شاندی پارتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، سبەی شاندی پارتی سەردانیان دەکات بۆ ئەوەی لەبارەی نیگەرانییەکانی یەکێتی روونکردنەوەیان پێبدەن. لەبارەی گلەییەکانی یەکێتیش دەڵێت: "هەردوولا لە هەموو روویەکەوە گلەییان لە یەکدی هەیە، پێشتر بابەتی ئەمنی باس نەدەکرا، ئێستا گلەییان لە بابەتی ئەمنیش هەیە."
رۆژی شەممە 29-10-2022، سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارە سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی شاندی پارتی سەردانی یەکگرتوو بکەن، دەیانەوێت روونکردنەوە لەبارەی گلەییەکانی یەکێتی بدەن."
لەبارەی گلەییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەلاحەدین بابەکر گوتی: "یەکێتی و پارتی گلەیی چییان لەیەکتر نییە؟ هەردوولا گلەییان لە هەموو شتێک هەیە، لە بواری بەڕێوەبردن، ئیداری، بودجە، پارە بەشکردن و دابەشکردنی پۆستەکانیش لە بەغدا گلەییان لە یەکدی هەیە، پەیوەندییان پەیوەندییەکی سارد و سڕە؛ شیعەکان و سوننەکان لەبارەی پۆستەکانی بەغدا ناکۆکیی تووندیان هەبوو، بەڵام دواجار یەکلایانکردەوە، بەڵام کورد نەیتوانی، ئەوە خراپبوو بۆ کورد."
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی: "پێشتر پارتی و یەکێتی، گلەییان لە بابەتی ئەمنی نەبوو، بەڵام ئێستا لەو رووەشەوە گلەییان هەیە."
لەبارەی پێشنیازەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ یەکێتی، سەلاحەدین بابەکر گوتی:" پێمان گوتن بۆ خۆتان بە گفتوگۆ لە نێوان خۆتان چارەسەری بکەن، چونکە ئێوەن کە 30 ساڵە دەسەڵات بەڕێوەدەبەن، ئەگەر ئێوە پەیوەندیتان خراپبێت کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆی پڕۆسەی ژیان لە هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەر نێوانتان باش بێت هەموو شتێک بە گشتیی باش دەبێت."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە هەر سبەی کاژێر 12:00 شاندی پارتی لە هەولێر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆببنەوە و لەبارەی دۆسیەی سیاسی، ئەمنی و ئیداری روونکردنەوەی تەواویان پێبدەن و بەگوێرەی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەشێکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان "پارتی بەپێویستی دەزانێت لەوبارەوە روونکردنەوەیان پێبدەن."
ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق لە شاری هەولێر لەگەڵ حیزبی شیوعی کوردستان و زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووەوە.
شاندی وەزاریی پارتی لەکاتێکدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات کە چوارشەممەی رابردوو 26-10-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی دیکەی یەکێتی، جگە لە دوو وەزیر، بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان نەکرد.
هەمان رۆژ، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێکھاتبوون لە ئاسۆ مامەند، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، شاڵاو کۆسرەت رەسوول و میران محەممەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، سەردانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکرد.