتوانیوە رکابەری لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت چین بکەن.

ئەمڕۆ لە هەولێر، جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی هۆڵەندا؛ ئەندریان ناسی، باڵیۆزی نەمسا و تۆماس سەیلەر، سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە پانێلێکی دیداری مێریدا لە هەولێر بۆچوونی خۆیان لە بارەی بازرگانی، وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە عێراق خستەڕوو. 
 
هۆڵەندا و عێراق: هاوبەشی لە بازرگانیی کشتوکاڵدا 
 
ئەلبێردا جەختی لە پابەندبوونی هۆڵەندا بە دروستکردنی "هاوبەشییەکی فراوانی گشتگیر" لەگەڵ عێراق کردەوە، تیشکیشی خستە سەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق لە بواری کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکاندا. 
 
هۆڵەندا لە ماوەی رابردوودا بەشداربووە لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، بە دیاریکراویش لە هەرێمی کودستان کە پەرەی بە چاندن و زیادکردنی بەرهەمی پەتاتە داوە، بەرهەمێک کە زۆرترین هەناردەی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت.
 
خانمە باڵیۆزە هۆڵەندییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت پێکەوەکارکردن لەگەڵ ناوچەکانی تەواوی عێراق فراوانبکەن، بە تایبەتی لە کەرتەکانی ئاو و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ئەوەش لە رێگەی هێنانی وەبەرهێنەر و پسپۆڕانی هۆڵەندی بۆ عێراق. 
 
 
بەڵام کاری هۆڵەندا لەگەڵ عێراق تەنیا بواری کشتوکاڵ ناگرێتەوە. ئەلبێردا باسی لەوە کرد، حکومەتی هۆڵەندا هەوڵدەدات لە بواری ئەمنی و بەرگریشدا یارمەتیی عێراق بدات، بە تایبەتیش کە بەغدا سەرقاڵی چاکسازییە لە کەرتی ئەمنیدا. 
 
نەمسا و عێراق: باشکردنی دۆخی ژیان و گەشەپێدانی ئابووری
 
ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، باشکردنی دۆخی ژیان، کارێکی لەپێشینەی هاوبەشی هەردوو ولاتە. ناسی باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی لە بواری ئابووری و ئەمنیدا لەگەڵ عێراق کاریکردووە و ژمارەیەک رێککەوتنیان لەسەر کۆچبەران و بازرگانیدا هەبووە. 
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڤییەننا رێککەوتنێکی 262 ملیۆن دۆلاریی لەگەڵ بەغدا واژۆکردووە بۆ ئەوەی سیستمی ئاوپڕژێنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بدات. ناسی جەختیکردەوە کە گەشەی ئابووریی عێراق پەیوەستە بە پابەندبوونی بە سەروەریی یاسا، گەشەپێدانی ژێرخان، کەرتی تەندروستی و پەروەردە. 
 
عێراق و یەکێتیی ئەورووپا: پەیوەندییەکی ئابووریی ستراتیژی
 
تۆماس سەیلەر، سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێتییەکە پابەندە بە پشتیوانیکردنی گەشە و بەستنەوەی ئابووریی عێراق بە ئابووریی جیهان، هەروەک چۆن پشتیوانیی لە عێراق کرد بۆ ئەوەی ئەیلوولی ئەمساڵ ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی. 
 
سەیلەر باسی لە ژمارەیەک پرس کرد، لە نێویاندا بازرگانی، تەندروستی، کۆچبەران و وەبەرهێنان کە یەکێتیی ئەورووپا لە نزیکەوە لەگەڵ عێراق کاری لەسەر کردووە بۆ ئەوەی ئەنجامی سوودبەخشی بۆ هەردوولا هەبێت. 
 
دیپلۆماتەکە جەختیکردەوە کە وەبەرهێنانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژی لەگەڵ ئامانجەکانی عێراق یەکبگرێتەوە. هەروەها گوتی، دەبێت کوالیتی بخرێتە سەرووی بڕ و ژمارە. 
 
وێڕای ئەوەی لەم چەند ساڵەی رابردوودا یەکێتیی ئەورووپا هەوڵیداوە وەبەرهێنان لە عێراق زیاد بکات، سەیلەر دانی بەوە دانا کە هێشتا نەیتوانیوە لەو رووەوە رکابەرایەتیی وڵاتانی دیکە بکەن، بە دیاریکراویش چین. 
 
دیپلۆماتەکە باسی لەوەش کرد، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت رۆڵی زیاتر لە ئابووریی عێراقدا بگێڕێت، ئەوەش بە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی عێراق بۆ دانان و بەهێزکردنی یاسا و رێنمایی روونی وەبەرهێنان، تاوەکو کۆمپانیا ئەوروپییەکان هانبدرێن "بە متمانەوە" لە عێراق کاربکەن." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆلێکی خوێندن لە کەرکووک.

شاندێکى مامۆستایانى خوێندنى کوردى کەرکووک دەچنە بەغدا

شاندێکى مامۆستایانى خوێندنى کوردى دەچنە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سیاسی و پەیوەندارەکان کۆدەبنەوە بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان کە سەرەکیترینیان گواستنەوەى راژەکانیانە بۆ سەر وەزارەتى پەروەردەى فیدراڵ.