هاونیشتمانییەک لە باکووری کوردستان لە پۆلیسێک دەدات کاتێک داوای لێدەکات ئاڵای تورکیا لە دووکانەکەی هەڵبواسێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، لەنێوان هاونیشتمانییەک و پۆلیسێکدا لەسەر هەڵواسینی ئاڵای تورکیا دەمەقاڵێ دروستبوو و هاونیشتمانییەکە پۆلیسەکەی بریندار کرد.
رووداوەکە رۆژی شەممە 28-10-2023 لە ناوچەی ئەیوبییەی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەبۆنەی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە پۆلیس لە بازاڕدا گەڕاوە، ئاڵای تورکیای بەسەر کاسبکاراندا دابەشکردووە و داوای لێ کردوون ئاڵاکە هەڵبواسن.
هاونیشتمانییەک رەتیکردووەتەوە ئاڵاکە وەربگرێت، هەربۆیە دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو کەسە و پۆلیس دروستبووە و هاونیشتمانییەکە بە چەقۆ لە پۆلیسەکەی داوە و برینداری کردووە.
محەممەد پەچەنە، کوردە و لە ناوچەی ئەیوبییە دووکانی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆنی هەیە. ئەو رێگەی نەداوە پۆلیسی شارەوانیی رووها ئاڵای تورکیا لە دووکانەکەی هەڵبواسێت. حەسەن یونسئۆغڵو، کە پۆلیسی شارەوانییە رووبەڕووی دووکاندارە کوردەکە بووەتەوە و شەڕەکە دروستبووە. پۆلیسەکەی شارەوانیی رووها بە سەختی بریندار بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
محەممەد پەچەنەش گوتەی لێ وەرگیرا و دواتریش رەوانەی دادگەی رووها کرا.
29ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک یادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکرێتەوە و شەقامەکان بە ئاڵای تورکیا و وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەڕازێندرێنەوە.
مستەفا کەمال ئەتاتورک رۆژی 29-10-1923 لە پەرلەمانی تورکیادا کۆماری تورکیای راگەیاند، ئەوەش دوای گۆڕانکاری بوو لە دەستووری بەڕێوەبردنی تورکیا، کە لەوێوە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی کۆتاییهات و کۆماری دەستیپێکرد.