دۆمەکان دژی ئەوەن بە 'قەرەج' ناویان بهێندرێت

29-10-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆمەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو خۆیاندا راپرسییان کردووە و زۆرینەیان دژی ئەوەن بە "قەرەج" ناویان بهێندرێت، داوا دەکەن بە "دۆم" ناوببرێن. ئەوان دەڵێن ناوی "قەرەج" لە ئاستی ئەواندا نییە و نەیارانیان بەو ناوە بانگیان دەکەن، بۆیە بەشێکیان داوا دەکەن بە "وەستا" و زۆرینەشیان لەسەر ئەوە کۆکن بە "دۆم" ناویان بهێندرێت.
 
دۆمەکان لە هەرێمی کوردستان لە چەندین شار نیشتەجێن، لەنێویاندا هەولێر، سلێمانی، سۆران و دهۆک. لە پارێزگای دهۆک دۆمەکان لە کۆمەڵگەی ئادار دەژین، بەشێکی زۆریان سەرقاڵی کارە دەستییەکانی وەکو دروستکردنی خوانە، تیرۆک، لانک و پیشەکانی دیکەن. ساڵح کە وەستایەکی دروستکردنی خوانە و تیرۆکە، بە رووداوی گوت، "دروستکردنی خوانە و تیرۆک تەنیا کاری ئێمەیە و کەسی دیکە نایزانێت، ئەگەر ئێمە نەبین، پیشەکەش لەنێودەچێت."
 
 
بەو پێیەی زۆربەی دانیشتووانی ئەو کۆمەڵگەیە پیشە دەستییەکان دەزانن، دژی ئەوەن بە "دۆم"یش ناویان ببرێت، بەڵکو ئەوان داوا دەکەن وەکو "وەستا" بناسرێن.
 
هێلان کامیل، دانیشتوویەکی کۆمەڵگەی ئادارە لە دهۆک و دەڵێت، "دۆم جیاوازە لەگەڵ وەستا، وەستاکان بە درێژایی مێژوو سەرقاڵی کارە دەستییەکان بوون و لە گوندەکان گەڕاون و پیشەگەر بوون."
 
بڕیارە رۆژانی 29 و 30ی تشرینی یەکەم لە کۆمەڵگەی ئادار لە دهۆک فێستیڤاڵی تایبەت بە "دۆمەکان" بەڕێوەبچێت.
 
یونس زاهیر، نوێنەری دۆمەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "20 جۆر دۆم لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دۆمن، بۆیە لەڕێگەی ئەو فێستیڤاڵەی لە دهۆک دەکرێت، دەمانەوێت ناوی قەرەجەکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕین بۆ دۆم. وەستا بۆ زۆر پیشەگەر بەکاردێت، بەڵام دۆم تایبەتە بە ئێمە، بۆیە دەمانەوێت وەکو دۆم بناسرێین."
 
 
نەجمان مووسا، ئەندامی دەستەی سەنتەری قەرەجەکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوورۆژ، بە رووداوی راگەیاند، ئامانج لە فێستیڤاڵی دۆمەکان، ئەوەیە کە ناوی قەرەجمان لەسەر نەمێنێت و بە دۆم ناومان بهێندرێت."
 
نەجمان زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت، "سەردانی ئەو ناوچانەمان کردووە کە دۆمەکان لێی نیشتەجێن، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەدان بە وەستا ناومان بهێندرێت و بەشی زۆریشیان داوا دەکەن بە دۆم ناومان بهێندرێت." گوتیشی، "دەمانەوێت کاری جیدیمان بۆ بکرێت و مافەکانمان پارێزراو بن و رۆڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان بگێڕێن."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی سەنتەری دۆمەکان رایدەگەیەنێت، ئەوان دژی ئەوەن بە قەرەج ناویان بهێندرێت، چونکە "لە سەردەمانی زوودا بە قەرەج ناومان هێندراوە لەلایەن نەیارەکانمانەوە، پێمانوایە ئەو ناوە لە ئاستی ئێمەدا نییە، چونکە کەسانی پیشەزانین و ناسراوین و چەندین جۆر کار دەکەین، بۆیە پێمان خۆشە وەکو دۆم بناسرێین نەوەک وەکو قەرەج."
 
پێشبینی دەکرێت لە هەرێمی کوردستان 46 هەزار هاووڵاتیی "دۆم" یاخود "قەرەج" بژین، نەجمان مووسا دەڵێت، دۆمەکان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نیشتەجێن و گوتیشی، "پەیوەندیمان لەگەڵ دۆمەکانی باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە."
 
 
فێستیڤاڵی دۆمەکان بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک دەکرێت، عائیشە شەوکەت، جێگری بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری دهۆک بە رووداوی گوت، "دۆمەکان تا رادەیەک فەرامۆش کراون و لە کۆمەڵگە دابڕاون، ئێمە دەمانەوێت تێکەڵ ببنەوە بە کۆمەڵگە و دانەبڕێن، بۆیە ئەو فێستیڤاڵەمان بۆ رێکخستوون."
 
عائیشە شەوکەت گوتی، "دۆمەکان خاوەن پیشەی جوانن و کارسازی ناوازەیان لەنێودا هەیە، بۆیە دەکرێت سوود لە کارەکانیان وەربگیرێت و نابێت رێگە بدەین بەرهەمەکانی ئەو پیشەگەرانە لەنێو بچن ، بۆیە دەمانەوێت بوونیان لەنێو کۆمەڵگەدا دووپاتبکەینەوە و خزمەتیان بکەین و ئەوانیش کەلوپەلە کولتوورییەکانیان نمایش بکەن."
 
فێستیڤاڵی دۆمەکان دوو رۆژ دەخایەنێت، لە رۆژی یەکەمدا یەکشەممە ژمارەیەک پانێل پێشکێش دەکرێن و باس لە مێژوویان دەکرێت، رۆژی دووشەممەش ژمارەیەک بڕگەی هونەری پێشکێش دەکرێت و کارە دەستییەکانیشیان نمایش دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".