مستەفا چاوڕەش: رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی پزیشکەکانی ئاکام عومەر بڕیاری ناردنی بۆ دەرەوە بدەن


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان ئاکام عومەر، بەرپرسی هێزی کۆماندۆ رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی بڕیاری پزیشکەکانی دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 29-10-2022 مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی تەندروستیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستانەوە رایگەیاند، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان ئاکام عومەر رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی بڕیاری پزیشکەکانی دەکەن کە رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی بڕیاری لەبارەوە بدەن.
 
رۆژی 19-10-2022 هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر بۆ ئۆپەراسیۆنێک چوونە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام "تۆڕێکی مین" بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە. بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار دەبن.
 
ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆ بەسەختی برینداربوو و تائێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
 
مستەفا چاوڕەش گوتی: رێکارەکانی ناردنی ئاکام بۆ دەرەوە تەواوبوون و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی، پزیشکەکانی بڕیار بدەن، چونکە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە لە گەشتە ئاسمانییەکەدا بۆ هەناسەدان و تەندروستی بە گشتی چی دەکرێت.