زیادکردنی 100 هەزار دینار بۆ مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە مانگى تشرینى دووەمى داهاتووەوە، بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن بۆ زیادکردنى 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانەى مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نییە، ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "بڕیارەکە خانەنشینانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە."
 
بەگوێرەى نووسراوێکى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە ناوەڕۆکى بڕیارى زیادکردنى ئەو 100 هەزارەى تێدایە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو بڕیارە لە 1ـی تشرینى دووەمى 2023، جێبەجێ دەکرێت.
 
24ـى تشرینى یەکەمى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا 100 هەزار دینار بۆ مووچەى ئەو خانەنشنیانە زیاد بکرێت کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بڕیارى زیادکردنى 100 هەزار دینارە، خانەنشینانى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا ئەو خانەنشینانەى هەرێمى کردستان دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەسەر بەغدایە."
 
ژمارەی فەرمانبەرانى عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە بەگوێرەی خشتەکە، چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە، ئەوە جگە لە زیاتر لەسێ ملیۆن و 600 هەزار خانەنشین.