چیرۆکی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە زیندانەکانی ئاسایش؛ "هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانم لێ دەکرا"

 
رووداو دیجیتاڵ 

خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کێشەی کۆمەڵایەتی و تاوانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ‏ئاسایش دەڵێت؛ "زۆربەی ئەو کەسانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تاوان دەکەن، پێیانوایە دەزگا ئەمنییەکان هەرگیز دەستیان پێیان راناگات و نادۆزرێنەوە". هاوکات شارەزایەکی بواری ئای-تی پێیوایە "خەڵک متمانەیەکی کوێرانەیان بە تەکنەلۆژیا هەیە" و داوا دەکات تاوەکو پێیان دەکرێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار نەهێنن.
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ‏ئاسایش، د. ئیبراهیم حەمەڕەش، پڕۆفیسۆر لە زانكۆی سەڵاحەدین و د. رێبوار سیوەیلی، نووسەر‌ و مامۆستای زانكۆ گرفتەکانی خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییان لە زیادبوونی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێکرا.
 
زۆربەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان "بۆ دەستخستنی پارەیە"
 
لەم بەرنامەیەدا رەنج سەنگاوی سەردانی یەکێک لە زیندانەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ کۆمەڵێک لەو کەسانەی بەهۆی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە زیندانی کرابوون گفتوگۆی کرد، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشیش دەڵێت، "زۆربەی هەرە زۆری تاوانەکان بۆ دەستخستنی پارەیە".
 
سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ‏ئاسایش گوتی؛ "لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەمان قەبارەش تاوانی نوێ سەرهەڵدەدەن، بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تاوان دەکەن، پێیانوایە دەزگا ئەمنییەکان هەرگیز دەستیان پێیان راناگات و نادۆزرێنەوە".
 
سەلام عەبدولخالق دەڵێت؛ "ئەو کەسانەی دەست بۆ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەبەن، ئەگەر بزانن لەنێو ئاسایشدا بەڕێوەبەرایەتی ئایتی و تەکنەلۆژیا هەیە و هەر تاوانێک لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە بکەن، ئاسایش لێی ئاگادار دەبێت دەتوانێت دەستی پێیان رابگات، تاوانەکە ناکەن".
 
لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ‏ئاسایش باس لەو سکاڵاکارانە دەکات کە لە رێگەی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدراوە و دووپات لە پاراستنی ناو و کەیسەکانیان دەکات لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە و دەشڵێت؛ "داواکارین هەر کەسێک تاوانی لەم شێوەیەی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، بە زوویی پێوەندیمان پێوە بکات بۆ ئەوەی تاوەکو درەنگ نەبووە بەر بە تاوانەکە بگرین".
 
 
"هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لێدەکردم"
 
کچێکی نەوجەوان کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گیرۆدەی خۆشەویستیی کوڕێک ببوو، دوای ماوەیەک خۆشەویستەکەی دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کەسایەتی و شکۆی، بەڵام وەکو خۆی باسی دەکات، پەیوەندی بە ئاسایشەوە کردووە و بەبێ ئەوەی لەگەڵ کوڕەکە رووبەڕوو بکرێتەوە، کێشەکەی چارەسەر کراوە. 
 
ئەو خانمە نەوجەوانە رووداوەکە بەمشێوەیە بۆ رەنج سەنگاوی باسدەکات: "لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کوڕێکم ناسی و دوای ماوەیەک بووین بە هاوڕێ. دواتر داوای پەیوەندی خۆشەویستی لێکردم و پێی گوتم ژیانی هاوژینی لەگەڵ پێکبهێنم، پێمگوت باوکم بەشووم نادات چونکە منداڵم. دواتر بەوە رازی بووم پەیوەندیی خۆشەویستیمان هەبێت و دوای ئەوەی قوتابخانەم تەواوکرد هاوسەرگیریی بکەین."
 
دوای ماوەیەک لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکەیان، کوڕەکە داوای لێدەکردووە وێنەی بۆ بنێرم و ئەمیش وێنەی خۆی بۆ ناردووە، بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات؛ "دوای ماوەیەک هەڕەشەی لێکردم وێنەکانم بڵاو بکاتەوە و داوای دەکرد لەگەڵی بچمە دەرەوە و کاری نەشیاوی لەگەڵ بکەم."
 
ئەو کچە کە قوتابییە و هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە 17 ساڵان، دەڵێت؛ "من لە هەڕەشەکەی ترسام و گوتم لەگەڵت نایەم و دواتر بلۆکم کرد، بە ئەکاونتی ساختە ئەدی بۆ دەناردم و قسەی لەگەڵ دەکردمەوە، زۆر ترسابووم و کەس نەبوو پەنای بۆ ببەم، وانەکانم بۆ نەدەخوێنرا، دواتر هاوڕێکەی پەیوەندیی پێوەکردم و گوتی وێنەی تۆم لایە و دەبێ لەگەڵم بێیتە دەرەوە."
 
بە گوتەی ئەو نەوجەوانە؛ "تا دەهات هەڕەشەکانیان زیاتر دەبوو، دواتر ژمارەی ئاسایشم دەستکەوت و پەیوەندیم پێوەکردن. بارودۆخی خۆمم بۆ باسکردن، لە ئاسایش بەدواداچوونیان کرد و دەستگیرکران. لەو بارودۆخە ناخۆشە رزگارمبوو. ئێستا دەروونم زۆر ئاسوودەیە و وانەیەکی گەورەم لەو رووداوە وەرگرتووە." داوا لە هەموو ئەو کچانەش دەکات کە تووشی کێشەی لەم شێوە دەبن، "نەترسن و پەیوەندی بە ئاسایشەوە بکەن".
 
ژنێک کە خاوەنی هاوژین و منداڵە و بەهۆی تاوانی ئەلیکترۆنییەوە لە زیندانە، باسی چیرۆکی دەستگیرکردنەکەی بۆ رەنج کرد و گوتی، حەوت ساڵ لەمەوبەر سناپێکی بە ژمارە مۆبایلێک کردووەتەوە و دواتر سیمکارتەکەی فرۆشتووە، هاوڕێیەکی نزیکی هاوسەرەکەی سیمکارتەکە دەستدەخاتەوە و لە رێگەیەوە سناپە کۆنەکە کارا دەکاتەوە.
 
وەکو ئەو ژنە باسی دەکات، لەنێو سناپەکەدا ڤیدیۆیەکی هەیە کە لەگەڵ کوڕێکە کە ئەوکات پەیوەندییان هەبووە و ئێستا هەم خۆی و هەم کوڕەکە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام برادەری هاوژینەکەی پەیوەندیی بە کوڕەکەوە دەکات و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە دەکات و لە بەرامبەردا داوای پارەی لێدەکات.
 
بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەم ژنە، ئەو پیاوەی سناپەکەی لەلابووە داوای 12 هەزار دۆلاری لە کوڕەکە کردووە و بەو ژنەشی گوتووە لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو پارەیە لە خۆشەویستە کۆنەکەی، سناپەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە و ئەگەر ئەوە نەکات "پەیوەندی بە ئاسایشەوە دەکات."
 
ئەو ژنە دەڵێت؛ "لەبەر کەسێتیی خۆم و بۆ پاراستنی ژیانم چووم پارەکە وەربگرم و لەگەڵ وەرگرتنی پارەکە ئاسایش هەڵیانکوتایە سەرمان و دەستگیرکرام."
 
 
نابێ خەڵک "کوێرانە متمانە بە تەکنەلۆژیا بکەن"
 
د. ئیبراهیم حەمەڕەش، پڕۆفیسۆر لە زانكۆی سەڵاحەدین پێیوایە؛ "خەڵک متمانەیەکی زۆر کوێرانەیان بە تەکنەلۆژیا هەیە، لەکاتێکدا سەرۆکی وڵاتان بۆ کۆبوونەوەیەکی چەند خولەکی رێیەکی دوور دەبڕن بۆ ئەوەی رووبەڕوو لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ بکەن، ئەوە دەبێ تێمان بگەیێنێت کە تەکنەلۆژیا ئەوە نییە کە هەموو متمانەیەکی پێبکەیت".
 
د. ئیبراهیم حەمەڕەش دەڵێت، سەلامەتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەندە لاوازە، ئەگەر یەکێک شارەزایی لە هاککردن هەبێت، دەتوانێت بچێتە نێو داتاکانی فەیسبووکەوە و ئەو چاتانەی خەڵک بەیەکەوە دەیکەن، بیانبینێت، تەنانەت ئەگەر ئەکاونتەکەشت بسڕییەوە هێشتا چارەسەر نییە بۆ ئەوەی دەستیان بە زانیارییەکان رانەگات.
 
ئەو پرۆفیسۆرەی بواری ئایتی، پێی باشە گەنجان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنە بۆ یەکدی نەنێرن، لەبەرئەوەی "هەر وێنەیەکت خستە ناو سۆشیال میدیاوە، بۆ چەند شوێنی دیکە دەڕوات و دەست پێڕاگەیشتنی ئەستەم نییە و تەنانەت مۆبایل و کۆمپیوتەریش ئەگەر کارت پێیان نەما، دەبێ نەیانفرۆشی و لەناویان ببەیت".
 
 
کۆمەڵگەی کوردی "قوربانی ئەو کەشە گشتییەیە لە دنیادا بڵاوبووەتەوە"
 
د. رێبوار سیوەیلی، نووسەر‌ و مامۆستای زانكۆ پێیوایە ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیایان هێناوەتە کوردستان، لەگەڵ ئەوە وشیارییان لەبارەی چۆنێتی بەکارهێنانیدا لەگەڵی نەهێناوە و کۆمەڵگەی کوردیش بە قوربانی ئەو کەشە ناودەبات کە لە دنیادا بڵاوبووەتەوە.
 
د. رێبوار سیوەیلی دەڵێت: "ئەو کۆمپانیایانەی لە سەرەتاوە ئامێرەکانیان دەهێنا کوردستان، لەگەڵ ئامێرەکان دانایی بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرەکانیان نەبردە نێو کۆمەڵگە و سیستمی پەروەردەمانەوە، بۆیە پێشبینیکراو بوو کە ئامێرەکان لای ئێمە دەبن بە هۆکار بۆ تاوان".
 
وەکو ئەو نووسەرە ئاماژەی پێدەدات، "کۆمەڵگەی کوردی قوربانیی ئەو کەشە گشتییەیە کە لە دنیادا بڵاوبووەتەوە، دنیای سەرمایەداری لەگەڵ خۆی کولتوورێکی نمایشی بەرفراوانی هێناوەتە ئاراوە، واتا ئەوەندەی مرۆڤ چالاکییەکانی نمایش دەکەن، ئەوەندەش لە ناخی خۆی دوور دەکەوێتەوە".
 
د. رێبوار سیوەیلی گوتی؛ "مرۆڤدۆستی، ئەڤین و هەموو ئەو جوانییانە لە سۆزدارییەوە سەرچاوە دەگرن و مرۆڤ بەرەو داهاتوو، خۆشویستنی ژیان و خۆ ئامادەکردن بۆ ئامانجەکانی سەر رێگەیان هاندەدات، بەڵام کاتێک کەشێک دێتە پێشەوە و هەموو شتێک دەبێت بە نمایش، بایی ئەوەی تۆ نمایش دەکەی، بایی ئەوەندەش لە ناخی خۆت دوور دەکەوییەوە".
 
رێبوار سیوەیلی ئەو لادانەی بەهۆی تەکنەلۆژیاوە لە کۆمەڵگەی ئێمە دروستبووە، بەتەنیا نابەستێتەوە بە هەرێمی کوردستانەوە و دەڵێت؛ "زۆربەی هەرە زۆری ئەو شوێنانەی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری بەڕێوەیاندەبات تووشی ئەم دۆخە بوون".
 
لەبارەی هەڵکشانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانیشەوە د. رێبوار سیوەیلی گوتی؛ "ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا روودەدات پەیوەندی بەو بەریەککەوتنەوە هەیە لەگەڵ دنیای تەکلنەلۆژیا و نەبوونی داناییەک کە شێوازی دروستی بەکارهێنانیمان پێشان بدات".