کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر: هاوسۆزییەکەی نێچیرڤان بارزانی رەنگدانەوەی دۆستایەتیی قووڵی نێوانمانە

29-10-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات لە بەرامبەر ئەو هاوسۆزییەی دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی ئەم ساڵی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ خەڵکی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و حکومەتی تورکیا دەریبڕی. 
 
محەممەد مەولوود یاقوت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رۆژی 29-10-2023 لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر کە بە بۆنەی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە رێکخرابوو قسەی کرد و بەشێکی قسەکانی تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە. 
 
ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمی رۆژی نیشتمانیی توركیادا كرد كه‌ له‌لایه‌ن كۆنسوڵخانه‌ی گشتیی توركیاوه‌ له‌ هه‌ولێر رێكخرا بوو.
 
له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا سیداد بارزانی، نوێنه‌ری سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان و میوانان و دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بوون.
 

محەممەد مەولوود یاقووت لە بەشێکی گوتەکەیدا باسی لە کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ئەم ساڵی باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی، "دەرفەتە بۆ ئەوەی لە دڵەوە سوپاسی خۆمان دەربڕین بۆ هاوسۆزی قووڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی شوباتی ئەم ساڵی تورکیا. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ هاوکاری پێشکێش کرد و تیمی فریاگوزاری و هاوکاری ناردە ناوچە زیانلێکەوتووەکان." 
 
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو سەرکردانە بوو کە سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرد و هاوسۆزی لەگەڵ قوربانییەکان دەربڕی. ئەو هاوسۆزییە رەنگدانەوەی دۆستایەتیی راستگۆیانە و قووڵی نێوانمانە. هەربۆیە پێزانینمان هەیە بۆی و هەمیشەش لەیادمان دەمێنێتەوە."  
 
رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان هەژاند کە کاریگەری لەسەر 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا هەبوو. رۆژی 14-2-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەشێک لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی لە باکووری کوردستان کرد و لە گوتەیەکدا لە پارێزگای دیلۆک گوتی، "بەهۆی ئەم موسیبەتەوە لە هەموو ماڵەکانی کوردستانی عێراق پرسەیە. لە زۆر شوێن ئاهەنگ نەکراوە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ئەوان و گەلی تورکیا."
 
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی، "بەگوێرەی ئیمکانیاتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لە تواناماندا بێت، دەیکەین. بەو ئیمکانە کەمەی کە هەمانە دەمانەوێت وەفاداریی خۆمان بۆ میللەتی تورکیا دووپات بکەینەوە." 
 
هەر ئەو کات سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە میدیای تورکیادا دەنگی دایەوە. 
 
کۆنسوڵی تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا و هەولێر و گوتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتییان هەیە. سەردانی مانگی ئابی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەمان بۆ بەغدا و هەولێر جەخت لە پابەندبوونی ئێمە بۆ سەقامگیریی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە؛ هەروەها جەختی لە گرنگی رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکان کردەوە."
 
محەممەد یاقووت رایگەیاند، لەم بۆنەیەدا پابەندبوونی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ پەرەدان بە هاوئاهەنگییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەردوولا "سنوور، مێژوویەکی دوورودرێژ و پەیوەندییەکی قووڵی کولتووری" لەنێوانیاندا هەیە و گوتی، "پەیوەندییەکانمان لە بوارە جیاوازەکانەوە لە گەشەکردندان، لەوانەش بازرگانی، وەبەرهێنان، خوێندن، تەندروستی و گەشتوگوزار." 
 
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەولێری بە پێویست زانی و گوتی، "چارەنووس پێکەوە گرێمان دەدات. لە رێگەی تێگەیشتنی هاوبەش و هاریکاریشەوە دەتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموولایەک بخوڵقێنین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە