فەهمی بورهان: ناکۆکیی لایەنەکان رێگری لە چارەسەرکردنی کێشەی مادەی 140 ناکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەستبەکاربوونی محەممەد شیاع سوودانی بە دروستبوونی ئاسۆیەکی روون وەسف دەکات بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 و لەبارەی کاریگەریی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ناکۆکییە ناوخۆییەکان هیچ رێگرییەک بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانییەکان دروست ناکات".
 
رۆژی شەممە 29-10-2022 فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئاسۆی گفتوگۆیەکی باشتر دروست دەکات و ئەوەش پێماندەڵێت کە دەکرێ دەست بە گفتوگۆیەکی جیدیتر بکەین بۆ ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکی کوردستان دراون".
 
فەهمی بورهان گوتی: "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە ستراتیژیی ئێمە. ئاسۆیەکی روون هەیە کە دەکرێ رووبەری ئەو ئاسۆیە فراوانتر بکەین، ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەی محەممەد شیاع سوودانیدا هەن، هەوڵ و کۆششی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە و با وەک پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەوڵی چارەسەرکردن و جێبەجێکردنیان بدەین".
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێیوایە: "ئەو بەڵێنانەی لەناو کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق هەن، ناکرێ بڵێین هەموو ئاوات و ئامانجی ئێمەیە، بەڵام لەچاو کابینەکانی پێشتر ئاسۆی روونتر لەم کابینەیەدا بەدیدەکرێت، کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدایە و بە گوتاری سیاسی چارەسەر ناکرێت و دەبێ بە گفتوگۆی هێمنانە هەوڵی چارەسەریان بدەین".
 
بە گوتەی فەهمی بورهان: "ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم حکومەتی سوودانیدا هەیە و ئێمە دەبێت لە هەرێمی کوردستان هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنانەی داویەتی جێبەجێ بکرێن، ئەوەش وادەکات ئەو بارگرژییەی لە ماوەکانی پێشووتردا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبوون، بەرەو رەوینەوە بڕوات".
 
لەبارەی نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتنەی لە کارنامەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقدا بۆ ناوچە کوردستانییەکان کراوە، فەهمی بورهان ئاماژەی بەوە دا: "ئەو ماوە زەمەنییەی لەناو رێککەوتنەکەدا دیاریکراوە بۆ زیندووکردنەوەی مادەی 140ە، بڕیارە لیژنەی مادەی 140 چالاک بکرێتەوە و کۆمەڵێک کەسایەتی بچنە ناو لیژنەکە و بەپێی دەستوور یاساکە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو پرسەش د. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بەڵێنی داوە هەموو هاوکارییەکی یاساییمان بکات".
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان: "چارەسەری کێشەکانی نێوانمان دوولایەنەیە، هەم ئێمە دەبێ بەرنامەی خۆمان هەبێت و دنیابینیمان روونبێت بۆ چارەسەر و هەم حکومەتی عێراقیش پابەندی ئەو بەڵێنانەبێت کە لە کارنامەکەیدا پێشکەشی کردووە". 
 
فەهمی بورهان پێیوایە: "رێککەوتنەکە جۆرێک لە هیوای لای ئێمە دروستکردووە کە پێموایە دەکرێ بیکەین بە سەرەتایەک، بەڵام یەکسان نییە بەوەی پێمانوابێت کۆی داواکارییە دەستوورییەکانمان لەماوەی شەو و رۆژێکدا چارەسەردەبێت".
 
پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان و لە بەغداش ناکۆکییان لەسەر کۆمەڵێک پرس هەیە و فەهمی بورهان پێیوایە، جێبەجێکردنی مادەی 140 نابەستنەوە بە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دەڵێت: "پرسی ناوچە کوردستانییەکان لە سەرووی هەموو گرفت و کێشەکانەوەن و لە سەرەتاشەوە باسمان کردووە کە نابێ ئەو پرسانە بەشێک بن لە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و بەبەردەوامی دەبێ کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەین".
 
فەهمی بورهان دووپاتیدەکاتەوە: "هەر نیەتێک بۆ چارەسەری ئەو پرسە هەبێت، هیچ گرفتێکی لە هەرێمی کوردستانەوە ناخرێتە بەردەم و هەموو هەوڵمان ئەوەبووە هەموومان کۆدەنگبین لەسەر پرسی سنووری مادەی 140 و ئەو کارنامەیەی لە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەیە، کارنامەی هاوبەشی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانە".