نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا: چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا سه‌قامگيريى وڵات پته‌وتر ده‌كات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و کۆبوونەوە. هەردوولایان "كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگيريى وڵات پته‌وتر ده‌كات".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 29-10-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەلینا رۆمانۆوسکی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان کردووە و "هە‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كرده‌وه‌".‌
 
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هه‌ردوولا ستايشى به‌رده‌وامی گفتوگۆکانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن كرد و كۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگيريى وڵات پته‌وتر ده‌كات".
 
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/10/29 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ خاتوو ئێلينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كران و خاتوو رۆمانۆوسكى، پيرۆزباييى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى له‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و گه‌لى كوردستان كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كرده‌وه‌.‌
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسيان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان كرد. هه‌ردوولا ستايشى به‌رده‌وامی گفتوگۆکانیان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ لێكگه‌يشتن كرد و كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، سه‌قامگيريى وڵات پته‌وتر ده‌كات.
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تيشكيان خسته‌ سه‌ر دوا پێشهاته‌كانى دۆخى مه‌ترسيدارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جه‌ختيان له‌ گرنگيى كاركردنى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى سه‌قامگيرى و رێگريكردن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى ئاڵۆزييه‌كان. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ عێراق له‌ ململانێ و كێشه‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌دوور بێت.
 
په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.