هەپەگە ناسنامهی سێ گەریلا کە لە باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە ئاشكرا دهكات
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامهی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئاشكرا دهكات كه لە شهڕ و پێكدادان لهگەڵ سوپای تورکیا له باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامەی ئەو سێ گەریلایانەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە ئامەدی باکووری کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی هێزەکانی جەندرمە، گیانیان لەدەست دابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەن؛ نازم حیکمەت ئولگەن ناسراو بە بەدران مەردان لەدایکبووی ئامەد. ئۆنور کامیلئۆغڵو، ناسراو بە جوان ئامەد، لەدایکبووی ئامەد و محەممەد گۆنیەلی، ناسراو بە سەید برووسک، لە دایکبووی ئێلیە.
گەریلاکان لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانیان لە دژی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئابڵووقە گیانیان لەدەست داوە، کە لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 140 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 626 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانە گیراوە. لە بەرامبەردا 29 سەرباز کوژراون. هەپەگەش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 41 سەرباز و گیانلەدەستدانی 44 گەریلای راگەیاندووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ساڵانە "ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دادەڕێژێت و بە ئۆپەراسیۆنە وەرزییەکان ناوی دەبات.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015ـدا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان روویدا و تاوەکو نیسانی 2016ـی خایاند. لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدەن.