رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، "بەشداریی 72%ی دەنگدەران لە هەڵبژاردن ئاماژەی هۆشیاریی خەڵکە." لەبارەی کەرتی ئابوورییشەوە گوتی، "هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8%ـەوە ببێتە 8%."
لە دیداری مێری کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەڵبژاردنێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات."
دەبوو پێش دوو ساڵ و لە ساڵی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە دواکەوت، مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە گوتی، "لەبەر هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دواخرا، تاوەکو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕانکاریی یاسای هەڵبژاردن کرا." ئاماژەی بەوەش کرد، "داوای نەهێشتنی پێکهاتەکانی کۆتاکان و ئەوە کرا کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا سەرپەرشتیی ئەم هەڵبژاردنە بکات."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست هەموو لایەنێک بتوانن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن قبووڵ بکەن، هەرچەندە تێبینیش هەبووبێت.
بە گوتەی مەسرور بارزانی، لەڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، "شتی زۆر زۆر باش کراوە،" بەڵام بێ ئاستەنگ نەبووە و "بەداخەوە رێگرییش هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت."
هەر لەبارەی کەرتی ئابوورییەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8%ـەوە ببێتە 8%، واتە ئەوەندە زیادیکرد لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا، تەنانەت بازاڕی دەرەکی و دەرەوەی عێراقیشمان بۆ جووتیاران و بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستانمان کردەوە."
پرسیار: هەڵبژاردن تەواو بوو، ئەنجامەکەی پیرۆز بێت، لەمەودوا چی لە دەرەنجامەکان دەکەن؟
مەسرور بارزانی: هەڵبژاردنێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕانەوەی شەرعییەت بۆ هەموو دامەزراوە و پێگەکانی حکومڕانیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. دەبوو ئەم هەڵبژاردنە پێش دوو ساڵ و لە ساڵی 2022 بکرێت، بەڵام لەبەر هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دواخرا، تاوەکو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن کرا؛ داوای نەهێشتنی کۆتای پێکهاتەکان کرا، داوای ئەوە کرا کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتیی ئەم هەڵبژاردنە بکات، ئەمانە هەموو وای لێهات کە ئێمە لە 20ی ئەم مانگە ئەم هەڵبژاردنەمان بە بەشداریی 72%ی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ئەمە ئاماژەیەکی زۆر دیارە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هۆشیارن و بڕوایان بە دیموکراسییەت هەیە، بە بەشداری و دەنگدانیان بەو لایەنانەی متمانەیان پێیانە؛ دیارییان کرد کە چیان دەوێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ لایەنە سیاسییەکان چۆن بووە؟ ئێستاش کە چاوەڕێی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن دەبین، ئەوکاتە بەدیار دەکەوێت کە ئەنجامەکان چۆنن؟ هیوادارم هەموو لایەک بتوانن قبووڵی بکەن؛ هەرچەندە تێبینیش هەبووبێت، بەڵام بێگومان بە بەشداریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دیاربوو کە هەڵبژاردنێکی زۆر باش بووە. دەبێت هەموو لایەک ئەوە قبووڵ بکەن کە رای خەڵک هەرچییەک بێت؛ جێی رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانیش بێت.
پرسیار: خەڵک بەو رێژە زۆر متمانە دەکاتەوە، مانای ئەوەی نییە کە گلەیی نییە، چاوەڕێی کاری گەورەتان لێدەکەن، لە سەرووی هەموویانەوە ساڕێژکردنەوەی برینەکانە، یەکگرتنەوەی پێکهاتەکانی ئەم هەرێمەیە، لێکبەستنەوەی شارەکان و ئەم هەرێمەیە کە رەنگە بە هەر هەڕەشەیەک لێکترازان دروست ببێت، کاتی ئەوەیە پێش هەڵبژاردن لەبیر بکەین و کەشێک بۆ حکومەتێکی یەکڕیز و تەبا دروست بکەین. ئێوە وەکو براوەی یەکەم رۆڵی پێشەنگتان دەبێت. چاوەڕوانیی خەڵک ئەوەیە: بەڵێ متمانەمان پێدان، ئێوە چی لەو متمانە دەکەن؟
مەسرور بارزانی: حەز دەکەم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدار بوون لە پرۆسەی هەڵبژاردن، وایانکرد هەڵبژاردن سەربکەوێت، لایەنگرانی هەموو لایەنە سیاسییەکانیش بە بەشداریی خۆیان وایانکرد هەرێمی کوردستان لەم پرۆسە دیموکراسییەدا سەربکەوێت. ئەمە جێی دەستخۆشی و شانازیی هەموو لایەکمانە. دەمەوێت خەڵکی کوردستانیش لەم خاڵە تێبگەن کە حەقیقەت جیاوازە لەگەڵ پێشبینی و تەوەقوعات، زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن بە جۆرێکی دیکە بیری کردووەتەوە یان پێشبینیی جۆرە ئەنجامێکی کردووە، دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان بە جۆرێکی تر دەرچوون، ئێستا هەڵوێستی جیاوازیان وەرگرتووە. دەبێت خەڵکی کوردستان ئیدی لەمە تێبگات کە راستییەک هەیە دەبێت قبووڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە رای راستەقینەی خەڵکی کوردستان بووە؛ کە متمانەیان بە کێ کردووە. ئەم هەوڵە چەواشەکارییانەش کە زۆر شت بە جۆرێکی دیکە وێنا دەکرا؛ ئێستا بۆ خەڵک بەدەرکەوتووە. ئەم قسانە ئەسڵ و ئەساس و پێگەیان نەبووە، خەڵک بە رای خۆیان دەریانخست چ جۆرە داهاتوویەکیان دەوێت. هەر لەم روانگەشەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حیزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە راستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی، کە پەیامی ئاوەدانی، ئاشتی، پێکەوەژیان، ئارامی و خۆڕاگری بووە. ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین و ئەمە ئەو رێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە و کاری لەسەر کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێک بیەوێت بەشداربێت لە حکومەت، هەوڵدەدات وەڵامدەرەوەی ویستی خەڵک بێت، کە دەیانەوێت وڵاتێکی ئارام و گەشەسەندوویان هەبێت و رۆژ بە رۆژ بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێت. ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە راستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و خەڵکی کوردستان.
پرسیار: هەر لەو چوارچێوەیەدا، زۆر بەلامانەوە گرنگە، چونکە ئێمە لاپەڕەی پێشتر کە هەڵدەدەینەوە، خەڵک هەندێک جار سەرقاڵ دەبێت بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بە پەیامی تووند، ئێستا کاتی ئەوە نەما، کاتی ئەوەیە هەموو دۆخەکە نەک هەر هێور بکەینەوە، بەڵکو بە حەقەت روانگەی دەسەڵات بگەیێنین بە خەڵک کە ئاییندە ئاڵنگارییەکان چین و چی بۆ دەکەین؟ لە پڕۆسەی حکومڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی چەند شتێک زۆر گرنگن، یەکەمیان پتەوکردنی بنەما دامەزراوەییەکانی هەرێمی کوردستان، دووەم بنەما ئابوورییەکان و بژێوی و ژیانی خەڵک، کەشی وەبەرهێنان لە دەرەوە بۆ ناوەوە و لە ناوەوەش بۆ زیادکردنی و پێکەوە بەستنەوەی، پێکهاتە جوگرافییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵانی خەڵکە کە هەمووی بەشێکە لە شتێک پێی دەڵێن نیشتمانسازی. ئێمە دەمانێت پێمان بڵێیت، ئەگەر پارتی بەرنامەی هەبێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ئەو بنەمای نیشتمانسازییەمان چۆن بۆ پتەو دەکات؟
مەسرور بارزانی: دەتوانم ئاماژە بەم چەند ساڵەی رابردووی کابینەی نۆیەم بدەم، کە پارتی لەگەڵ ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حکومەتدا هەبووە، بەردەوام بووە لە دروستکردنی نیشتمانسازی، وەکو جەنابت باست کرد. ئێمە هەستمان بەوە کردووە کە خەڵک پێویستی بە چییە، بە تایبەتی لە بواری خزمەتگوزاری هەنگاوی زۆر باش هاوێژراوە، لەڕووی دروستکردنی ژێرخانی ئابووری شتی زۆر زۆر باش کراوە، لەڕووی دروستکردنی ستراتیجییەتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان شتی زۆر باش کراوە، بەڵام ئەوە نییە بێ ئاستەنگ بووبێت، واتە بەداخەوە؛ رێگرییش هەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت، لە ساڵەکانی رابردوودا، بۆیە باسی ساڵانی رابردوو دەکەم، چونکە هەندێک شت دروستکراوە کە پێویستی بە تەواوکردنە؛ بۆ نموونە باسی دروستکردنی بەدیجیتاڵکردنی کارە خزمەتگوزارییەکان بکەم، کە ئەمە شتێکی زۆر زۆر گرنگ بووە، زۆرجار بڕیار لەسەر زۆر لە کایەکانی حوکمڕانی دەدرا بەبێ ئەوەی داتا و زانیاریی تەواو لەبەردەست بێت. ئێمە لە ساڵانی رابردوو هەوڵێکی جیدیمان دا کە داتا سەنتەرێکی زۆر زۆر پێشکەوتوو لە سەر ئاستی جیهانی لە کوردستان دروستبکەین و سوپاس بۆ خوا دروستیش کرا. ئێستا داتایەکی زۆر زۆر باش و ورد لەبەردەستە بۆئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، دوای هەوڵێکی جیدی بۆئەوەی کارە خزمەتگوزارییەکان لە تەندروستی بێت، لە کاروبار و راپەڕاندنی کاری رۆژانە بێت، لە وەزارەتی ناوخۆ بێت، لە هەر وەزارەتێکی تر بێت، ئەم شتانەش ئەنجام دراوە، لەڕووی ئابوورییەوە کەسێک بیەوێت بێت خۆی وەکو.. واتە بزنسێکی هەبێت.. خۆی ناو نووس بکات، ئێستا رێکارەکان وا ئاسان کراون کە بە چەند کاژێرێک دەتوانێت ئەم شتانە بکات، کە پێشتر ماوەیەکی زۆر زۆر درێژتری دەویست. لەڕووی ئابوورییەوە ئێمە بڕیاری هەمەچەشنکردنی ئابووری و هەمەجۆرکردنی ئابووریمان دا کە هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشت و گەیشتینە ئاستێک بووژانەوەی ئابووری لە 1.8% ببێتە 8%، واتە ئەوەندە زیادیکرد لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا تەنانەت بازاڕی دەرەکی و دەرەوەی عێراقیشمان بۆ جووتیاران و بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستانمان کردەوە. لەڕووی سێکتەری بانکییەوە هەنگاوی زۆر زۆر باش هاوێژراوە، کە هێشتا هەمووی تەواو نەبووە، بەڵام قۆناخی زۆر باشی بڕیوە و ئومێدمان وایە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەمانە هەمووی ببنە هۆکار بۆ دروستکردنی ئەو نیشتمانسازییەی کە جەنابت باسی دەکەیت. ئەمانە هەموویان ئەو ژێرخانانەن کە پێویستن، بابەتی پێداویستیی تری رۆژانە هەیە، وەکو کارەبا، وەکو ئاو، کە بڕیاری جیدی دراوە هەنگاوی کردەیی زۆر باشیش نراوە بۆئەوەی کێشەی بێ ئاوی و کێشەی بێ کارەبایی بەرەو کۆتایی بڕوات. یارمەتیدانی چینی گەنج، دروستکردنی هەلی کار، دروستکردنی هەلی کاری یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییەک، نەهێشتنی گەندەڵی، نەهێشتنی واستە و واستەکاری، ئەمە هەموویان ئەو هەوڵانە بوون کە لە کابینەی رابردوو ئێمە تاوەکو ئاستێکی زۆر دەستکەوتمان هەبووە، بەڵام هەموویان وەکو باسم کرد، بە قۆناخی کۆتایی نەگەیشتوون، بۆیە لەمەودوا بۆئەوەی ئێمە بتوانین لە خزمەتی خەڵکدا بین و شتی باشتر بکەین دەبێت ئەو هەنگاوانە تەواو بکرێن. هەندێکیان بەرەو قۆناخی کۆتایی رۆیشتوون، بەڵام شتی تریش ماون تەبعەن کە ئەمە دروستکرا وەکو دروستکردنی ژێرخانێک. ئینجا ئێمە دەتوانین بیر لە هەنگاوی زۆر زۆر باشتر بکەینەوە، ئەوەی گرنگە لە سیاسەتی ئێمەدا هاووڵاتی سەنتەرە، سەنتەری. گرنگی پێدانە، کەواتە هەر شتێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیدا بێت؛ هەر شتێک ئاسانکاری و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتی باشتر بکات، دەبێت حکومەت خۆی بگونجێنێ لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵک و لەڕووی جیهانبینیشەوە ئامادەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهان لەسەر ئاستی ناوچە و نێودەوڵەتیشەوە.
پرسیار: با بێینە سەر لاو، گەنجی بەهرەمەند، کە دێتە ژیان چاوی لە دەرفەتی یەکسان و دەرفەتی سەرکەوتنە، سەرکەوتنیش بە مانای دەوڵەمەندبوون بێت، جێبەجێکردنی تموحاتی بێت و بگاتە ئامانجی ئەوەی کە پێویستیەتی، زەمانەتێک بۆ دەرفەتی یەکسان و سەروەریی یاسا، رێخۆشکەربێت بەوەی کە راهێنانی فیکری و عەقڵی و پەروەردەیی هەمووی بۆ بکرێت لە ژینگەیەکی سەلامەتدا، بۆئەوەی چاوی لە چوونە دەرەوە نەبێت، بەڵام ئەوەی رووبەڕووی دەبێتەوە نایەکسانبوونی دەرفەتەکانە؛ ئێستاشی لەگەڵدا بێت، مۆنۆپۆلی بزنسە لە ئاستەکانی بزنسی بچووک و سمۆڵ میدیەم سایز ئەنتۆپرایزی پێ دەڵێن. ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بە رۆژێک و دوو چاک نابێت بە حکومەتێک. ئەگەر جەنابت دەفەرمووی، بنەمای بۆ دانراوە، کاتی ئەوە هاتووە دەبێت رەنگ بداتەوە بەوەی کە گەنجێکی ئێمە چاوی لە چوونەدەرەوە نەبێت، چاوی لەوە بێت کە بەهرەکانی بەکاربێنێت بۆ سەرکەوتن. چیتان کردووە لەو بارەیەوە؟ با پەیوەستی بکەم بە کەشی وەبەرهێنان لە عێراق؛ کێشەی گەورەمان هەیە لە کوردستانیش، بەڵام کوردستان پێگەی زۆر باشترە لە عێراق، ئەویش ئەوەیە کە بزنسی زەبەلاحی دەرەکی چاو لەوە دەکات بێت؛ سەیری دەکەیت چەند بزنسی گەورەی تورکی و ئەورووپی هاتوون، تەماشا دەکەیت پارە ناهێنن، خۆیان لێرەن و ئامادەن پارەی ئێمە بەگەڕبخەن، بەڵام بۆ خۆیان نایهێنن، لەبەر ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەتیان دەوێت کە لێیان دەپرسیت، هەندێک دەڵێن ژینگەی ئەمنییە و هەندێک دەڵێن رۆتینە، بەڵام لە کۆتاییەکەی دێتەوە دەڵێت سێ شتە، یەکەمیان گەندەڵییە، دووەمیان گەندەڵییە، سێیەمیشیان گەندەڵییە. گەندەڵییەکەش کە باسی دەکەن، دیسان دێتە سەر ئەوەی کە ئەو زەمانەتی 20 ساڵە و 30 ساڵەی دەوێت کە بتوانێت ئەو مۆڵک و سامانەی خۆی بێنێت، قانوونی وەبەرهێنانی ئێمە وابزانم یەکێکە لە هەرە باشەکان، رەغبەتی حکومەت و حوکمڕانەکان بۆ راکێشانیان و رازیکردنیان بە خوا لە شوێنی کەم هەیە وەکو ئێرە عەوداڵ بن، بەڵام دەمانەوێت ئەو بزنسمانە گەورانە لەگەڵ گەنجەکان کە باسمان کردن، دڵنیایان بکەیتەوە و بڵێی: کاتی دوورینەوەیە نەک چاندن؟
مەسرور بارزانی: بێگومان هەموو هاووڵاتییەک گەنج بێت یان هەر هاووڵاتییەک بێت، چاوی لەوەیە دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێت و ئەرکی حکومەتیشە ئەو دەرفەتە یەکسانەی بۆ بڕەخسێنێت، حکومەت ئامرازێکە بە دەستی ئەو کەسانەی حکومەت بەڕێوەدەبەن، ئەو کەسانەش لەلایەن حیزبەکانەوە هاتوون و حکومەت بەڕێوەدەبەن، کەواتە دەبێت ئەجێندایەکی یەکگرتوو و هاوبەش هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت و هەموو لایەکیش پێیەوە پابەندبن. ناکرێت تۆ بەشداربیت لە حکومەت و لە هەمان کاتدا رێگریش بیت و نەهێڵیت حکومەت ئەجێندای خۆی جێبەجێ بکات. گریمان هەموو حکومەت یەک دەستە و یەک پارچەیە و بە یەک دیدگا هەوڵی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆی دەدات، ئەوەی جەنابت باست کرد لەڕووی گەنجەوە ئەو شتانەیە کە ئێمە کردوومانە، بەرنامەیەک هەبووە بەناوی بەرنامەی گەشانەوە. ئەمە چییە؟ هانی گەنج دەدات بۆئەوەی هەر کەسێک بیرۆکەیەکی هەبێت، داهێنانێکی هەبێت و بیەوێت بزنسی بچووک بۆ خۆی دابنێت، یان بزنسێکی هەیە و دەوێت تۆزێک فراوانتری بکات، داوای زەمانەت و گەرەنتی و پشتیوانیی حکومەت دەکات. ئێمە ئەم پرۆژەیەمان دەستپێکردووە و سەرکەوتووش بووە وەکو پایلێت پرۆجێکت، داوامان کرد 25 کۆمپانیا.. پێش ماوەیەک من سەردانم کردن.. ئەوان هاتوون باسی سەرکەوتنی ئەزموونی خۆیانیان کرد کە چۆن توانیویانە لە پشتیوانیی حکومەت و لە قەرزی حکومەت سوودمەند بن و بزنسی خۆیان دابنێن، پەرەی پێبدەن، گەشەی پێبدەن، گەورەتری بکەن، داهاتی خۆیان زیاتر بکەن، چەندین خەڵک بێن بزنسەکانی خۆیان دابمەزرێنن. کەواتە ئەم جۆرە پڕۆژانە زیاتر یارمەتیی گەنج دەدات لەجیاتی ئەوەی چاوی لە دامەزراندنی پۆستێکی فەرمیی حکومەت بێت، بیر لەوە بکاتەوە چۆن بتوانێت لە کەرتی تایبەت گەشە بکات. پێموایە لە وڵاتێک ئەگەر دەمانەوێت بەرەو پێشەوە بچین و گەشانەوەی ئابووریی گەورە بە خۆمانەوە ببینین، دەبێت یارمەتی کەرتی تایبەت بدەین و زەمینەی بۆ ساز بکەین بەرەو پێشەوە بچین؛ کە ئەمە کرا، خۆکارانە هەلی کار زیاد دەبێت و گەنجیش دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە و داهێنانیشی تێدا بکات؛ بۆئەوەی ئەمە بکرێت پێویستمان بە وەبەرهێنانە چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە، تاوەکو بتوانی وەبەرهێنەرێکی دەرەکی بهێنیتە کوردستان دەبێت زەمینەیەکی لەبار هەبێت تاوەکو بتوانێت و متمانەت پێ بکات. متمانە بە چی دەکرێت؟ چەند شتێکی سەرەکی هەن کاریشی لەسەر کراوە، وەکو جەنابت باست کرد، یەکێک لەوانە پرسی ئەمنییەتە، ئەگەر هەر وەبەرهێنەرێک قەناعەتی وابێت سەر و ماڵی پارێزراو دەبێت، بە دڵنیاییەکی زیاترەوە دێت و وەبەرهێنان لەم وڵاتەدا دەکات. لە لایەکی دیکەوە سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی هەیە کە بگونجێت لەگەڵ ئەم سیستمە پێشکەوتووە جیهانییەی کە هەیە. ئێستا بەداخەوە، بەڵام سیاسەتی کاش کە تاوەکو ئێستا باوە لە زۆربەی بەشەکانی عێراق؛ زۆر هاوکار و یارمەتیدەر نییە، چونکە ئێستا دنیا بەرەو کرێدیت و ئیعتیباری بانکی و بەدیجیتاڵی و ئەم جۆرەشتانە دەڕوات. ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەم بەرنامەشمان دەستپێکردووە، دەستمان پێکردووە کە هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان جارێ یەکەم؛ فەرمانبەرانی حکومەت، دوای ئەوە هەموو هاووڵاتییەک بتوانێت حیساب بانکیی خۆی هەبێت، ئەمە زۆر زۆر یارمەتیی ئەم هاووڵاتییە دەدات لەوەی کەی ویستی و چۆن ویستی و چەندی ویست، بتوانێت پارەی خۆی لە بانک دەربهێنێت یانیش مامەڵەی پێ بکات، پێویست ناکات هەموو جارێکێش کارت لەگەڵ خۆی بهێنێت و ببات؛ بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو لایانێکی سیاسیدا نەبووە، زۆر لایەنی سیاسی هەبوون کە هەمیشە مووچە و پارەی کردووەتە کارت و وەسیلەیەک بۆئەوەی هاووڵاتی بەکاربهێنێت بۆ وەلائی سیاسی. ئەگەر هاووڵاتی سەربەست بوو، ئیرادەی مالی و دەسەڵاتی مالیی هاووڵاتی بەدەستی خودی هاووڵاتییەوە بوو، زۆر لایەنی سیاسی لەوانەیە هەست بە مەترسی بکەن، بۆیەش دژایەتیی ئەم پڕۆژەیە دەکەن، مەسەلەی ئەوەی دەگوترێت هەژماری من، ئەمە هەژماری شەخسییە، نەک هەژماری حیزبی، ئەمە هەژماری هاووڵاتییانی کوردستانە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە بۆ هاووڵاتی، کە هاووڵاتی خۆی بەبێ ئەوەی منەتی هیچ بەرپرسێکی سیاسی و حیزبێکی سیاسی بەسەرەوە بێت بتوانێت مامەڵە بە سەروەت و سامانی خۆیەوە بکات و بتوانێت کەی و چۆن ویستی، مامەڵە لەگەڵ داهاتی دارایی خۆی بکات. ئەم شتانە گرنگن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەری دەرەکیش، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت کارخانەیەک، کارگەیەک کۆمپانیایەکی بیانی بیەوێت بێتە ئێرە، سەیر دەکات بزانێت سیستمی بانکی ئێرە لە ئاستی ستانداردی جیهانییە یان نا؟ ئەگەر نەبێت لەوانەیە نەیەت، ئەمنیەت نەبێت نایەت، بۆیە دابینکردنی ئەمنییەت و دابینکردنی سیستمێکی باشی بانکی لەگەڵ یاسا؛ بە یاسا دەبێت مافەکانی هەر کەسێک پارێزراو بێت، ئەم یاسایانە چ یاسای وەبەرهێنان بێت، چ یاسای پاراستنی ماف بێت، چ بابەتی خانەنشینیی خەڵکیش بێت، کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن لەسەر ئەو شتانە هەمووی کاری جیدی کراوە، تەنانەت بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتییە یانیش مافی فەرمانبەرە لە کەرتی تایبەت کە ئەوانەش بتوانن بە شێوازێک گەرەنتی ئەوەیان هەبێت مافیان نافەوتێت دوای ئەوەی کە کارەکەی تەواو بوو خانەنشین دەکرێت، کەرتی تایبەتیش بتوانن خانەنشینی بکەن، ئینجا ئەم شتانە هەمووی هەن بۆئەوەی تۆ بتوانیت کەشێکی وا بخولقێنیت کە هاووڵاتییان خۆیانی تێدا ببیننەوە و پەیوەندییەکی تەندروستیش لە بەینی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە دروستبکرێ کە چاو لە کوردستان بکەن وەکو شوێنێک کە گونجاوە؛ شوێنێکە سوودی تێدایە و سوودی هاوبەشی تێدایە؛ نەک تەنیا بۆ خاوەن ماڵ، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی دێت وەبەرهێنایشی تێدا دەکات، جا ئەم شتانە زۆریان کراون. لەوانەیە کات نەبێ ئێمە بچینە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام بۆ دڵنیابوونی جەنابت؛ هەم بابەتی ئەمنیەت هەم بابەتی بە بانکی کردن و پێشخستنی سیستمی ئابووری لە هەرێمی کوردستان هەم بابەتی یاسادانان. جەنابت باسی گەندەڵیت کرد، کاری جیدیش کراوە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، بەڵام بنبەڕکردنی گەندەڵی کارێکە هیمەتی دەوێ و پشتیوانیشی دەوێ، ناکرێ لایەنێکی سیاسی دژی پرۆژەی گەندەڵی بوەستێت و حکومەت بە تەنیا بتوانێ ئەمە بکا، دەبێ دەسەڵات هەر هەمووی بەیەکەوە مکوڕبن لەسەر ئەوەی کە گەندەڵی نەمێنێ، یەکەم شت خۆیان واز لە گەندەڵی بێنن..
پرسیار: جەنابت لەڕووی پرنسیپەوە و لە زۆر بوار کە ئەزموونی خۆت و باسی جێبەجێکردن دەکەیت، ئەمە کێشەمان نییە؛ بێگومان حکومەتی داهاتوو ئەگەر حکومەتێکی بەهێز، یەکگرتوو و یەک خیتاب بێت، ئەرکی هەمووانە هەموو پڕۆژەیەکی حکومەت بە هی خۆی بزانێت و جێبەجێی بکات. خەڵکیش با واز لە مەسەلەی پۆپۆلیستی و بانگەشە و شت بهێنین، کە حکومەت بڕیاری دا چی لە خزمەت و مەسڵەحەتی وڵاتە، حکومەتیش بەیەکەوە وەکو تیمێک خستیە پێشەوە، لە هەموو لایەک جێبەجێ دەکرێت، چونکە خەڵکیش خێری لێ دەبینێت. بەس حەز دەکەم تەرکیز بکەیت، یەک خاڵی تر، ئێمە کێشەی هەرە گەورەمان مۆنۆپۆلییە. ئەگەر سەیری مێژووی ئەمریکا بکەیت بە مۆنۆپۆلی دەستیپێکرد تاوەکو ئەو رۆژەی خەریکبوو وڵاتەکەیان لەدەستدەچوو، دواتر هاتنە سەر ئەوەی یاسای گەورەیان داڕشت کە رێگە لە مۆنۆپۆلی بگرێت، ئەمە پێش 100 ساڵ بەوە خێریان لە خۆیان دیت. بۆیە سەیر نییە کە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپی و ئەمریکی ئێستا بەردەوام لە پرۆسەی ئەوەدان رێ لە مۆنۆپۆلیی نوێ بگرن، مەسەلەن لە بواری ئینتەرنێت، بواری تەلەفۆن و لە بواری ئەو داهێنانە نوێیانەی بەرهەمی نوێ دێنێتە بازاڕ، ئەوانەی کە دەبن بە مۆنۆپۆلی رێگر دەبن لە پێشکەوتنی وڵات، ئێمە لە فەترەیەکی ساوای حکومڕانی واداین کە تازە بنەمای سەرەتایی بۆ دروست بکەین، بۆیە شتێکی ئاساییە ئێمە دەردی ئەو، ئەو شتەی وڵاتانی پێشوو پێش 100 ساڵ تووشی بوون، تووشی دەبین؛ بەڵام بەرنامەتان لەگەڵ حکومەت، پەرلەمان و تەشریع، لەوانە چییە؟ چونکە ئێستا یاسامان هەیە رێگری دەکات لە مۆنۆپۆلی بەڵام مۆنۆپۆلی لە هەموو شوێنێک هەیە! شتێکم پێبڵێ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە گەورەیە.
مەسرور بارزانی: لەگەڵ رێزم بۆ جەنابت، بەڵام پێموایە ئەو هەڵسەنگاندنەی جەنابت راست نییە. مۆنۆپۆلی لە هەموو شوێن نییە، رێگرییش کراوە لە مۆنۆپۆلی، ئێستا مەجال بە هەموو کەسێک دەدرێت هەموو کەسێکیش مافی یەکسانی هەیە بۆئەوەی بەشداربێت، بەڵام لە بازاڕی ئازاددا لە منافەسە و رکابەریکردن هەندێک لایەن و هەندێک کۆمپانیا کە باشترن و خیبرەیان باشترە، ئەزموونیان باشترە و توانای باشتریان هەیە، دەتوانن لە زۆر لە پرۆژەکان سەرکەوتووتر بن لەوەی کە کەسێکی دیکە تەنیا لەبەرئەوەی خۆی ناونووس کردووە یان ویستی ئەوەی هەیە بێت لەم بوارەدا ئیش بکات، بەڵام ناتوانێت ململانێی بکات، ئەمە لە بازاڕی هەموو دنیادا بەم جۆرەیە، بەڵام واتای ئەوە نییە رێگە نەدراوە یانیش مۆنۆپۆلی وەکو سیاسەت پەیڕەو کراوە، بە دڵنیاییەوە پێت دەڵێم، ئەمە وانییە و بە هیچ جۆرێکیش ئێمە پشتیوانیی مۆنۆپۆلی ناکەین، لەمەودواش هەر یاسایەک پێویستبێت بۆئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو خاوەنکارەکان لە کوردستان دروست بکەین، بەردەوام دەبین لەسەر ئەوە.
پرسیار: ئەو پەیامەی کۆتایی ئەسڵی مەقسەدە، ئێمە رەنگە جیاواز بین؛ جیاوازییەکان رەنگە بمێنن، بەڵام بە دڵنیاییەوە مۆنۆپۆلی کێشەیەکە بەردەوام دەبێت ئاگاداری بین و شەڕی بکەین.
مەسرور بارزانی: ئاخر کاکە دەبێت بە داتا قسە بکرێت، جەنابت دەڵێی جیاوازی؛ قەیناکە با رای جیاوازت هەبێت و هەموو کەسێک ئازادە رای جیاوازی هەبێت، بەڵام بە گشتاندنی بابەتەکان راست نییە، دەبێت بە داتا بۆ خەڵک روون بکرێتەوە لە کوێ مۆنۆپۆلی هەیە؟ منیش بە داتا پێت دەڵێم کە مۆنۆپۆلی نییە.
پرسیار: پێم خۆشە، بە دڵنیاییەوە مۆنۆپۆلیی سیاسەتی حکومەت و دەسەڵات نییە، بەڵام بەڵگە هەیە کە دەتوانین بڵێین حکومەت ئەگەر لێپێچینەوەیەکی دیاریکراو نەکات و یاساکان و پەرلەمان هەموویان بە ئیشی خۆیان هەڵنەستن، مۆنۆپۆلیش لە هەموو شوێن سەرهەڵدەدات. با لەو بابەتە زۆر نەچینە قووڵتر، با باسی شتێکی لەوەش گرنگتر بکەین، ئەویش پێشمەرگەیە. بەڵێ تەبعەن ئێمە دەمێکە لە فەترەی سەرەتای حکومڕانیی خۆماڵییەوە خەریکی بابەتی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەین بۆ هێزێکی نیشتمانی، هەنگاوی زۆر گەورە نراوە، وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە بەشێکی زۆری هێزی پێشمەرگەی لەژێر دەستە. یەکێک لە رەخنە گەورەکانی لێمان دەگیرێت یان لاوازییەکانی هەمانە هەر لەو بوارانەیە. هێزمان هەیە لەژێر دەسەڵاتی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگەدایە و لیواکانی دیارن، هەشمانە پێیان دەڵێین: 70 و 80. ئەوەی لە حکومەتە پێی دەڵێن، هێزی نیشتمانی؛ بەڵام ناتوانین بە 70 و 80 بڵێین هێزێکی دەوڵەتی و نیشتمانی، جا پەیامی ئێوە لەکاتی هەڵبژاردنیشەوە ئەوە بوو؛ بەڕاستی کاتی هاتووە یەکبگرێتەوە. حەز دەکەم بزانین لە هەنگاوی کردەیی چۆن لە واقیع رەنگ دەداتەوە؟ پەیامی جەنابت چییە؟
مەسرور بارزانی: کاکە من زۆر بە راشکاوی پێت دەڵێم، پێشمەرگە جێی شانازیی هەموو کوردستانە لە هەر کوێ بێت و هەر کەسێک رۆژێکیش پێشمەرگایەتیی کردبێت و بەرگریی لە وڵات و کەرامەتی خەڵکی کوردستان کردبێت، جێی شانازییە، جا یەکەی 70 بێت، یەکەی 80 بێت، هێزی هاوبەش بێت، هی لایەنێکی دیکەی سیاسی بێت، هەر پێشمەرگەیەک بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆی کردبێت، لە کەرامەتی نەتەوەی خۆی کردبێت، جێی شانازییە. رێزم بۆ یەکەی 70 و 80 هەیە و خەڵکی تێکۆشەر و پێشمەرگەی قارەمان لەم یەکانەدا هەن، ئەوانە راستە وەلائی سیاسییان بۆ لایەنێکی سیاسی هەبووە، بەڵام پێشمەرگە هەبووە سەر بە حیزبێکی دیکەی سیاسییش بووە، وەکو حیزبی سۆسیالیست، بۆ نموونە؛ ئەمە کاکە حەمەش لێرە دانیشتووە، بەڵام ئەوانەش شەهیدیان داوە، قوربانییان داوە، پێشمەرگەی کوردستانن. کەواتە یەکێک مەیلی سیاسیی هەبێت و پێشمەرگەش بێت، تۆ ناتوانیت بڵێی ئەمە هێزی نیشتمانی نییە، تۆ ناتوانی پێوەر بۆ پێشمەرگە دابنێیت لەبەر ئەوەی مەیلی سیاسیی هەیە بڵێی، پێشمەرگەی نیشتمانی نییە، پێشمەرگە مادام بەرگری لە خاک و وڵاتەکەی دەکات، پێشمەرگەی نیشتمانییە. بەڵام، بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بۆئەوەی وەکو وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیی هەموو هێزی پێشمەرگە بکات، هەنگاوی جیدییش هاوێژراوە لەم کابینەیە و شتی باشیش کراوە، ئێستا چەندین هێز لە یەکەی 80 و یەکەی 70 هاتوونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی هاوبەشیان لەوێ دروستکردووە بەناوی لیوا و بەناوی فیرقە و ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا لەوێ کار دەکەن. ئەوەی بەرنامەیە و هەمووان لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش لەسەری رێککەوتوون، ئەوەیە وردە وردە ئەو هێزانەی ناو یەکەی 70 و 80، وردە وردە ئەوانە حەجمیان بە مروری زەمەن بچووک دەکرێتەوە، هێزی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەیان لێ دروست دەکرێت، بەڵام هەمان کەسن و هەمان پێشمەرگەن دێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دوو شتی گرنگ هەیە لەم وەزارەتە بۆیان دەکرێت، یەکێکیان بابەتی ئەوەیە کە یەکەی حسابیی هاوبەشە، یەکە حسابییەکەی وای لێدەکات وەزارەتی پێشمەرگە تەنیا لایەنی دابینکردنی سەرچاوەی مووچە بێت بۆ هێزی پێشمەرگە. دوو؛ هەیکەلیەتی پێشمەرگەیە. کەواتە ئەو هەیکەلیەتە دەبێت رێکبخرێتەوە و هەموو هێزی پێشمەرگە یەک هەیکەلیەتی دەبێت، ئەویش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکدەخرێت. گۆڕانکارییەکە بەو شێوازە دەبێت؛ لە یەکەکان یان لە هێزە سیاسییەکانەوە دێنەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، بەناوی وەزارەت و بەناوی حکومەت و هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی. ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە بڕیارەکان بڕیاری ستراکچەری بن، هی هەیکەلی بن، هی وەزارەت بن، نەک بڕیاری حیزبی. واتە هیچ لایەنێکی سیاسی یان هیچ تاک و شەخسێک بۆ رەغبەتی شەخسیی خۆی نەتوانێت هێزێک یان گرووپێک دروستبکات یانیش بەکاریبهێنێت بۆ لێدانی لایەنێکی دیکەی سیاسی. دەبێت دەسەڵات بە دەستی حکومەتەوە بێت، دەسەڵات بە دەستی یاساوە بێت، وەزارەتی پێشمەرگە تاکە لایەنی بڕیاردان بێت لەسەر ئەوەی هەیکەلیەت و رێکخستنی پێشمەرگە بە چ شێوازێک دەبێت.
پرسیار: قسەکانی جەنابت گرنگن، بەڵام حەز دەکەم بزانین ئایا ئەگەر پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین لەو چوار ساڵەی داهاتوو، چوار ساڵی دیکە دابنیشین ئەو دیبەیتە بکەینەوە، گەیشتینە ئەو قۆناخەی بڵێین ئەو پەرەسەندنەی کە هەنگاوی گەورەمان هاوێشتووە لەو بوارەوە، تەسەوری ئەوە دەکەیت؟
مەسرور بارزانی: دەتوانم بڵێم لە ساڵانی رابردوو شتی باش کراوە، واتە نیوەی رێگەمان بڕیوە، ئێستا نیوەی ئەو هێزانەی هاوبەشن کە لە وەزارەتی پێشمەرگەن لە کوێ هاتوون؟ لە یەکەی 70 و 80 هاتوون. ئەوان هاتوون و ئێستا بەناوی هێزی هاوبەش لە وەزارەتی پێشمەرگە ناسراون. کەواتە نیوەی بەشەکە چووە؛ بڕیارەکەش دراوە. وردە وردە دەبێت ئەم هێزانە بەناوی لیوا و بەناوی فیرقە رێکبخرێن و هەموویان ببنەوە بە یەک. هیوادارم چوار ساڵی پێنەچێت، ئینشائەڵڵا ئەوەندەی پێناچێت.
پرسیار: با بێینە سەر بەغدا، بە دامەزراوەکردنی عیلاقەمان لەگەڵ بەغدا شتێکی گرنگە، پێویستە ئێمە لەمەودوا خۆمان بە شەریک بزانین، بەغداییەکانیش پێویستە بە سنگ فراوانییەوە ئێمە بە شەریک بزانن. لە 20 ساڵی رابردوودا نە ئەوان لە باوەشیان گرتین تاوەکو هەست بەو شەراکەتە بکەین، نە ئێمەش چووین بیکەینە موڵکی خۆمان و خۆمان فەرز بکەین وەکو شەریک، ئێمە پۆستی سیادیی گەورەشمان هەیە لەوێ و دەرفەتی پۆستی خوارتریشمان هەیە. لە زۆر بوارەوە دۆستی زۆر نزیکمان هەیە؛ لەڕووی سیاسییەوە، لەڕووی ستراتیژییەوە، بەڵام قەیرانەکانیشمان بەردەوامن؛ مادەی 140 چارەسەر نەبووە، مووچە هێشتا کێشەیە، هێشتاش لە بەغدا سەیرمان دەکەن، زیاتر ئێمە و ئەوان بەکاردێنین، جەوی بەغداش بەوە رانەگەیشتووە ئێمە لە باوەش بگرن و بڵێن ئەو هەرێمە قەینا خسوسیاتی خۆی هەیە، بەڵام وەبەرهێنانی تێدا بکەن و وا بکەن یەک پارچە بێت، بۆیە ئەو جیاوازییانە هەر دەمێنن، بەڵام خۆ دەکرێت لە هەندێک شت خۆمان دەستپێشخەر بین، دەشکرێت خوردی بکەینەوە بۆ ئەو مەلەفانەی یەک بە یەک دیراسە بکرێن و عیلاج بکرێن. جا حەز دەکەم بزانین ئەگەر چوار ساڵی داهاتوو ئێوە بە تەحلیلێکی ورد بڵێن، چۆن دەکرێت و لە کام شوێن کەلێنە گەورەکان پڕبکرێتەوە؟ دەکرێت لە کوێ هەنگاوی گەورە بنرێت؟
مەسرور بارزانی: پێموایە ئێستا پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر لە قۆناخێکی باشدایە، زۆر لەو بووچوونە هەڵانەی کە پێشتر هەبوون تاڕادەیەکی زۆر توانیومانە چارەسەریان بکەین، لە هەردوو لاشەوە! هیوادارم بابەتی پەیوەندی لەسەر بنەمای دەستوور کە رێنیشاندەری شێوازی حکومڕانیی عێراقە، بە شێوەیەکی گشتی و رێکخەری پەیوەندیی بەینی بەغدا و هەولێریشە؛ ئەوە ببێ بە بنەما، بەبێ ئەوەی جیاوازی بکرێت لە جێبەجێکردنی بەند و خاڵەکانی دەستوور، پێموایە ئێمە دەتوانین زۆر زوو ئەو کەلێنانەی هەن و ئەو گرفتانەی هەن، ئەوانەش چارەسەر بکەین. بۆچوونی جیاواز هەن؛ لەسەر ئاستی شەخسی ئێمە پەیوەندیی زۆر باشمان لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان هەیە لە بەغدا، دۆستی نزیکی ئێمەن، بەڵام ئەوەش ناشارمەوە کە هەندێک ئەقڵیەتیش هەیە هێشتا بیر لە بیرۆکەی مەرکەزیەت دەکاتەوە، هێشتا لەوانەیە لە حەقیقەتی فیدراڵییەت و پرۆسەی دیموکراسی وەکو پێویستی تێنەگەیشتبێت، ئەمە کاتیشی بوێ دەبێت جوهدی هەمەلایەنەی بۆ خەرج بکرێت، بۆئەوەی بتوانین فیعلەن حکومڕانییەکی راستەقینەی دیموکراسی لەسەر بنەمای فیدراڵییەت لە عێراق دا دامەزرێنین. هەندێک لەو کێشە و گرفتانەی هەن؛ مەسەلەن یەکێک لەو شتانە مووچەیە کە ماوەیەکی زۆر زۆر ئێمە خەریکبووین و لەو چەند ساڵەی رابردوودا زۆرترین شاندی هەرێمی کوردستان چوون بۆ بەغدا بۆئەوەی چارەسەری ئەم بابەتە بکەین. زۆر داواکاری هەبووە ئێمە ئامادە بووین کە لە زۆر رووەوە؛ تەنانەت بەدەر لە مافە دەستوورییەکانی خۆشمان، ئێمە بچین حوسنی نیەت پێشان بدەین، بۆئەوەی پێشانی بەغدا بدەین کە نیەتی ئێمە ئەوەیە بتوانین لەگەڵ یەکدی بەیەکەوە وڵاتێکی باشترمان هەبێت و خەڵکی ئێمەش زیاتر بتوانن سوودمەند بن. تەبعەن ئێستا مەسەلەی بودجە بابەتێکی گرنگە؛ هیوادارم دەسەڵاتی بەغدا زیاتر بیر لەوە بکاتەوە کە هەموو هاووڵاتییانی عێراق بە چاوێک سەیر بکرێت، چونکە ئەگەر ئەم یەکسانییەی پێشتریش ئێمە باسمان کرد، دەرفەتی یەکسان بۆ هاووڵاتی دروست بکرێت، دەبێت لەسەر ئاستی فیدراڵییش دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان دروست بکرێت، کەواتە هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی بڕوای بەوە هەبێت یەکسانە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، لەوانەیە زیاتر رەغبەتی ئەوەی هەبێت لەم عێراقەدا خۆی بە خاوەن ماڵ بزانێت و، خۆی بە خاوەن دەسەڵات بزانێت و بەرگریشی لێ بکات، بەڵام کە جیاوازی دروست بوو، کاردانەوە دروست دەبێت. ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە جیاوازییەکان کەم بکەینەوە و شتە موشتەرەکەکان زیاتر پەرە پێبدەین، ئێستا لە خوا بەزیادبێت دەسەڵاتێکی باش لە بەغدا هەیە؛ جەنابی سەرۆکوەزیرانە، دەسەڵاتی حکومڕانیی سیاسیی لایەنە سیاسییەکان کە تەفاهومێکی زۆر زۆر باشتریان لەم کێشانە هەیە کە لەگەڵ هەرێمن، هیوادارین بتوانین ئەم کێشانە بە جۆرێک چارەسەر بکەین ئیدی بیر لە شتی هاوبەش بکەینەوە بۆ باشترکردنی دۆخی وڵات، نەک چارەسەرکردنی کێشەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان وەلا بنێین. ئیدی ستراتیجییەتی باشتر دابنێین بۆ باشترکردنی وڵات.
پرسیار: با وەک پارتییەک لێت بپرسم، ئێوە لەدوای هەڵبژاردن خەریکی هاوپەیمانییەک بوون لەگەڵ تەیاری سەدری، دوایی کە ئەوان کشانەوە لە پەرلەمان، ئیئتیلافی دەولە دروست بوو، ئێوە لەو هاوپەیمانییە نوێیەی لەگەڵ ئیئتیلاف مورتاحن؟
مەسرور بارزانی: پێش ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ برادەرانی سەدر بکەین، خۆ لە هەڵبژاردنی پێشتر ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ لایەنی دیکە هەبوو، کەچی بەداخەوە، هەموو جار ئەنجامەکان وەکو خۆیان جێبەجێ ناکرێن. لێرە مەبدەئێک هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، جگە لەوەی ئێمە لەگەڵ کام لایەن لە بەغدا هاوپەیمانین؛ شتێک هەیە مەبدەئە، ئەوەی کە جەنابی سەرۆک هەموو جارێ دەفەرموێت، شەراکەت و تەوازون و تەوافوق. ئێمە نەتەوەیەکین، کیانێکی سیاسیی دانپێدانراوین لە دەستوور، ئەویش پێی دەڵێن کیان لە هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانمان دیاریکراون، کەواتە هەر شتێک ئێمە دەیکەین، دەبێت ئەمە ببێتە بنەما بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیش. ئێستا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەدەبەن رێککەوتنێکمان هەیە، ئەم رێککەوتنەش دیسان لەسەر بنەمای شەراکەت و تەوافوق و تەوازون بووە، هەمووی جێبەجێ کراوە؟ نەخێر جێبەجێ نەکراوە! ئێمە تەمەننا دەکەین بابەتی شەراکەتی حەقیقی لەم وڵاتە پەیڕەو بکرێت، پێموایە زۆربەی کێشەکانی کە ماون ئەوانەش چارەسەر دەکرێن.
پرسیار: با باسێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین، شەڕ بەرۆکی چەند وڵاتی گرتووە، چەند وڵاتێکیش کە لە ئەسڵەوە لاواز کرابوون، وەکو لوبنان، ئەمە بێجگە لەوانی دیکە، وەکو سووریا؛ بەڵام ئێمەش ئەوە مووشەک بە ئاسمانەکانمان هاتووچۆ دەکات، خوێندنەوەت بۆ ئەم دۆخە و چۆن وا بکەین بەشێک نەبین لەم شەڕە؟
مەسرور بارزانی: من هەرگیز بڕوام بەوە نییە هیچ کێشەیەک بە شەڕ چارەسەر بکرێت، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕدان لە ئەنجامدا دەبێت بە ئاشتی چارەسەری کێشەکانیان بکەن، ئەگینا کێشە هەر بەردەوام دەبێت. کەواتە ئەنجامی هەموو شەڕێک ئاشتییە، ئەگەر بیانەوێت بەیەکەوە بژین. بۆیە هیچ پێویست ناکات و پێمان وانییە عێراق وەکو دەوڵەت، وەکو خەڵکی عێراق، موستەحەقی ئەوە بن لە شەڕێکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا تێوەبگلێن، کە بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا نییە. ئەوەی پێشمان کراوە کردوومانە و داواشمان کردووە کە عێراق دووربخرێتەوە. بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە چارەسەر، بە هیچ جۆرێک بەشێک نابێت لە دروستکردنی مەترسی، نە بۆ ناو خودی عێراق، نە بۆ دراوسێکانی عێراق، ئێمە نەمانەوێت نە هەرێمی کوردستان و نە عێراق ببنە بەشێک لە کێشمەکێش و ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن. بتوانێت دەوری ئەرێنی ببینێت، دەوری ئاشتی ببینێت، دەوری پەرەپێدانی دایەلۆگ لە بەینی لایەنەکان ببینێت، پێمان وایە شتێکی باشە ئەگەر عێراق بتوانێت ئەو دەورە ببینێت، بەڵام بە هیچ جۆرێک وای لێنەیەت عێراق ببێ بە ساحەی ململانێ و کێشەی بەینی زلهێزەکان یانیش بەینی هێزەکانی ناوچەکە، کە دووربن لە ئیرادە و لە بڕیاری خودی عێراق. کەواتە ئێمە لەو باوەڕەداین عێراق بە جۆرێک دەتوانێت گەشە بکات کە ئاشتی و ئارامی تێیدا بەرقەرار بێت و دوور بێت لە شەڕ و پێکدادان. پێموایە خەڵکی عێراقیش بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ماندوو بووە، ئەو هەموو شەڕە یەک لەدوای یەکە ئیتر بەسە، پێمان خۆشە ئێمەش وەکو وڵاتانی دیکە بیر لە گەشەسەندن، ئاوەدانی، پەرەپێدان، خوێندن، پەروەردە و باشترکردنی کەرتی تەندروستی بکەینەوە، بیر لە دروستکردنی رێگەوبان و ژێرخان بکەینەوە، ئەم شتانەیە ئێستا پێموایە عێراق پێویستی پێیەتی، کەواتە هیوادارم عێراق بە هیچ جۆرێک تێکەڵی ئەم شەڕ و کێشانەی ناوچەکە نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ