سەربازانی سوپای تورکیا لە چەند گوندێکی سنووری پارێزگای دهۆک دەبینرێن

29-10-2022
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
گوندی تروانش لە سنووری ئامێدی
گوندی تروانش لە سنووری ئامێدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵكی گوندی تڕوانش لە سنووری ئامێدی دەڵێت، بەشی زۆری ئاژەڵەکانی هەرزانفرۆش کردووە و لە کۆی 500 سەر ئاژەڵ، تەنیا 200 ئاژەڵی ماوەتەوە و بەنیازە ئەوانیش بفرۆشێت. هاونیشتمانییەکی دیکەیش دەڵێت، سەربازانی تورکیا سنووری چەند گوندێکیان بڕیوە و سڵاویان لە خەڵکیش کردووە.
 
تەیب ساڵح، ئاژەڵدارە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیانی زۆرمان بەرکەوتووە. جارێ ئێمە ئارام نین لەم دەڤەرە، بۆیە هەموو ئاژەڵەکانم بە زیان فرۆشتەوە، چونکە ناتوانین بچینە چیا و ئاژەڵەکانمان ببەینە ئەوێ، بۆیە ناچارین بزنەکانیش بە زیان بفرۆشین."
 
مانگێکە سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک دەستی بە ئۆپەراسیۆنی "پەژای" کردووە. بەشێک لە هاونیشتمانییانی دانیشتووی گوندە سنوورییەکان دەڵێن، بەردەوام سەربازانی تورکیا لە نزیک گوندەکانیان دەبینن.
 
ساڵح محەممەد، دانیشتووی گوندێکی سنووری ئامێدییە و یەکێکە لەو کەسانەی کە سەربازانی سوپای تورکیای لە نزیک گوندەکەیان بینیوە کە سڵاویشیان لێ کردووە، دەڵێت، "نزیکەی 50-60 سەرباز دەبوون، بە جلی سەربازییەوە هاتن و بە عەرەبی سڵاویان لێکردین، چەند کورد و تورکێکیش لەنێویاندا هەبوون."
 
گوندی تروانش لە 250 ماڵ پێکدێت، بەڵام تەنیا 15 خێزان لە گوندەکەدا ماونەتەوە و ئەوانیش تەنیا بۆ چەند رۆژێک دەچنەوە گوندەکە و دواتر دەگەڕێنەوە دهۆک. وەک خۆیان دەڵێن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
 
شەش مانگە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنوک - قوفڵی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە کە بە قووڵایی 15 کیلۆمەتر و پانیی 25 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە