رێباز حەملان بۆ رووداو: لە سەرەتای مانگی 11 دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بەهیچ شێوەیەک مووچە دواناکەوێت" و ئەو دەنگۆیانە راست نین کە باس لە دواکەوتنی مووچە دەکەن. دەشڵێت، لە سەرەتای مانگی 11 دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە و وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی ئامادەکردنی لیست و کۆکردنەوەی داهاتن.
رۆژی شەممە 29-10-2022، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لەبەرئەوەی یەکێتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە و گلەییەکانی خۆیان گەیاندووەتە ئەوان، پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەڕێگەی تیمی وەزاری سەردانی لایەنەکان بکات بۆ ئەوەی بۆیان روونبکاتەوە کێشەکان بە چ شێوەیەکن، ئەگەر لایەنێک ئەویتر تۆمەتبار بکات، پێویستە لایەنەکەی دیکەش روونکردنەوە بدات."
رێباز حەملان گوتی: "یەکێتی دەتوانێ لەڕێی تیمی وەزاری خۆیەوە هەموو ئەو نیگەرانییانەی هەیانە بیگەیەننە ئەنجوومەنی وەزیران و لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسی بکەن، پێویستی بەو هەڵمەتە میدیاییە نییە کە ئێستا دەستیانپێکردووە، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو هەموو کێشەیە ناگرێت و لەبەردەم ئاڵنگاری گەورەدایە."
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیدەکاتەوە: "خەڵک چاوی لەوەیە پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییەکانی بۆ جێبەجێبکرێت و چاوەڕێی ئەوە نییە سەیری کێشەکانی ئێمە بکات. کێشەکانی ئێمە پێویست ناکات بخرێتە بەردەم میدیاکان و پێویستە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران یەکلابکرێتەوە."
بە گوتەی رێباز حەملان: "دەڵێن لە سلێمانی داهات کەمی کردووە، پارتی لە هەموو دەڤەرەکەیان بەڕێوەبەر و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیەکی نییە؛ پارێزگاری سلێمانی گۆڕانە و بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان یەکێتین و پارێزگاری هەڵەبجەش یەکێتییە، من لەوە تێناگەم ئەوان گلەیی لە کێ دەکەن، دەبێ گلەییەکە لەخۆیان و شێوازی کۆکردنەوەی داهاتیان بکەن."
لەبارەی چارەسەری کێشەی کەمی داهات لە سلێمانیش، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران دەڵێ: "چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و تکا کراوە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ هێزێکی هاوبەشیان هەبێت لە خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەوەی رێگە لە قاچاخچێتی بگرن و داهاتی هەرێمی کوردستان هەمووی وەکو یەک کۆبکەینەوە، داوای ئەوە کراوە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەسەڵاتی بەسەر هەموو رسوومات و داهاتەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، ئەوان بۆ لەوێ رەخنەکانیان ناگرن و نیگەرانییان دەرنەبڕیوە و بڵێن ئێمە بەوە رازی نابین."
رێباز حەملان دووپاتیدەکاتەوە: "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو هەر پرۆژەیاسا و بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرابێت، بە کۆی دەنگ کراوە و تا ئێستا ناڕەزایەتییەک نەبووە لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەی بۆچی ئێستا نیگەرانییەکانیان دەگەیێننە حیزبێکی دیکە، ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیران رێگەیان لێ گیراوە ئەوە مافی خۆیانە."
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ وانییە یەکێتی بە فەرمی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبێت و دەشڵێت: "ئەگەر بایکۆتیان کردبا هەموو تیمە وەزارییەکەی یەکێتی بەشدارییان لە کۆبوونەوەی چوارشەمممەی رابردوو نەدەکرد، بەڵام لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری پلاندانان و وەزیری رۆشنبیری و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەشداربوون."
بە گوتەی رێباز حەملان: "وەزیری کشتوکاڵ لە دەرەوەی وڵاتە و ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکردووە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری خوێندنی باڵا بوون، خالید شوانی، وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری عێراقیش لە بەغدا بوو و پێموایە دەستلەکارکێشانەوەشی پێشکێش کردووە، لەبەرئەوەی بووەتە وەزیری دادی عێراق."
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "تا ئێستا بە فەرمی یەکێتی راینەگەیاندووە کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات و کێشەکانیش بەو شێوەیە نین کە خەڵکەکەمانی پێ بخەینە دۆخێکی ناخۆشەوە و هیوادارین بە لەیەکتێگەیشتن و گفتوگۆ بگەینە چارەسەری هەموو کێشەکان، ئەوەش کە لەسەر داهاتی سلێمانی باسدەکرێت، ئێمە ئامادەین لەجیاتی یەک کۆبوونەوە 100 کۆبوونەوەش بکەین و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکان و هەموو ستافی یەکێتی کۆببینەوە."
لەبارەی چوونی داهاتی سلێمانی بۆ هەولێر، رێباز حەملان ئاماژەیدا: "هیچ داهاتێک لە سلێمانییەوە نەهاتووەتە هەولێر و شارەکانی دیکە، تەنیا لە بودجەی سیادی کە بەپێی یاسا و دەستوورە، بەشێک لە داهاتی دهۆک و سلێمانی دێتە هەولێر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەکان و دیوانی وەزارەتەکان، جگە لەمە یەک دینار لە هیچ شارێکی دیکەوە نایەتە هەولێر."
رێباز حەملا پێیوایە: "خەڵکی کوردستان لە دوو ئیدارەیی و ململانێکان بێزار بوون و حکومەتێکیان دەوێ خزمەتی بکات و کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی تا ئێستا حکومەتی هەموو خەڵکی کوردستان بووە و ناوچەگەرێتی و حیزبایەتی نەکردووە."
لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی راژە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستیش، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەندامە لەو ئەنجوومەنە رایگەیاند: "پێشتر لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتبوو بۆ ئەوەی گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی و ئەو کەسانەش کە خاوەن بڕوانامەی بەرزن و بۆ جومگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستن، دابمەزرێن. دواتر کە ئەنجوومەنی راژە دامەزرا، سەرۆکوەزیران پێی باشبوو ئەو بابەتەش بگەڕێتەوە ناو ئەنجوومەنی راژە و بە نزیکترین کات دەرئەنجامەکانی بڵاودەکرێتەوە و ئەو بڕیارانەی دەدرێن، لە بەرژەوەندی هەموو مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان دەبێت."